نه‌ ته‌رم دياره‌ نه‌ گۆڕ
چیرۆكی ئه‌و گه‌نجه‌ كه‌ركوكییه‌ی نەگەیشتە ئیتاڵیا و له‌ ده‌ریادا ونبوو

ئاسۆ عه‌لی كاكل، 25 ساڵ، دوای شه‌ش رۆژ له‌ خنكانی پرسه‌ی بۆ دانرا به‌بێ دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

دایكێكی تا بڵێی په‌رێشانه‌، به‌ كوڵ ده‌گری بۆ كوڕه‌ بچوكه‌كه‌ی، هه‌رچی هه‌وڵیدا سه‌فه‌ری ئه‌وروپای له‌ بیر بباته‌وه، تا رۆیشت و به‌ده‌م شه‌پۆله‌كانی ده‌ریا‌وه‌ به‌ یه‌كجاری ونبوو.

هه‌فته‌یه‌ك دوای روداوه‌كه‌یه‌، هێشتا ته‌رمی كوڕه‌ بچوكه‌كه‌ی نه‌جیبه‌ محه‌مه‌د نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پرسه‌ی بۆ دانراوه‌ و جمه‌ی دێت له‌ خه‌ڵك.

"یاخوا هیچ كه‌سێك وه‌ك ئێمه‌ی به‌سه‌ر نه‌یه‌ت" نه‌جیبه محه‌مه‌د وای وت، كاتێك له‌ دووه‌م رۆژی پرسه‌ی كوڕه‌كه‌یدا قسه‌ی بۆ (كه‌ركوك ناو) ده‌كرد.

ماڵی نه‌جیبه‌ ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕه‌كی كوردستان-فه‌یله‌ق له‌ كه‌ركوك، نزیكی خۆیان، 17ی كانونی دوه‌م پرسه‌یان دانا، بێئه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانییه‌كه‌یان ده‌ستبكه‌وێته‌وه‌ و به‌خاكی بسپێرن.

ئاسۆ عه‌لی كاكل (25 ساڵ)، كوڕی ئه‌و خێزانه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ ده‌یان كه‌سی تردا، به‌هۆی نقومبونی یه‌خته‌كه‌یانه‌وه‌ له‌ ده‌ریای ئایۆن له‌ نزیك دورگه‌ی پاكسوس-ی یۆنان خنكان، كاتێك ده‌یانویست به‌ قاچاخ بگه‌نه‌ ئیتاڵیا.

asowdaiky
ئاسۆ له‌گه‌ڵ دایكی (نه‌جیبه‌ محه‌مه‌د) فۆتۆ: له‌لایه‌ن كه‌سوكاری ئاسۆوه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو) دراوه‌

روداوه‌كه‌ 11ی كانونی دوه‌می 2020 بوو، به‌پێی ئاماره‌كانی ده‌زگای لوتكه‌ بۆ كاروباری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران زیاتر له‌ 50 كه‌س له‌ یه‌خته‌كه‌دا بون، زیاتر له‌ 30 كه‌س خنكان، كه‌ 23 كوردی عیراقی تێدابووه‌، له‌ نێویاندا كەركوكییەك.

له‌ نێو كورده‌كاندا، ته‌نیا سێ كه‌س له‌ روداوه‌كه‌دا رزگاریان بووە، پێنج ته‌رمیش له‌لایه‌ن پۆلیسی ده‌ریاوانی یۆنان‌ دۆزراونە‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانیتر به‌ ئاسۆ كاكل-یشه‌وه‌ له‌ ده‌ریادا سه‌رنگوم بوون.

دایكی ئاسۆ ده‌ڵێت كوڕه‌كه‌ی له‌ هه‌رزه‌كارییه‌وه‌ حه‌زی له‌ ئه‌وروپا بووه‌، به‌ڵام ئه‌وكات خوێندنه‌كه‌ی رێگر بووه‌ و كاتێكیش كۆلێژی ته‌واوكردووه‌، جارێكیتر ویستویه‌تی به‌ قاچاخ بڕوات.

ده‌یوت با بە باشی فێری مه‌له‌ ببم، هه‌ر رۆژێك بە كەڵكم دێت

"هه‌فته‌ی چه‌ندجارێك له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانی ده‌چوو بۆ مه‌له‌كردن، ده‌یوت با بە باشی فێربم نه‌ك رۆژێك بە كەڵكم بێت"، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شتی ئه‌وروپای له‌بیر بباته‌وه‌ نه‌جیبه‌ داوای له‌ ئاسۆ كردووه‌ هاوسه‌رگیری بكات.

"به‌ڵام قایلنه‌بوو، وتی؛ رۆژانه‌ی كاركردنم ته‌نیا 10 هه‌زار دیناره‌، ئاخر به‌و پاره‌یه‌ ماڵ به‌ڕێوه‌ده‌برێ؟، با خه‌ڵكی تریش به‌ خۆمه‌وه‌ تووشم نه‌كه‌م" نه‌جیبه‌ محه‌مه‌د وای وت.

ئەو هاوڵاتییانەی لە هەرێمی كوردستانەوە كۆچ دەكەن، بە ڤیزە ده‌چنه‌ توركیاوه‌ و لەوێشه‌وه‌ قاچاخچییەكان بە رێگای جیاوازی وه‌ك یەخت، تاكسی‌ یان بارهەڵگر دەیانپەڕێننەوە بۆ ئەوروپا، به‌ تایبه‌ت یۆنان.

سه‌ختترین رێگه‌ی قاچاخ؛ تێپه‌ڕینه‌ به‌ دەریادا، كه‌ زۆرترین قوربانی لێدەكەوێتەوە‌ و گەشتیاران روبه‌ڕوی ئەوپەڕی زەحمەتی ده‌بنه‌وه‌.

kashti
یۆنان، كانونی دوه‌می 2020، تیمه‌كانی ده‌ریاوانی له‌ هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی قوربانیانی یه‌خته نقومبووه‌كه‌ بۆ كه‌ناراوه‌كانی یۆنان فۆتۆ: AP

ئه‌و یه‌خته‌ی ئاسۆ و 52 هاوڵاتی تری تێدا بووه‌؛ درێژییه‌كه‌ی ته‌نیا حه‌وت مه‌تر و له‌ به‌شی ژێره‌وه‌یدا كابینه‌ك هه‌بووه‌.

یه‌خته‌كه‌ كاتژمێر 2ی به‌ره‌به‌یان، له‌ یۆنانه‌وه‌ به‌ره‌و ئیتاڵیا ده‌رچووه‌، دوای پێنج كاتژمێر ئاو چۆته‌ ناوه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ماتۆڕی سه‌ره‌كی سوتاوه‌، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی كۆسره‌ت جه‌لال، یه‌كێك له‌ رزگاربوانی ئه‌و روداوه‌كه‌ كه‌ بۆ سایتی (پشتی-نیوز) ورده‌كارییه‌كه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و گه‌نجه‌ ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ سوتانی ماتۆڕی یه‌خته‌كه‌دا، ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی هه‌ڵكردووه‌ و په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ پۆلیسی ده‌ریاوانییه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی دوری شوێنه‌كه‌وه‌ دره‌نگ گه‌یشتون و له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ نیو كاتژمێردا، به‌ ته‌واوی یه‌خته‌كه‌ نقوم بووه‌.

كۆسره‌ت جه‌لال، له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی هاوار و ناڵه‌ی خه‌ڵكدا له‌ سه‌روبه‌ندی نقومبونی یه‌خته‌كه‌دا، باسی له‌وه‌شكرد كه‌ خۆی و ژماره‌یه‌ك كه‌سی تر به‌هۆی مه‌له‌كردن و مانه‌وه‌ له‌ ئاوه‌كه‌دا بۆ دوو كاتژمێر، توانیویانه‌ له‌رێی هاوكاری پۆلیس و تیمی فریاگوزارییه‌وه‌ رزگاریان بێت.

ئاسۆ له‌ دوكانی خوارده‌مه‌نی كاری ده‌كرد له‌ كه‌ركوك به‌ رۆژانه‌ی 10 هه‌زار دینار

كاتی روداوه‌كه‌ زۆر سارد بووه‌، ئه‌وانه‌یشی مه‌له‌یان زانیووه‌، وه‌ك ئاسۆ عه‌لی كاكل، گومانده‌كرێت به‌شێكیان به‌هۆی سه‌رماوه‌ نه‌یانتوانیووه‌ به‌رگه‌ بگرن و خنكاون.

ئاسۆ دوای ته‌واوكردنی به‌شی جوگرافیای كۆلێژی په‌روه‌رده‌، هه‌وڵیداوه‌ دابمه‌زرێت و هیچی بۆ نه‌كراوه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ باوك و سێ برای دیكه‌یدا له‌ دوكانێكی خوارده‌مه‌نی له‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازی كه‌ركوك كاریكردووه‌.

"ئاسۆ له‌ دوكانه‌كه‌دا زه‌ڵاته‌ی دروستكرد، رۆژانه‌كه‌ی 10 هه‌زار دینار بوو" به‌ختیار عه‌لی كاكل، برای ئاسۆ بۆ (كه‌ركوك ناو) ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی وت و به‌هۆی گریانه‌وه‌ نه‌یتوانی هه‌موو قسه‌كانی ته‌واو بكات.

asowhawrekani (2)
هةولێر، 2019، به‌ڕێكردنی ئاسۆ بۆ توركیا له‌لایه‌ن هاوڕێیه‌كانیه‌وه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر فۆتۆ: هاوڕێیه‌كانی ئاسۆ به‌ (كه‌ركوك ناو)یان داوه‌

له‌ ئابی 2019دا، ئاسۆ گه‌شتی كردووه‌ بۆ توركیا، له‌وێوه‌ به‌ به‌له‌م و له‌ به‌رانبه‌ر سێ هه‌زار و 500 دۆلاردا، به‌رێگه‌ی قاچاخ و له‌ ده‌ریاوه‌ گه‌یشتۆته‌ یۆنان، دوای 45 رۆژ له‌ زیندانیكردن، خراوه‌ته‌ كه‌مپی په‌نابه‌رانه‌وه‌.

