گه‌وره‌ كۆمپانیایه‌كی نه‌وتی له‌ كه‌ركوك ده‌كشێته‌وه‌

كه‌ركوك، 2014، كۆمپانیای نه‌وتی باكور كه‌ سه‌رپه‌رشتی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات فۆتۆ: كاروان ساڵحی

سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك

كۆمپانیای بریتش پترۆڵیۆم BPى به‌ریتانی، كاره‌كانی له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك راگرت و بڕیاره‌ به‌ یه‌كجاری بكشێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی دوو سه‌رچاوه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو).

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 21ی كانونی دوه‌می 2020، كۆمپانیای BPى كاره‌كانی راگرتووه‌ به‌هۆی ناكۆكییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقی، له‌سه‌ر ئه‌و گرێبه‌سته‌ی چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر واژۆیان كردووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكور به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "تا دوێنێ كۆمپانیایه‌كه‌ كاریانده‌كرد و ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ كاره‌كانیان راگرت، به‌بێ رونكردنه‌وه‌ی هۆكاره‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌ گرێبه‌سته‌كه‌یانه‌وه‌".

به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، له‌ گرێبه‌ستی ئه‌و كۆمپانیایه‌دا له‌گه‌ڵ عیراق، بڕیاربووه‌ سه‌ره‌تا به‌ به‌های 100 ملیۆن دۆلار ئامێری نوێ بهێنێت و كاربكات بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بیره‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك، تا له‌ ساڵێكدا توانای به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بۆ دوو هێنده‌ به‌رزبكاته‌وه‌.

"تازه‌كردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ زیادكردنی توانای به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌، كه‌ ئه‌وكات بڕێك پاره‌ی له‌ نرخی نه‌وته‌كه‌ پێده‌درێت و ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌شی نه‌نا خه‌رجییه‌كانی بۆ ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌" سه‌رچاوه‌كه‌ی (كه‌ركوك ناو) وای وت.

كۆمپانیای BPی له‌ ساڵی 2013دا گرێبه‌ستی كاركردنی له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق واژۆ كرد.

BP
2017، لۆگۆی كۆمپانیای BPی به‌ریتانی له وێستگه‌یه‌كی سوته‌مه‌نی فۆتۆ: رۆیته‌رز

له‌ 2014دا و له‌ سه‌روبه‌ندی سه‌رهه‌ڵدانی داعش، ئه‌و كۆمپانیایه‌ له‌ كه‌ركوك كشایه‌وه‌ و له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، جارێكیتر گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی جه‌مبور و بای حه‌سه‌ن.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ر، كه‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و گاز بووه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی پارێزگای كه‌ركوك، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌مڕۆ ئه‌و كۆمپانیایه‌ له‌ كه‌ركوك كشاونه‌ته‌وه‌ و پێموایه‌ په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ داوایكردووه‌ كار له‌ هه‌موو بیره‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوكدا بكات، نه‌ك چه‌ند بیرێكی نه‌وت، به‌وپێه‌ی به‌ڵێنی پێدرابوو به‌ زیادكردنی توانای به‌رهه‌مهێنان گرێبه‌سته‌كه‌یشی نوێ بكرێته‌وه‌".

هه‌ر ئه‌مڕۆ ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، له‌ زاری سێ سه‌رچاوه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، كۆمپانیاكه‌ به‌هۆی رێكنه‌كه‌وتنی له‌سه‌ر پلانی په‌ره‌پێدانی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك كشاوه‌ته‌وه‌.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ له‌ سه‌ره‌تای 2018دا، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا واژۆكردنی یاداشتێكی راگه‌یاند لەگەڵ کۆمپانیاى BP، بە مەبەستى بەرزکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانی نەوتى کەرکوک.

له‌ ساڵی 2019یشدا، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق پلانێكی ئاشكراكرد تا به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاوی پارێزگای كه‌ركوك بۆ یه‌ك ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه‌ به‌رزبكاته‌وه‌.

به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌، له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵی رابردودا، له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ دوو ملیۆن و 827 هه‌زار و 50 به‌رمیل هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جه‌یهان كراوه‌ له‌ توركیا، كه‌ رۆژانه‌ ده‌كاته‌ 91 هه‌زار به‌رمیل.

له‌ ته‌مموزی 2017وه‌ تا مانگه‌كانی سه‌ره‌تای 2019، هه‌نارده‌ی نه‌وتی پێنج كێڵگه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كه‌ركوك راوستابوو، به‌هۆی ئاڵۆزییه‌كانی سنوره‌كه‌ و ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

لە سنوری پارێزگای كەركوك هەریەك لە كێڵگە نەوتیەكانی ئاڤانا ‌و بای حەسەن لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بوون و رۆژانه‌ 250 به‌رمیلی هه‌نارده‌ ده‌كرا، به‌ڵام له‌ ئێستادا لەگەڵ كیڵگە نەوتیەكانی قوبەی بابا ‌و جمبور ‌و خەبازە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عیراقیدان.

كەركوك ‌و ناوچەكانی تری جێناكۆك، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وه‌ و لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا بە ناوی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی، كەوتنە ژێر دەستی حكومەتی ناوەندی دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT