به‌ ده‌به‌ و جلیكانه‌ باراناو كۆده‌كه‌نه‌وه‌
ده‌یان خێزانی ئاواره‌ی چیای شنگال ئاویان پێناگات

نه‌ینه‌وا، 2020، شه‌پۆلی به‌فر و سه‌رما له‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی چیای شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

له‌ كه‌مپێكی چیای شنگال، ده‌یان خێزانی ئاواره‌ ئاوی خواردنه‌وه‌یان پێناگات، بۆیه‌ ناچارن به‌ ده‌به‌ و جلیكانه‌ ئاوی باران كۆبكه‌نه‌وه‌.

به‌شێك له‌ خێزانه‌كانی نیشته‌جێی كه‌مپی سه‌رده‌شت له‌ چیای شنگال، پێشتر به‌ تانكه‌ر ئاویان به‌سه‌ردا دابه‌شكرا، به‌ڵام نزیكه‌ی دوو مانگه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ راوه‌ستاوه.

"پێشتر چه‌ند لایه‌ن و رێكخراوێك به‌ تانكه‌ر ئاویان ده‌گه‌یانده‌ ئاواره‌كان، ئێستا ئه‌وه‌ش نه‌ماوه‌، هه‌ركاتێك باران ده‌بارێت به‌په‌له‌ ده‌به‌ و جلیكانه‌ داده‌نێین، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی كه‌مێك ئاوی خواردنه‌وه‌ كۆبكه‌ینه‌وه‌" خالد موراد وای وت.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ی كه‌مپی سه‌رده‌شت، زیاتر له‌ چوارساڵه‌ له‌ بارودۆخێكی ناهه‌مواردا ده‌ژی، وای لێهاتووه‌ ده‌ڵێت "پاره‌ و ئه‌رزاقمان ناوێت ته‌نیا ئاوی خواردنه‌وه‌مان بۆ دابینبكه‌ن".

camp.chyayshngal
نه‌ینه‌وا، هاوینی 2019، ئاواره‌كانی چیای شنگال له‌ هاوینیشدا به‌ ده‌به‌ و جلیكانه‌ ئاو ده‌كێشن فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

خالد به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ وتی "نه‌مانتوانیوه‌ ته‌نیا رۆژێك به‌ ئیسراحه‌ت و بێ كێشه بژین، هاوین و زستان كێشه‌ی كه‌مئاوییمان هه‌یه‌، ده‌یانجار هاوارمان كردووه‌ و كێشه‌یه‌ هه‌ر وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌".

زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئاواره‌ی ئێزیدی، له‌ سه‌روبه‌ندی هێرشه‌كانی داعش رویانكرده‌ چیای قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای نه‌ینه‌وا) و هێشتا سه‌دان خێزان له‌ دوو كه‌مپی ئه‌و سنوره‌دا ماون؛ كه‌مپی چیای شنگال زیاتر له‌ دوو هه‌زار و كه‌مپی سه‌رده‌شت زیاتر له‌ هه‌زار خێزانی تێدایه‌.

سادق فارس، كارمه‌ندی رێكخراوی ژاپۆنی رياح سه‌لام كه‌ ئاوی پاك بۆ ئاواره‌كانی چیای شنگال دابینده‌كه‌ن به‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "رۆژانه‌ حه‌وت بۆ هه‌شت تانكه‌ری گه‌وره‌ی ئاو ده‌گه‌یه‌نین به‌ ئاواره‌كان، به‌ڵام هه‌ندێك خێوه‌ت دوورن و له‌كاتی باران تراكتۆره‌كانمان به‌هۆی زۆری قوڕه‌وه‌ پێیانناگه‌ن، بۆیه‌ كێشه‌ی كه‌مئاوییان هه‌یه‌".

ئه‌و رێكخراوه‌ چاوه‌ڕێیه‌ رێگه‌ی گه‌یشتن به‌ ته‌واوی خێوه‌تی ئاواره‌كان چاكبكرێن، تا هه‌موان ئاوی پاكیان پێبگات.

ئه‌و دوو كه‌مپه‌ی چیای شنگال، له‌ رووی ئیدارییه‌وه‌ ده‌كه‌ونه‌ سنوری كارگێڕی حكومه‌تی عیراق و یه‌كێكیان له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌راندایه‌.

shngal.c
شنگال/ منداڵێكی ئاوارەی ئێزیدی لە دەلاقەیەكی ژورێكی ماڵەكەیدا دەڕوانێتە خێمەی ئاوارەكان لەسەر چیای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم شنگالی

"زیاتر له‌ 100 خێزان كێشه‌ی نه‌بونی ئاویان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی دووری ئه‌وان له‌ خێوه‌ته‌كانی تره‌وه‌، بۆیه‌ تۆڕی دابه‌شكردنی ئاو نه‌گه‌یشتۆته‌ سه‌دا 40ی ئاواره‌كانی كه‌مپ" عه‌لی شه‌عبو، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی سه‌رده‌شت له‌ چیای شنگال بۆ‌ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

به‌وته‌ی شه‌عبو، هیچ كه‌س و لایه‌نێك ئاماده‌ نییه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكات، هه‌رچه‌نده‌ ده‌یانجار كێشه‌كه‌ گه‌یه‌ندراوه‌ به‌ لێپرسراوانی ناوچه‌كه‌ و وه‌زاره‌تی كۆچ، "بێ هیوا بوین‌ له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و ته‌نیا چاوه‌ڕێین خوا ره‌حم به‌ ئێمه‌ و ئاواره‌كان بكات".

ئاواره‌كانی چیای شنگال، جگه‌ له‌ كه‌مئاوی و نه‌بونی سوته‌مه‌نی، له‌ زستاندا بارانی به‌خوڕ و لافاویش زیاد له‌ جارێك زیانی پێگه‌یاندون.

له‌ كۆتایی هه‌فته‌ی رابردودا، شه‌پۆلێكی سه‌رما و بارانی به‌فر روی له‌ ناوچه‌كه‌ كرد، ئه‌وه‌ش جارێكیتر هاواری ناڕه‌زایی له‌ ئاواره‌كان به‌رزكرده‌وه‌.

"بارودۆخی ئاواره‌كان زۆر خراپه‌، به‌هۆی نه‌بونی خۆراك و فریاگوزارییه‌كانی تره‌وه‌" به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی سه‌رده‌شت، چونكه‌ ته‌نانه‌ت سوته‌مه‌نی پێویستیشیان پێناگات بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه‌.

دوای چه‌ند ساڵێك له‌ كۆتایی داعش، هێشتا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاوڵاتیانی ئێزیدی ئاواره‌ن و به‌هۆی وێرانه‌یی زێدی خۆیانه‌وه‌، ئاماده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ نین.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT