فراكسیۆنە توركمانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، دڵخۆشن بەوەی دوو بۆنەیان بە فەرمی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دیاریكراوە. رۆژی دەرچونی یەكەم رۆژنامەی توركمان و كردنەوەی یەكەم قوتابخانەیان بە زمانی دایك.
بەفەرمی ناساندنی ئەو دوو بۆنەیە، لە هەفتەكانی رابردودا، وایكردووە توركمانەكان داوا بكەن لە پەرلەمانی عیراقیش هەنگاوی هاوشێوە بنرێت و لە كەركوكیش هەنگاوەكانی پێكەوەژیان پەرەپێبدەن.
محەمەد سەعدەدین ئەنوەر ئیلخانى، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى گەشەپێدانى تورکمانى لە پەرلەمانى کوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەگوێرەى یاساى پاراستنى مافى پێکهاتەکان لە پەرلەمانى کوردستان، هەر نەتەوەیەک و پێکهاتەیەک مافى خۆیانە رۆژى تایبەت بەبۆنەکانى خۆیان هەبێت، هەر بۆیە لە پەرلەمانی كوردستانیش دوو بۆنەی توركمانی بە فەرمی ناسێنران".
رۆژی 17ی تشرینی دووەم وەك رۆژی كلتور و زمانی توركمان دیاریكرا، بەو پێیەی لەو رۆژەداو لەساڵی 1993 یەكەم قوتابخانە كە خوێندن تیایدا بەزمانی توركمانی بێت لەیەككاتدا لە هەولێر و كفری كراونەتەوە.
هەروەها پەرلەمانی كوردستان رۆژی 25ی شوباتی، وەكو رۆژی رۆژنامەگەریی توركمانی دیاریكردووە، بەو پێیەی لەم رۆژەدا و لە ساڵی 1911 یەكەم رۆژنامە بە زمانی توركمانی دەركراوە.
محەمەد سەعدەدین ئەنوەر ئیلخانى، وتی "دیاریكردنی ئەو دوو بۆنەیە بۆ ئێمە زۆر گرنگ، بۆ نمونە دوای 100 ساڵ و لە ساڵی 1993 توانیمان بە زمانی دایك بخوێنین".
زیاتر وتی "پێکهاتەکان لەهەرێمى کوردستان مافەکانیان پارێزراوە، بۆنەکانیان لەپەرلەمان دیاریکراوە، گرنگە حکومەتى عیراقیش کە ئەزمونى لە هەرێم زیاترە و بانگەشەى دیموکراتى دەکات لەپەرلەمانەوە یاساى تایبەت بە پێکهاتەکان دەربکات و مافەکانیان بۆ دیاریبکات، چونکە تائێستا لەپەرلەمانى عێراق بڕیارێکى لەو شێوەیە نییە".
خاوەنی پێنج كورسین
توركمان لە پەرلەمانی كوردستان خاوەنی پێنج كورسی پەرلەمانین، لەكۆی 11 كورسی پێكهاتەكان. ئەوەش بەپێی سیستمی كۆتا.
ئەو پێنج كورسییە بەسەر چوار فراكسیۆندا دابەشبون و بەرەی توركمانی خاوەنی دوو كورسییە.
توركمان وەزارەتێكیان پێدراوە بۆ كاروباری پێكهاتەكان و سكرتێری پەرلەمانی كوردستانیش بۆ یەكەمجار درا بەو پێكهاتەیە.
ئایدن مەعروف، وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان – لە پشكی بەرەی توركمانی-، بە (كەركوك ناو)ی وت "کارێکى گرنگ و دڵخۆشکەر بوو بۆ تورکمانەکان کە رۆژى تایبەت بە کەلتور و زمانى خۆمانمان هەبێت، ئێمە لە هەرێمی كوردستان بەئازادى دەژین و هیچ کێشەیەکى نەتەوایەتیشمان نییە".
"من لەناو ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم، نوێنەرایەتى هەموو پێکهاتەکان دەکەم، نەك تەنیا نوێنەرى یەک نەتەوە، بەلای منەوە گرنگە هەموو پێكهاتەكان رۆژی کەلتوریی و نەتەوایەتى خۆیان هەبێت"، ئایدن مەعروف وایوت.
دیاریكردنی ئەو دوو بۆنەیە وایكردووە، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى گەشەپێدانى تورکمانى، بڵێت "پێویستە لە عیراق و لە كەركوكیش پەرە بە پێكەوەژیان بدرێت و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان بتوانن پێكەوە بژین".