له‌ كه‌مپێكی سوریا هه‌ڵاتون
ژن و منداڵانی داعش هه‌وڵده‌ده‌ن بچنه‌ شنگال

نه‌ینه‌وا، ئازاری 2019، سوپای عیراق رێگریی ده‌كات له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی رزگاربوانی ئێزیدی له‌سوریاوه‌ بۆ شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

ژماره‌یه‌ك له‌ ژن و منداڵانی چه‌كداره‌كانی رێكخراوی داعش، روبه‌ڕوی ده‌ستڕێژی گولـله‌ و ده‌ستگیركردن ده‌بنه‌وه‌ له‌ سنوری نێوان عیراق و سوریا، ئه‌وه‌ش دوای هه‌ڵاتن له‌ كه‌مپ و له‌ كاتی هه‌وڵی دزه‌كردنه‌ نێو قه‌زای شنگال.

به‌پێی دوو سه‌رچاوه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو)، 15 ژن و منداڵی چه‌كدارانی داعش، دوای هه‌ڵاتن له‌ كه‌مپی هۆلی كوردستانی سوریا، كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو ویستویانه‌ بچنه‌ قه‌زای شنگال له‌ خۆرئاوای نه‌ینه‌وا، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزێكی چه‌كدارییه‌وه‌ رێگرییان لێكراوه‌.

خاڵ عەلی، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە سنوری شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌فته‌ی رابردوو ژماره‌یه‌ك لە ژن و منداڵانی داعش، بە رێگای قاچاغ بەرەو سنونێ و شنگال بەرێکەوتبوون، به‌ڵام ته‌قه‌یان لێكرا، به‌هۆیه‌وه‌ کوژرا و بریندار لەنێوانیاندا هەیە، به‌شێكشیان ده‌ستگیركراون".

ده‌روازه‌ی سنوری نێوان شنگال و سوریا، له‌ کانونی یه‌که‌می 2018ه‌و به‌ بڕیاری حکومه‌تی عیراق و له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ داخرا به‌هۆی نافه‌رمی بونی‌، پێشتر و‌ زیاتر له‌ چوار ساڵی رابردوو به‌کراوه‌یی هێڵدرابۆوه‌ و خه‌ڵک هاتوچۆی پێدا ده‌کرد.

به‌ ئامانجی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێزیدییه‌ رزگاربوه‌كان و له‌ژێر فشاری خه‌ڵكی شنگال چه‌ند جارێك ده‌روازه‌یه‌ك به‌ كاتی كراوه‌ته‌وه‌ و دواتر داخراوه‌.

"له‌ هه‌ر 500 مه‌ترێكی ئه‌و سنوره‌دا، خاڵێكی سه‌ربازی سوپای عیراقی و هێزی سوریا هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا خه‌ڵك به‌ قاچاخ تێده‌په‌ڕن و ناتوانرێت به‌ ته‌واوی كۆنتڕۆڵبكرێت" به‌وته‌ی خاڵ عه‌لی.

فه‌رمانده‌كه‌ی حه‌شد ده‌ڵێت روداوی هاوشێوه‌ پێشتریش زیاد له‌ جارێك دوباره‌ بۆته‌وه‌.

holcamp
سوریا/ كەمپی هۆل لە خۆرهەڵاتی شاری حەسەكە بە بەرزی پێنج هەزار مەتر لە ئاسمانەوە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

كەمپی هۆل، یەكێكە لە گەورەترین كەمپەكانی سوریا لە خۆرهەڵاتی شاری حەسەكە، 72 هەزار كەس لێی نیشتەجێیە و لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆجێی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە، دانیشتوانەكەی تێكەڵەیەكن لە كەسوكاری داعش، بیانییەكان و ژنان و منداڵانی ئێزیدیی و ئەو ئاوارانەی لە دوامەنزڵگەی داعش لە باغۆز و لە ئازاری 2018دا ئاوارەبون.

خودێدا چوكی، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ له‌ شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و 15 ژن و منداڵه‌ی داعش له‌ كه‌مپی هۆله‌وه‌ به‌ره‌و سنور به‌ڕێكه‌وتبون، به‌ نیازبون به‌ قاچاخ دزه‌بكه‌نه‌ نێو شنگال و له‌وێه‌وه‌، په‌یوه‌ندی به‌ كه‌سوكاریانه‌وه‌ بكه‌ن، به‌ڵام له‌سه‌ر سنور، ته‌قه‌یان لێكراوه‌ و له‌ ئه‌نجامدا، ژنێك كوژراوه‌ و دوانی تر برینداربون".

12 كه‌سی تر له‌و گروپه‌، له‌ نێویاندا ژن و منداڵ، له‌لایه‌ن سوپای عیراقییه‌وه‌ ده‌ستگیركراون و راده‌ستی پۆلیسی سنونێ كراون، بۆ لێكۆڵینه‌وه‌.

"هێشتا نازانین له‌سه‌ر سنور كام هێز ته‌قه‌ی له‌وان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و ژن و منداڵانه‌، دوای ده‌رچون له‌ كه‌مپی هۆل و له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كاندا، چه‌ند رۆژێكیش له‌ناو خانوویه‌كی ته‌واونه‌كراودا ماونه‌ته‌وه‌" به‌وته‌ی خودێدا.

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ داوای رێگاچاره‌ ده‌كات، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنوری سوریا و شنگال، چونكه‌ ئه‌و ده‌ڵێت چه‌ند جارێك هه‌وڵی دزه‌كردنه‌ نێو قه‌زاكه‌ هه‌بووه‌ و ئه‌وه‌ش مه‌ترسی له‌سه‌ر خه‌ڵكی سنوره‌كه‌ دروستده‌كه‌ن.

خودێدا چوكی وتی "ئه‌مه‌ پرسێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌، ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستێكی باڵادا بیر له‌چاره‌سه‌ر بكرێته‌وه‌، ناكرێت رێگه‌بدرێت به‌ دزه‌پێكردنی كه‌سوكاری داعش بۆ شنگال".

قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ، زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ئێزیدیین؛ له‌كاتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ناوچه‌كه‌دا له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌ ئابی 2014دا روبه‌روی كۆمه‌ڵكوژی بونه‌وه،‌ شه‌ش هه‌زار و 417 كه‌سیان رفێنران، كه‌ هێشتا چاره‌نوسی نزیكه‌ی سێ هه‌زار ژن و منداڵ و پیاو نادیاره‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT