شەش كەس لە بازگەیەكی وەهمیدا لە نزیك قەرەتەپە دەڕفێنرێن، كە چواریان خوێندكاری زانكۆی كەركوكن، ئەوەش دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەكانیان لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە رادەگیرێت.
ئەو رووداوە كاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی كانونی دووەم، لە نزیك ناحیەی قەرەتەپە سەر بە قەزای خانەقین رویداوە، ئەوەش بەوتەی محەمەد حاجى عومەر، لێپرسراوی كۆمیتەی قەرەتەپەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.
ناوبراو كە چەكدارەكانی بە چەكداری داعش ناوبرد، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەسەر رێگای سەرەكیی و بەدوری هەشت كیلۆمەتر لە ناحیەی قەرەتەپە بازگەیان دانابوو، چەند ئۆتۆمبێلێكیان راگرتبوو، دواتر شەش كەسیان لەگەڵ خۆیان بردووە و ناوچەكەیان چۆڵكردووە".
بەوتەی محەمەد حاجی عومەر، دووان لە هاوڵاتییەكان خەڵكی خانەقینن، چوارەكەی تریش خەڵكی قەرەتەپەن و خوێندكاری زانكۆی كەركوك بون و بۆ قەرەتەپە دەگەڕانەوە.
ئەو زیاتر وتی "ئەوانەی قەرەتەپە لەناو پاسێكدا بون، چەند ژن و كچێكیش هەر لەناو ئەو پاسەدابون، بەڵام چەكدارەكان ئەوانیان نەبردووە، لەگەڵئەوەشدا یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكانیان لەگەڵ خۆیان بردووە و تایەی ئەوانی تریشیان بە گولـلە تەقاندووە".
چەند ژن و كچێكیش هەر لەناو ئەو پاسەدابون، بەڵام چەكدارەكان ئەوانیان نەبردووە
دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی سوپای عیراقدایە و ئەو رێگایەش رێگای سەرەكی بەستنەوەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانە بە قەزای خانەقین و پارێزگای دیالە.
تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە (كاتژمێر 10ی شەو) پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان نەگەیشتونەتە شوێنی روداوەكە ئەوەش بەهۆی مەترسی بۆمبڕێژكردنی ناوچەكە لەلایەن چەكدارەكانەوە.
لەو ناوچەیە تەنیا یەك فەوجی سوپای عیراق هەیە، لەكاتێكدا بەوتەی محەمەدی حاجی عومەر، 63 گوندی بەسەرەوەیە و كۆنترۆڵكردنی لەڕوی ئەمنییەوە پێویستی بەهێزی زیاترە.
ناوبەناو روداوی رفاندن و كوشتن لەو ناوچەیە رودەدات و لە سەرەتای تشرینی دووەمی 2019، دوو كەس لە گوندی نارینی سەر بە ناحیەی قەرتەپە رفێنران و سەرەتای ئەم ساڵ یەكێكیان دوای زیاتر لە دوو مانگ لە رفاندنی، بە 60 هەزار دۆلار ئازادكرا.