نه‌ ته‌رمی هه‌یه‌ نه‌ گۆڕ
چیرۆكی ئه‌و گه‌نجه‌ كه‌ركوكییه‌ی نەگەیشتە ئیتاڵیا و له‌ ده‌ریادا ون بوو

ئاسۆ عه‌لی كاكل، 25 ساڵ، دوای شه‌ش رۆژ له‌ خنكانی پرسه‌ی بۆ دانرا به‌بێ دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

دایكێكی تا بڵێی په‌رێشانه‌، به‌ كوڵ ده‌گری بۆ كوڕه‌ بچوكه‌كه‌ی، كه‌ هه‌رچی هه‌وڵیدا سه‌فه‌ری ئه‌وروپای له‌ بیر بباته‌وه و نه‌یتوانی په‌شیمانی بكاته‌وه‌، تا رۆیشت و به‌ده‌م شه‌پۆله‌كانی ده‌ریا‌وه‌ به‌ یه‌كجاری ون بوو.

هه‌فته‌یه‌ك دوای روداوه‌كه‌یه‌، هێشتا ته‌رمی كوڕه‌ بچوكه‌كه‌ی نه‌جیبه‌ محه‌مه‌د نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پرسه‌ی بۆ دانراوه‌ و جمه‌ی دێت له‌ خه‌ڵك.

"یاخوا هیچ كه‌سێك وه‌ك ئێمه‌ی به‌سه‌ر نه‌یات" نه‌جیبه محه‌مه‌د وای وت، كاتێك له‌ دووه‌م رۆژی پرسه‌ی كوڕه‌كه‌یدا قسه‌ی بۆ (كه‌ركوك ناو) كرد.

ماڵی نه‌جیبه‌ ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕه‌كی كوردستان-فه‌یله‌ق له‌ شاری كه‌ركوك، هه‌ر له‌ نزیكی خۆیان، 17ی كانونی دوه‌م پرسه‌یان دانا، به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانییه‌كه‌یان ده‌ستبكه‌وێته‌ و به‌خاكی بسپێرن.

ئاسۆ عه‌لی كاكل (25 ساڵ)، كوڕی ئه‌و خێزانه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌یان هاوڵاتی تردا، به‌هۆی نقومبونی یه‌خته‌كه‌یانه‌وه‌ له‌ ده‌ریای ئایۆن له‌ نزیك دورگه‌ی پاكسوس-ی وڵاتی یۆنان خنكان، كاتێك ده‌یانویست به‌ قاچاخ بگه‌نه‌ ئیتاڵیا.

asowdaiky
ئاسۆ له‌گه‌ڵ دایكی (نه‌جیبه‌ محه‌مه‌د) فۆتۆ: له‌لایه‌ن كه‌سوكاری ئاسۆوه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو) دراوه‌

روداوه‌كه‌ 11ی كانونی دوه‌می 2020 بوو، به‌پێی ئاماره‌كانی ده‌زگای لوتكه‌ بۆ كاروباری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران زیاتر له‌ 50 كه‌س له‌ یه‌خته‌كه‌دا بون، زیاتر له‌ 30 كه‌س خنكان، كه‌ 23 كوردی عیراقی تێدابووه‌، له‌ نێویاندا كەركوكییەك.

له‌ نێو كورده‌كاندا، ته‌نیا سێ كه‌س رزگاریان بووە له‌ روداوه‌كه‌دا، پێنج ته‌رمیش دۆزراونە‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی ده‌ریاوانی یۆنان‌، به‌ڵام ئه‌وانیتر به‌ ئاسۆ كاكل-یشه‌وه‌ له‌ ده‌ریادا به‌ نادیاری مانه‌وه‌.

دایكی ئاسۆ ده‌ڵێت كوڕه‌كه‌ی له‌ هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ حه‌زی به‌ ئه‌وروپا بووه‌، به‌ڵام ئه‌وكات خوێندنه‌كه‌ی رێگر بووه‌ و كاتێكیش كۆلێژی ته‌واو كردووه‌، جارێكیتر ویستویه‌تی به‌ قاچاخ بڕوات.

ده‌یوت با بە باشی فێری مه‌له‌ ببم هه‌ر رۆژێك بە كەڵكم دێت

"هه‌فته‌ی چه‌ندجارێك له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانی ده‌چوو بۆ مه‌له‌كردن، ده‌یوت با بە باشی فێربم رۆژێك بە كەڵكم دێت"، نه‌جیبه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شتی ئه‌وروپای له‌ بیر بباته‌وه‌، داوای له‌ ئاسۆ كردووه‌ هاوسه‌رگیری بكات.

"به‌ڵام رازی نه‌بوو، وتی؛ من رۆژانه‌ی كاركردنم ته‌نیا 10 هه‌زار دیناره‌، ئاخر به‌و پاره‌یه‌ ماڵ به‌ڕێوه‌ده‌برێ؟، با كه‌سی تریش به‌ خۆمه‌وه‌ تووشم نه‌كه‌م" نه‌جیبه‌ محه‌مه‌د وای وت.