دوای چه‌ند مانگێك، ئاسۆ چه‌ندجارێك و به‌ رێگه‌ی جیاواز هه‌وڵیداوه‌ بگاته‌ ئیتاڵیا، به‌ڵام هه‌مووی بێهوده‌ بوو.

"كاتژمێر 11:7 خوله‌كی هه‌ینی 10ی كانونی دوه‌م بوو، نامه‌یه‌كی نارد و نوسیبوی ده‌چێته‌ یه‌خته‌وه‌ به‌ره‌و ئیتاڵیا، وه‌ڵامی نامه‌كه‌م دایه‌وه‌، به‌ڵام خه‌تی نه‌ما و نامه‌كه‌ی پێنه‌گه‌یشت" ئاراس عه‌لی كاكل واده‌ڵێت.

رۆژێك دوای روداوه‌كه‌، 12ی كانونی دووه‌م، هاوڕێیه‌كی ئاسۆ په‌یوه‌ندی به‌ ئاراس-ی برایه‌وه‌ ده‌كات و پێیده‌ڵێت؛ یه‌خته‌كه‌ نقوم بووه‌.

"له‌گه‌ڵ قاچاخچییه‌كه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ی پاره‌مان لای خه‌واندبوو قسه‌مان كرد، وتی راسته‌ یه‌ختێك نقوم بووه‌، به‌ڵام نازانین ئاسۆی تێدایه‌ یان نا، تا دواتر پرسیارمان كرد و ده‌ركه‌وت ئاسۆش له‌و یه‌خته‌دا بووه‌".

له‌ نێو قوربانیانی ئه‌و روداوه‌دا، ته‌رمی پێنج كورد دۆزراونە‌ته‌وه‌ و ده‌زگای لوتكه‌ بۆ كاروباری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، هه‌وڵده‌دات بیانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان.

ته‌نیا له‌ ساڵی رابردودا، 57 هاوڵاتی عیراقی له‌ رێگه‌ی قاچاخ و له‌ ده‌ریادا خنكاون

ئاری جەلال، لێپرسراوی ده‌زگای لوتكه‌ -رێكخراوێكی ناحكومی مرۆییە- به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی لای ئێمه‌یه‌ ئاسۆ عەلی كاكل، یەكێكە لەو كەسانەی تائێستا وه‌ك بێسەروشوێن له‌ روداوی نقومبونی یه‌خته‌كه‌دا تۆماركراوه‌".

له‌ نێو یه‌خته‌كه‌دا، 23 كورد هه‌بووه‌ و ته‌نیا سێ كه‌س رزگاریان بووه‌، ئه‌وانیتر خنكاون و پێنج ته‌رمیش دۆزراونه‌ته‌وه‌، "به‌هاوكاری لاهور شێخ جه‌نگی، ئه‌ندامی سه‌ركرایه‌تی گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ته‌رمه‌كان ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌ گه‌ڕان به‌ دوای بێسه‌روشوێنه‌كاندا".

ته‌نیا له‌ ساڵی رابردودا، زیاتر له‌ 53 هه‌زار هاوڵاتی به‌ره‌و ئه‌وروپا رۆیشتون و هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا، 57 هاوڵاتی عیراقی له‌ رێگه‌ی قاچاخ و له‌ ده‌ریادا خنكاون، كه‌ ته‌رمی 47 كه‌سیان دۆزراوه‌ته‌وه‌.

ئاسۆ عه‌لی كاكل و ده‌یان گه‌نجی تر، نه‌ك له‌و رێگه‌یه‌دا به‌ خه‌ونی گه‌یشتنه‌ ئه‌وروپا نه‌گه‌یشتن، به‌ڵكو خێزانه‌كانیشیان نه‌یتوانی ته‌رمه‌كانیان ببیننه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی زیاتر دایكی ئاسۆی په‌رێشانكردووه‌، كوڕه‌كه‌ی نه‌ ته‌رمی دیاره‌ نه‌ گۆڕ؛ نه‌جیبه‌ محه‌مه‌د له‌ پرسه‌كه‌دا ده‌یوت "داییم چاوم له‌ ده‌رگایه‌ و هه‌رواش ده‌مێنمه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌واڵی خنكانه‌كه‌ی راست نه‌بێت و رۆژێك ئاسۆ بگه‌ڕێته‌وه‌".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT