درەنگانێكی شەوی رابردوو، ژمارەیەك چەكدار كە پۆلیس بە داعش ناویان دەبات، هەڵدەكوتنە سەر ماڵێك لە گوندی رەفیعەی ناحیەی رەشاد و كوڕێكی ماڵەكە كە خێزانداریشە بە بەرچاوی دایك و كەسوكارییانەوە بە گولـلە دەكوژن.
عەقید معەمەر عوبەیدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی رەشاد بە (کەرکوک ناو)ی وت كە روداوەكە دوای كاتژمێر 12ەو نیوی شەو بووە، "چەكدارانی داعش بەبیانوی پێنەدانی زەكات، هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵەكە و نزیكەی 50 مەتر كوڕێكی ماڵەكەیان لەگەڵ خۆیان بردووە و دواتر لەپێش چاوی دایك و كەسوكاری بە گولـلە كوشتویانە".
بەپێی وتەی پۆلیس، كە زانیارییەكانیان لەدایكی ئەو گەنجە وەرگرتووە، "چەكدارەكان دەموچاو پێچراو و بەپیادە چوبونە ناو گوندەكەوە و دوای كوشتنی ئەو گەنجە، بۆ ماوەیەكی كەم لەوێ ماونەتەوە و نەیانهێشتووە كەسوكاری تەرمەكە هەڵبگرنەوە، تا دواتر بەرەو دەرەوەی گوندەكە رۆیشتون".
چەكدارەكان دەموچاو پێچراو و بەپیادە چوبونە ناو گوندەكەوە
گەنجە كوژراوەكە، ناوی رەشید تەها عەوادە و بە باوکی هارون ناسراوە، کرێکاریی و جوتیاری كردووە بۆ بژێوی خێزانەكەی. ئێوارانیش لەگەڵ هاوڕێیەکانی یاری تۆپی پێیان کردووە لە نزیک گوندەکە.
دۆخی ئەمنی ناحیەی رەشاد، سەر بە قەزای حەویجە لە باشوری رۆژئاوای كەركوك، لە دوای نەمانی چەكدارانی داعشیشیەوە ئارام نییە و ناوبەناو روداوی هاوشێوە و پەلاماردانی هێزە ئەمنییەكان تیایدا رودەدات.
عەقید معەمەر عوبەیدی، وتی "ئەمن و ئاسایشی ناحییەکە لەسەدا ٨۰ بۆ ۹۰ باشە، بەڵام هەندێکجار روداوی لەمشێوەیە روودەدات، ئەوەش بەهۆی ئەوەیە ناحیەی رەشاد ناوچەیەکی کراوە و فراوانە و هاوسنورە لەگەڵ دۆڵی زغەیتون کە قامیشەڵانێکی سەختە".
هەندێکجار روداوی لەمشێوەیە روودەدات، ئەوەش بەهۆی ئەوەیە ناحیەی رەشاد ناوچەیەکی کراوە و فراوانە
هێزە عیراقییەكان لە ئۆپەراسیۆنەكانی رابردودا، چەندین مۆڵگە و حەشارگەی داعشیان لەو ناوچەیە خاپور كردووە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق، لە كۆتایی 2017ەوە كۆتایهێنانی داعشی لە عیراق راگەیاند، بەڵام ناوبەناو هێرشی هاوشێوە و گەورەتر دەكرێتە سەر مەدەنیی و هێزە ئەمنییەكان.بەتایبەت لە ناوچەكانی جێناكۆك لە عیراق.