سه‌گی به‌ره‌ڵا؛ بۆته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ موسڵ

نه‌ینه‌وا، 2019، ژماره‌یه‌ك سه‌گی به‌ره‌ڵا له‌ به‌رده‌م كۆلێژی پزیشكی زانكۆ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

منداڵێكی ته‌مه‌ن پینج ساڵه‌، به‌ په‌له‌ ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ نه‌خۆشخانه‌ و ده‌خرێته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی سه‌گێك په‌لاماری ده‌دات.

"عولیای كچه‌م له‌گه‌ڵ براكه‌یدا، كه‌ سێ ساڵ له‌و گه‌وره‌تره‌ چوه‌ ده‌ره‌وه‌، ته‌نیا چه‌ند مه‌ترێك له‌ ماڵه‌وه‌ دوركه‌وته‌وه‌، تا له‌ بازاڕه‌كه‌ی نزیكمان شت بكڕێت، له‌وكاته‌دا گوێمان له‌ ده‌نگی قیژه‌ و هاواری بوو" ره‌حیم عه‌بدولقادر وای وت.

له‌گه‌ڵ هاواره‌كه‌دا، كوڕه‌كه‌ی ره‌حیم به‌ په‌له‌ خۆی به‌ ژوردا ده‌كات، "هه‌موو له‌شی ده‌له‌رزی كاتێك وتی خوشكه‌كه‌م سه‌گ خواردی".

ئه‌و روداوه‌ له‌مساڵدا بوو، له‌ گه‌ڕه‌كی نه‌سر له‌ باكوری شاری موسڵ.

ئه‌و روداوانه‌ رۆژانه‌ له‌ موسڵ دوباره‌ ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ له‌ شه‌قام و كۆڵانه‌كانی ئه‌و شاره‌دا، هه‌زاران سه‌گی به‌ره‌ڵا بونه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ ژیانی خه‌ڵك.

alsaeb-5
شوێنه‌واری په‌لاماردانی سه‌گ به‌ جه‌سته‌ی عولیای ته‌مه‌ن پێنج ساڵه‌وه‌

باوكی ئه‌و كچه‌ منداڵه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) باسی له‌وه‌كرد، به‌ بیستنی روداوه‌كه‌ له‌ كوڕه‌كه‌ی، هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ چونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌؛ "شه‌ش سه‌گی گه‌وره‌ له‌ كچه‌كه‌م ئاڵا بون، نه‌متوانی هیچ بكه‌م، چونكه‌ په‌لاماری ئێمه‌شیاندا".

له‌وكاته‌دا زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كۆڵانه‌كه‌ له‌ ماڵ ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ گۆچان و دار و به‌رد، سه‌گه‌كان له‌و كچه‌ دورده‌خه‌نه‌وه‌، كه‌ به‌شێكی زۆری جه‌سته‌ی برینداربوو، بۆیه‌ ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كرا و چاره‌سه‌ری وه‌رگرت.

له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، ژماره‌ی سه‌گی به‌ره‌ڵا له‌ زیادبوندایه‌ و گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ 16 هه‌زار سه‌گ، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماری سه‌رچاوه‌ ڤێته‌رنه‌رییه‌كان بۆ (كه‌ركوك ناو).

"له‌ناوبردنی سه‌گی به‌ره‌ڵا له‌ ده‌سه‌ڵاتی پۆلیس وكادیرانی ڤێته‌رنه‌ریدایه‌ نه‌ك ناوه‌ندی ته‌ندروستی" موهه‌نه‌د ساڵحی كیكی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ته‌ندروستی ناوچه‌ی سه‌دی موسڵ واده‌ڵێت، باسی له‌وه‌شكرد پێشتر به‌ رێگه‌ی ژه‌هراویكردن له‌ناوبراون به‌ڵام ئه‌و رێگه‌یه‌ سنورداركراوه‌، له‌ ترسی ژه‌هراویبونی ئاژه‌ڵانی تر.

له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، چه‌ندین ساڵه‌ هه‌ڵمه‌تی كۆكردنه‌وه‌ یان له‌ناوبردنی سه‌گی به‌ره‌ڵا نه‌بووه‌.

alsaeb-7
هاوڵاتییه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌ دوای ئه‌وه‌ی سه‌گ په‌لاماری داوه‌

"پیاوێكی ته‌مه‌ن 54 ساڵ له‌ گه‌ڕه‌كی شیفا له‌ به‌ری راستی موسڵ، له‌ كاتی ده‌رچونی له‌ ماڵ بۆ نوێژی به‌یانی، سه‌گی به‌ره‌ڵا په‌لاماریان داوه‌ و به‌هۆی برینه‌كانیه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا" عومه‌ر جابر، شایه‌تحاڵی ئه‌و روداوه‌بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ ده‌ڵێت سه‌گی به‌ره‌ڵا له‌ كۆڵانه‌كاندا تادێت زیاتر بڵاوده‌بێته‌وه‌، له‌ به‌یانیاندا و كاتێك شه‌ویش دێت، زۆر دڕ ده‌بن و په‌لاماری خه‌ڵك ده‌ده‌ن.

به‌پێی یاسای ته‌ندروستی ئاژه‌ڵی ساڵی 2013، پێویسته‌ له‌ هه‌ر پارێزگایه‌كی عیراق، لیژنه‌یه‌ك پێكده‌هێنرێت به‌ هاوكاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ له‌ناوبردنی سه‌گی به‌ره‌ڵا.

نه‌جم جبوری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا بڕیاریداوه‌ به‌ ته‌رخانكردنی بودجه‌یه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی له‌ناوبردنی سه‌گی به‌ره‌ڵا له‌ ژماره‌یه‌ك گه‌ڕه‌كی موسڵ، بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی "به‌ هه‌ماهه‌نگی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پلانێك دانراوه‌ بۆ كڕینی مادده‌ی ژه‌هراوی تا سه‌گی به‌ره‌ڵا له‌ هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌دا له‌ناوببرێن".

له‌ناوبردنی سه‌گی به‌ره‌ڵا، روبه‌ڕوی ره‌خنه‌ی توندی رێكخراوه‌كانی به‌رگری له‌ مافی ئاژه‌ڵان بۆته‌وه‌ و داوای رێكاری تر ده‌كه‌ن، له‌ نێویاندا كۆكردنه‌وه‌ی سه‌گ و ئاژه‌ڵی به‌ره‌ڵا له‌ شوێنێكی تایبه‌ت و دوور له‌ شوێنی نیشته‌جێبونی خه‌ڵك.

3-alklab-alsaeb
موسڵ، سه‌گی به‌ره‌ڵا له‌ نزیك شوێنی نیشته‌جێبونی خه‌ڵك فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عوده‌ی عه‌بادی، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ڤێته‌رنه‌ری له‌ نه‌ینه‌وا، ده‌ڵێت له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هه‌ڵمه‌تی له‌ناوبردنی سه‌گی به‌ره‌ڵا ده‌ستپێده‌كه‌ن، به‌ هه‌ماهه‌نگی پۆلیس و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی تر، تا چاره‌سه‌ری یه‌كجاری ئه‌و دیارده‌یه‌ بكرێت، به‌وته‌ی عه‌بادی بۆ (كه‌ركوك ناو).

شه‌ڕی داعش، له‌ موسڵ وێرانكاری دروستكرد و داروپه‌ردوی خانووه‌ روخاوه‌كان، هێشتا به‌شێكیان وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌ و بۆته‌ شوێنی كۆبونه‌وه‌ی ده‌یان سه‌گ.

"یه‌عقوب ئیبراهیم جبوری، منداڵێكی ته‌مه‌ن سێ ساڵ بوو، سه‌گی به‌ره‌ڵا له‌ گوندی ره‌شیدییه‌ په‌لاماری دا و دوای گه‌یاندنی به‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ستدا، چونكه‌ قه‌پی له‌ سه‌ری گرتبوو" زه‌ید عوبێدی، چالاكوانی مه‌ده‌نی ئه‌و روداوه‌ی بۆ (كه‌ركوك ناو) گێڕایه‌وه‌، كه‌ به‌وته‌ی ئه‌و چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر رویداوه‌.

ئه‌و چالاكوانه‌ ده‌ڵێت سه‌گی به‌ره‌ڵا له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كان، له‌ زانكۆ، په‌یمانگه‌، نزیكی نه‌خۆشخانه‌، مزگه‌وت، خوێندنگه‌ و شوێنه‌كانی كات به‌سه‌ربردنی خه‌ڵك بڵاون، داواشیكرد ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا، به‌ هه‌ر رێگه‌یه‌ك بووه‌ كۆتایی به‌و مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك بهێنێت.

كۆمەڵێك نەخۆشی هەن لەڕێی سەگەوە دەگوازرێنه‌وه‌ بۆ مرۆڤ، لە نێویاندا نەخۆشییه‌كانی تورەكەی ئاو و هاری سه‌گ، له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا كوشنده‌ن.

عه‌بدولعه‌زیز جبوری، مولازم له‌ پۆلیسی نه‌ینه‌وا، ره‌تیكرده‌وه‌ هیچ هه‌ڵمه‌تێك هه‌بێت بۆ له‌ناوبردنی سه‌گی به‌ره‌ڵا، بۆ (كه‌ركوك ناو) ئه‌وه‌شی وت؛ كه‌س نازانێت بۆچی چاره‌سه‌ری بڵاوبونه‌وه‌ی سه‌گی به‌ره‌ڵا ناكرێت، ته‌نیا ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ پێویسته‌ پۆلیس رابسپێرێت له‌ پێناو ئه‌و هه‌نگاوه‌دا، تا كۆتایی به‌و كێشه‌یه‌ بهێنن و خه‌ڵكیش له‌و مه‌ترسیه‌ رزگاری بێت.

67478502-464800420915972-3741753140085522432-n
هه‌ڵمه‌تێكی پێشتری له‌ناوبردنی سه‌گی به‌ره‌ڵا له‌ موسڵ
  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT