سێیەم نەشتەرگەری تایبەت و دەگمەن لە كەركوك
"گرێیەكی گەورە" لە گورچیلەی نەخۆشێكی 88 ساڵ دەرهێنرا

كەركوك/30ی كانونی دووەمی 2020/ لۆگۆی فەرمانگەی تەندروستی و ئەو پزیشكەی كە گرێیەكی لە گورچیلەی نەخۆشێكی 88 ساڵ دەرهێنا

كەركوك ناو

نەخۆشخانەی كۆماری كەركوك سەركەوتنی نەشتەرگەرییەكی تایبەتی بۆ دەرهێنانی گرێیەك لە گورچیلەی نەخۆشێكی 88 ساڵ راگەیاند. ئەوەش سێیەم نەشتەرگەریی تایبەت و قورسە لە ماوەی 10 رۆژی رابردودا لەو شارە ئەنجامبدرێت.

راگەیاندنی ئیدارەی نەخۆشخانەی كۆماری، ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی كانونی دووەم لە راگەیەنراوێكیدا بڵاویكردەوە، كە سەركەوتوبون لە نەشتەرگەریی بۆ هاوڵاتییەكی 88 ساڵ، كە گرێیەكی 30 بۆ 40سم لە یەكێك لە گورچیلەكانیدا بوو.

دكتۆر محەمەد هاشم، هورمزی، سەرپەرشتیاری نەشتەرگەرییەكە و پسپۆڕی نەشتەرگەری گورچیلە، جەختیكردەوە "گرێیەكی گەورە لە شێوەی كیس، لەناو گورچیلەی چەپی نەخۆشەكە دەرهێنرا و نزیكەی دوو كاتژمێری خایاند، ئەوەش كاتێكی پێوانەییە... نەخۆشەكە ئێستا تەندروستی باشە".

نزیكەی دوو كاتژمێری خایاند، ئەوەش كاتێكی پێوانەییە

تیمێكی تایبەت لەگەڵ دكتۆر محەمەد هاشم، بەشدارییان كردووە لەو نەشتەرگەرییەدا.

هەر لەم مانگەداو لە 19ی كانونی دووەم، "نەشتەرگەرییەكی دەگمەن" لە نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری کەرکوک بە سەركەوتوویی كۆتاییهات، دوای ئەوەی تیمێکی پزیشکی نەشتەرگەرییان بۆ نەخۆشێکی تەمەن ۱٦ ساڵ ئەنجامدا، دوای ئەوەی زانیان كە کیسی ئاو لە مێشکیدایە.

ئەوەی نەشتەرگەرییەکەی قورستر کردبوو، نەخۆشەکە بە کۆرپەیەکی شەش مانگ دووگیان بوو. لەو نەشتەرگەرییەدا "ھیچ زیانێک بە کۆرپەکە نەگەیشت"، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکی نەخۆشخانەکە.

نەشتەرگەرییەکە پێنج کاتژمێری خەیاند و لە رێگای کردنەوەی مێشکی نەخۆشەکەوە ئەنجامدرا.

pzishk
كەركوك/19ی كانونی دووەم/ نەشتەرگەری دەرهێنانی كیسێكی ئاو لە مێشكی ژنێكی 16 ساڵی دووگیان فۆتۆ: راگەیاندنی تەندروستی كەركوك

دکتۆر گەیلان قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری لە کەرکوک، لە راگەیەنراوێكدا وتی "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە بوو کە ئەو کیسە ئاوە نەتەقێ و لەنێو مێشکیدا بڵاونەبێتەوە تا خۆیی و کۆرپەکەش سەلامەت بن".

هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە بوو کە ئەو کیسە ئاوە نەتەقێ و لەنێو مێشکیدا بڵاونەبێتەوە، تا خۆیی و کۆرپەکەش سەلامەت بن

لە 23ی ئەم مانگەشدا، نەشتەرگەرییەكی لابردنی منداڵدان و هێلكەدان، بۆ نەخۆشێك ئەنجامدرا، كە گرێی جۆراوجۆر بە قەبارەی جیاواز لە منداڵدانیدا بوو.

نەخۆشەكە لەپاڵئەوەشدا نەخۆشی شەكرە و فشاری خوێنی بەرزبوو، وەك دكتۆرە جاكلین زیا، سەرپەرشتیاری نەشتەرگەرییەكە جەختیلێكردەوە و وتی "یەكێك بوو لە حاڵەتە قورسەكان و تەندروستی نەخۆشەكەش خراپ بوو".

دكتۆرە جاكلین داوایكرد هەموو كەسێك شەش مانگ جارێك پشكنین بكات بۆ دوركەوتنەوە لە حاڵەتی هاوشێوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT