له‌ كه‌ركوك پاڵه‌په‌ستۆیه‌ بۆ 50 لیتر نه‌وت

كه‌ركوك، 2020، هاوڵاتیانی له‌ سه‌ره‌ی وه‌رگرتنی 50 لیتر نه‌وتی مانگانه‌دا فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

سۆران محەمەد- كەركوك

هاوڵاتیانی شاری كه‌ركوك، چه‌ند رۆژێك له‌سه‌ره‌دا ده‌وه‌ستن بۆ وه‌رگرتنی 50 لیتر نه‌وتی سپی، هه‌ندێكجاریش ده‌بێته‌ پاڵه‌په‌ستۆ و به‌شێكیان به‌ریانناكه‌وێت، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان پێیوایه‌ هه‌موو كه‌سێك به‌بێ كێشه‌ مافی خۆی وه‌رده‌گرێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28ی كانونی دوه‌م له‌ گه‌ڕه‌كی ئیسكان، خه‌ڵك له‌ سه‌ره‌یه‌كی دورودرێژی وه‌رگرتنی نه‌وت، له‌ به‌رده‌م وێستگه‌یه‌كدا ده‌ستیانكرد به‌ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی، چونكه‌ نه‌یانتوانی نه‌وت وه‌ربگرن.

"به‌ ریشی سپییه‌وه‌ له‌ سه‌عات شه‌شی به‌یانییه‌وه‌ له‌ سه‌ره‌ی نه‌وتم، ئاخر منێكی به‌ ته‌مه‌ن ناتوانم به‌رگه‌ی سه‌رما و پاڵه‌په‌ستۆی زۆر بگرم بۆ 50 لیتر"، حه‌سه‌ن عه‌لی (63 ساڵ) وای وت.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ كه‌ یه‌كێك بوو له‌ به‌شداربوانی ناڕه‌زاییه‌كه‌، داوایده‌كرد سنورێك بۆ ئه‌و "نادادپه‌روه‌رییه‌" دابنرێت و چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ بكه‌ن.

nawt (4)
كه‌ركوك، 28ی كانونی دوه‌می 2020، خۆپیشاندان دژی دابه‌شنه‌كردنی نه‌وت فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

خه‌ڵكی ناڕازی بۆ نیو كاتژمێر ده‌رگای وێستگه‌كه‌یان داخست و نه‌یانهێشت هیچ ئۆتۆمبێلێكیش له‌و وێستگه‌یه‌ به‌نزین وه‌ربگرێت.

ئیبراهیم ئه‌میر، گه‌نجێكی تری گردبونه‌وه‌كه‌ی كه‌ركوك بوو، بۆ (كه‌ركوك ناو) باسی له‌وه‌كرد ماوه‌ی دوو رۆژه‌ له‌سه‌ره‌دایه‌، بڕیاربووه‌ ئه‌مڕۆ نه‌وت وه‌ربگرن، به‌ڵام دوای چاوه‌ڕوانی زۆر و له‌ كاتژمێر 8:30 خوله‌كدا به‌ هاوڵاتیانیان راگه‌یاندووه‌، ئه‌مڕۆ نه‌وت دابه‌شناكه‌ن.

"خۆ ئێمە گاڵتەچی دەستی ئەم دەسەڵات و حكومەتەنین، ناكرێت بێده‌نگ بین، بۆیه‌ ده‌ستمانكرد به‌ خۆپیشاندان، چونكه‌ ناكرێت شاره‌كه‌مان لەسەر دەریای نەوتە و ئاواها له‌ خه‌ڵكیش ده‌كه‌ن" ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی ئیبراهیم.

له‌ سه‌ره‌تای وه‌رزی سه‌رما و زستانه‌وه‌، دابه‌شكردنی نه‌وت به‌سه‌ر هاوڵاتیانی كه‌ركوكدا ده‌ستپێده‌كات، كه‌ هه‌ر خێزانێك مانگانه‌ بڕی 50 لیتر نه‌وتی حكومی پێده‌درێت له‌رێی وێستگه‌ حكومییه‌كانه‌وه‌، له‌ به‌رانبه‌ر 10 هه‌زار دیناردا.

-20
كه‌ركوك، كانونی دوه‌می 2020، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی كاوه‌ ره‌شید، به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان له‌ كه‌ركوك فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

كاوە رەشید، بەڕێوه‌بەری دابەشكردنی بەرهەمە نەوتیەكان له‌ كه‌ركوك له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، وتی "ئه‌وانه‌ی خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە هاوڵاتی نین، بەڵكو ئەو كەسانە بەكرێ نەوت بۆ هاوڵاتیان وەردەگرن، ئێمە وه‌رگرتنی نه‌وتمان له‌ وێستگه‌ حكومییه‌كان له‌و كه‌سانه‌ قەدەغە كردووە و ده‌بێت بچنه‌ وێستگه‌ ئه‌هلییه‌كان، تا خه‌ڵك بتوانن به‌ ئاسانی نه‌وت وه‌ربگرن".

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ "هه‌موو هاوڵاتییه‌ك ده‌توانێت مافی خۆی وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌وانیتر كه‌ بۆ خه‌ڵك نه‌وت وه‌رده‌گرن، كاره‌كه‌یان لای ئێمە یاسایی نییه‌ و نابێت لە وێستگە حكومیەكان نەوت وەربگرن".

به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان ده‌ڵێت؛ مانگانه‌ بڕی 50 لیتر نه‌وت ده‌ده‌ن بۆ هه‌ر خێزانێك له‌ رێی كۆبۆنی خۆراكه‌وه‌، به‌وشێوه‌یه‌ش له‌ هه‌ر رۆژێكدا 650 هه‌زار لیتر نه‌وتی سپی دابه‌شده‌كه‌ین، ئه‌و بڕه‌ش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وته‌وه‌ دیاریكراوه‌ و زیادكردنی له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا نییه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT