هێشتا ئەو پۆلیسە دەستگیرنەكراوە كە بە دەمانچە و لەبەردەم نەخۆشخانەی گشتی داقوق ئەفسەرێكی پۆلیسی تاوانی كوشت. كەسوكاری بكوژەكە داوای سوڵحی عەشایەریی دەكەن و ئامادەنین لەڕێی دادگاوە دۆسییەكە یەكلاییبكرێتەوە.
شەوی 24ی تەمموزی 2019، لە ئەنجامی دروستبونی بارگرژیی لە نێوان پۆلیسی فیدراڵیی و ئەفسەرێكی نەهێشتنی تاوانی داقوق، لەبەردەم نەخۆشخانەی قەزاكە، ئەفسەرەكە كوژرا بەناوی محەمەد قاسم، روداوەكە بووەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایی كەسوكاری كوژراوەكە و ژمارەیەك لە هاوڵاتیان كە داوای دەركردنی پۆلیسی فیدراڵیان كرد.
هەرچەندە بڕیاری دەستگیركردن بۆ پۆلیسەكە دەرچووە، بەڵام گەڕاوەتەوە و بۆ موسەنناو ئامادە نییە خۆی رادەست بكات.
جەلیل ئیبراهیم، مامی ئەفسەرە کوژراوەکە، بە (کەرکوک ناو)ی وت "چەندین جار لەڕێی خۆپیشاندان و مانگرتنەوە داوای دەستگیركردن و سزادانی بكوژەكەمان كرد لە لایەنی پەیوەندیدار، هەروەها داوامان لە سەرۆك هۆز و عەشیرەتەكانی باشور كرد بۆ رادەستكردنی بكوژ، بەڵام سودی نەبوو".
زیاتر وتی "لە ماوەی رابردودا داوامان لێكرا كە لەڕێی سوڵحی عەشایەرییەوە كێشەكە چارەسەر بكەین و داوای لێخۆشبون دەكەن، بەڵام ئێمە ئەوەمان رەتكردەوە".
"تاکو بکوژ رادەستى پۆلیس نەکرێت، ئێمە هیچ دانیشتنێك ناكەین و داوادەكەین دادگا بەرۆڵی خۆی هەستێت"، جەلیل ئیبراهیم مامی كوژراوەكە وایوت.
لەبارەی ئەوەی كێ داوای سوڵحی كردووە، جەلیل وتی "كەسوكاری بكوژەكە لەڕێی هۆز و عەشیرەتەكانی باشورەوە".
كەسوكاری بكوژەكە لەڕێی هۆز و عەشیرەتەكانی باشورەوە سوڵح دەكەن
بكوژەكە كە كارمەندی لیوای 19ی پۆلیسی فیدراڵییە، بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی نەخۆشخانەی داقوق، بە دەمانچە تەقە دەكات و هەر لەوێ ئەفسەرەكە گیانلەدەستدەدات.
كەسوكارەكەی دەڵێن سکاڵایان لەسەر بكوژەكە تۆمار كردووە و گلەیی لە لایەنی ئەمنی دەكەن كە دەستگیریان نەكردووە.
ئەفسەرە كوژراوەكە، بەپێی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، بە مەبەستی لێكۆڵینەوە ویستویەتی سەردانی نەخۆشخانە بكات.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی داقوق، پێشتر بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمەش وەکو پۆلیسى نەهێشتنى تاوان سکاڵامان تۆمارکردووە، چونکە ئەفسەرێکى هۆبەکەمان کوژراوە، بكوژەكە بەپێی ماددەی 406، كوشتنی بە ئەنقەست بڕیاری دەستگیركردنی هەیە".