ئەو هاوڵاتییانەی كۆچ دەكەن، لەهەرێمی كوردستانەوە بە ڤیزەی توركیا دەچنە ئەو وڵاتە‌ و لەوێش، قاچاخچییەكان بە رێگای جیاوازی یەخت یان تاكسی‌ و بارهەڵگر دەیان پەڕێننەوە وڵاتانی ئەوروپا، به‌ تایبه‌ت یۆنان.

سه‌ختترین رێگه‌ی قاچاخ؛ تێپه‌ڕینه‌ به‌ دەریادا، كه‌ زۆرترین قوربانی لێدەكەوێتەوە‌ و گەشتیاران لەوپەڕی زەحمەتیدا دەبن.

kashti
یۆنان، كانونی دوه‌می 2020، تیمه‌كانی ده‌ریاوانی له‌ هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانیانی یه‌خته نقومبووه‌كه‌ بۆ كه‌ناراوه‌كانی یۆنان فۆتۆ: AP

ئه‌و یه‌خته‌ی ئاسۆ و 52 هاوڵاتی تری تێدا بووه‌، درێژییه‌كه‌ی ته‌نیا حه‌وت مه‌تر بووه‌ له‌گه‌ڵ هه‌بونی كابینه‌یه‌ك له‌ نێو یه‌خته‌كه‌دا.

یه‌خته‌كه‌ كاتژمێر 2ی به‌ره‌به‌یان، له‌ یۆنانه‌وه‌ به‌ره‌و ئیتاڵیا ده‌رچووه‌، دوای پێنج كاتژمێر ئاو چۆته‌ ناوه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ماتۆڕی سه‌ره‌كی سوتاوه‌، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی كۆسره‌ت جه‌لال، یه‌كێك له‌ رزگاربوانی ئه‌و روداوه‌كه‌ كه‌ بۆ سایتی (پشتی نیوز) ورده‌كارییه‌كه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و گه‌نجه‌ ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ سوتانی ماتۆڕی یه‌خته‌كه‌دا، ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی هه‌ڵكردووه‌ و په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ پۆلیسی ده‌ریاوانییه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی دوری شوێنه‌كه‌وه‌ دره‌نگ گه‌یشتون و له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ نیو كاتژمێردا، به‌ ته‌واوی یه‌خته‌كه‌ نقوم بووه‌.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ، له‌گه‌ڵ باسی هاوار و ناڵه‌ی خه‌ڵكدا له‌ سه‌روبه‌ندی نقومبونی یه‌خته‌كه‌دا، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ ئه‌و و ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی، به‌هۆی مه‌له‌ و مانه‌وه‌ له‌ ئاوه‌كه‌دا بۆ دوو كاتژمێر، توانیویانه‌ له‌رێی هاوكاری پۆلیس و تیمی فریاگوزارییه‌وه‌ رزگاریان بێت.

ئاسۆ له‌ دوكانی خوارده‌مه‌نی كاری ده‌كرد له‌ كه‌ركوك به‌ رۆژانه‌ی 10 هه‌زار دینار

كاتی روداوه‌كه‌، كه‌شێكی سارد هه‌بووه‌ و ئه‌وانه‌یشی مه‌له‌وانییان زانیووه‌، وه‌ك ئاسۆ عه‌لی كاكل، گومانده‌كرێت به‌شێكیان به‌هۆی ساردی ئاوه‌كه‌وه‌ نه‌ماونه‌ته‌وه‌ و خنكاون.

ئاسۆ دوای ته‌واوكردنی به‌شی جوگرافیای كۆلێژی په‌روه‌رده‌، هه‌وڵیداوه‌ بۆ دامه‌زراندن و هیچی ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ باوك و سێ برای دیكه‌یدا، له‌ دوكانی خوارده‌مه‌نی كاریكردووه‌ له‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازی كه‌ركوك.

"ئاسۆ له‌ دوكانه‌كه‌دا زه‌ڵاته‌ی دروستكرد، رۆژانه‌ی 10 هه‌زار دینار بوو" به‌ختیار عه‌لی كاكل، برای ئاسۆ بۆ (كه‌ركوك ناو) ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی وت و به‌هۆی گریانه‌وه‌ نه‌یتوانی هه‌موو قسه‌كانی ته‌واو بكات.

asowhawrekani (2)
هةولێر، 2019، به‌ڕێكردنی ئاسۆ بۆ توركیا له‌لایه‌ن هاوڕێیه‌كانیه‌وه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر فۆتۆ: هاوڕێیه‌كانی ئاسۆ به‌ (كه‌ركوك ناو)یان داوه‌

له‌ ئابی 2019دا، ئاسۆ گه‌شتی كردووه‌ بۆ توركیا، له‌وێوه‌ به‌ به‌له‌م و له‌ به‌رانبه‌ر سێ هه‌زار و 500 دۆلار، به‌رێگه‌ی قاچاخ و له‌ ده‌ریاوه‌ گه‌یشتۆته‌ یۆنان، دوای 45 رۆژ له‌ زیندانی، خراوه‌ته‌ كه‌مپی په‌نابه‌رانه‌وه‌.

دوابه‌دوای چه‌ند مانگێك، ئاسۆ چه‌ندجارێك و به‌ رێگه‌ی جیاواز نیازی هه‌بووه‌ هه‌وڵی چونه‌ ئیتاڵیا بدات، تا كۆتا چانس.

"كاتژمێر 11:7 خوله‌كی هه‌ینی 10ی كانونی دوه‌م بوو، نامه‌یه‌كی نارد و نوسیبوی ده‌چێته‌ یه‌خته‌وه‌ به‌ره‌و ئیتاڵیا، وه‌ڵامی نامه‌كه‌م دایه‌وه‌، به‌ڵام خه‌تی نه‌ما و نامه‌كه‌ی پێنه‌گه‌یشت" ئاراس عه‌لی كاكل واده‌ڵێت.

رۆژێك دوای روداوه‌كه‌وه‌، 12ی كانونی دووه‌م، هاوڕێیه‌كی ئاسۆ په‌یوه‌ندی به‌ ئاراس-ی برایه‌وه‌ ده‌كات و پێیده‌ڵێت؛ یه‌خته‌كه‌ نقوم بووه‌.

"له‌گه‌ڵ قاچاخچییه‌كه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ی پاره‌مان لای خه‌واندبوو قسه‌مان كرد، وتی راسته‌ یه‌ختێكم نقوم بووه‌، به‌ڵام نازانین ئاسۆی تێدایه‌ یان نا، تا دواتر پرسیارمان كرد و ده‌ركه‌وت ئاسۆش له‌و یه‌خته‌دا بووه‌".

له‌ نێو قوربانیانی ئه‌و روداوه‌دا، ته‌رمی پێنج كورد دۆزراونە‌ته‌وه‌ و ده‌زگای لوتكه‌ بۆ كاروباری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، هه‌وڵده‌دات بیانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان.

ته‌نیا له‌ ساڵی رابردودا، 57 هاوڵاتی عیراقی له‌ رێگه‌ی قاچاخ و له‌ ده‌ریادا خنكاون

ئاری جەلال، لێپرسراوی ده‌زگای لوتكه‌ -رێكخراوێكی ناحكومی مرۆییە- به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی لای ئێمه‌یه‌ ئاسۆ عەلی كاكل، یەكێكە لەو كەسانەی تائێستا وه‌ك بێسەروشوێن له‌ روداوی نقومبونی یه‌خته‌كه‌دا تۆماركراوه‌".

له‌ نێو یه‌خته‌كه‌دا، 23 كورد هه‌بووه‌ و ته‌نیا سێ كه‌س رزگاریان بووه‌، ئه‌وانیتر خنكاون و پێنج ته‌رمیش دۆزراوه‌ته‌وه‌، "به‌هاوكاری لاهور شێخ جه‌نگی، ئه‌ندامی سه‌ركرایه‌تی گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ته‌رمه‌كان ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بن له‌ گه‌ڕان به‌ دوای بێسه‌روشوێنه‌كاندا".

ته‌نیا له‌ ساڵی رابردودا، زیاتر له‌ 53 هه‌زار هاوڵاتی به‌ره‌و ئه‌وروپا رۆیشتون و هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا، 57 هاوڵاتی عیراقی له‌ رێگه‌ی قاچاخ و له‌ ده‌ریادا خنكاون، كه‌ ته‌رمی 47 كه‌سیان دۆزراوه‌ته‌وه‌.

ئاسۆ عه‌لی كاكل و ده‌یان گه‌نجی تر، نه‌ك له‌و رێگه‌یه‌دا به‌ خه‌ونی گه‌یشتنه‌ ئه‌وروپا نه‌گه‌یشتن، به‌ڵكو خێزانه‌كانیشیان نه‌یتوانی ته‌رمه‌كانیان ببیننه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی زیاتر دایكی ئاسۆی په‌رێشان كردووه‌، كوڕه‌كه‌ی نه‌ ته‌رمی هه‌یه‌ نه‌ گۆڕ؛ نه‌جیبه‌ محه‌مه‌د له‌ پرسه‌كه‌دا ده‌یوت "داییم چاوم له‌ ده‌رگایه‌ و هه‌رواش ده‌مێنمه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌واڵی خنكانه‌كه‌ی راست نه‌بێت و رۆژێك ئاسۆ بگه‌ڕێته‌وه‌".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT