له شنگال غازی ماڵان به ئاسانی ده‌ستناكه‌وێت و نرخه‌كه‌یشی زیادیكردووه، به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقییه‌وه بۆ قه‌زاكه دابینده‌كرێت.
چه‌ند رۆژێكه له ناوچه جیاوازه‌كانی قه‌زای شنگال، هاوڵاتیان سه‌ره ده‌گرن بۆ كڕینی غاز، ئه‌وه‌ش به نرخێكی زیاتر له جاران.
"له كاتژمێر 4ی به‌یانییه‌وه له سه‌ره‌ی وه‌رگرتنی غازدا بووم، دوای سێ كاتژمێر چاوه‌ڕوانی وتیان ته‌واو بووه، چونكه بڕێكی زۆر كه‌میان بۆ هاتبوو" ئیبراهیم سلێمان، فرۆشیاری غازی ماڵان وای وت.
ئه‌و هاوڵاتییه بۆ (كه‌ركوك ناو) ده‌ڵێت پێشتر له كارگه‌ی غازی شنگال 30 تا 40 بۆتڵ غازی باركردووه و له گه‌ڕه‌كه‌كاندا فرۆشتویه‌تی، به‌ڵام ئێستا كه‌میكردووه و رۆژ هه‌یه غازی به‌رناكه‌وێت.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، نرخی هه‌ر بوتڵێك غازی ماڵان پێشتر به حه‌وت هه‌زار و 500 تا هه‌شت هه‌زار دینار بووه، به‌ڵام ئێستا نرخه‌كه‌ی له سه‌روو نۆ هه‌زار دیناره‌وه‌یه.
شه‌ریهان ره‌شۆ، دانیشتوی سه‌نته‌ری شنگاله و ده‌ڵێت به نۆ هه‌زار دینار یه‌ك بوتڵ غازی كڕیووه، "ئه‌گه‌ر وابڕوات نرخه‌كه‌ی گرانتر ده‌بێت و غازیش ده‌ستناكه‌وێت" شه‌ریهان بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
گرانبونی غاز دوای كه‌مبونه‌وه‌ی بڕی ئه‌و غازه هات كه رۆژانه حكومه‌تی عیراقی ره‌وانه‌ی شنگالی ده‌كات.
ئه‌حمه‌د مو‌سا، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری كارگه‌ی پڕكردنه‌وه‌ی غازی ماڵان له ناحیه‌ی سنونێی شنگال بۆ (كه‌ركوك ناو)ی وت "چوار رۆژه به‌شه غازمان پێنه‌گه‌یشتووه و په‌یوه‌ندییشمان به شوێنی به‌رهه‌مهێنانه‌وه كردووه به‌ڵام ده‌ڵێن چه‌ند رۆژێكی تر چاوه‌ڕێ بكه‌ن".
به‌وته‌ی ئه‌حمه‌د، تائێستا ئه‌وانیش هۆكاری نه‌ناردنی به‌شه غاز و كه‌مبونه‌وه‌ی نازانن، له كاتێكدا خه‌ڵكێكی زۆر رۆژانه سه‌ردانیام ده‌كه‌ن، جگه له‌وه‌ش نرخه‌كه‌ی كه له كارگه‌دا ته‌نیا شه‌ش هه‌زار و 500 دیناره، ئێستا به‌رزبۆته‌وه.
قه‌زای شنگال، رۆژانه پێویستی به هه‌زار بوتڵی غاز هه‌یه، كه له كه‌ركوكه‌وه بۆی دابینده‌كرێت و سه‌ره‌تا ده‌چێته هه‌ولێر، دواتریش له‌وێوه بۆ قه‌زاكه.
خودێدا چوكی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ له شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "راسته چه‌ند رۆژێكه غاز كه‌مبۆته‌وه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و راده‌یه‌ی نرخه‌كه‌ی زۆر گران بێت، گرانبوونه‌كه ته‌نیا یه‌ك هه‌زار دینار بووه".
هه‌روه‌ها دڵنیاییدا "له دوو رۆژی داهاتودا كێشه‌ی كه‌می غاز چاره‌سه‌ر ده‌بێت و بڕێكی زۆر غازی ماڵان ده‌گاته قه‌زای شنگال"، هۆشداریشیدا به‌و كه‌سانه‌ی سه‌ربه‌خۆیانه نرخی غاز زیادده‌كه‌ن.
جگه له شنگال، نرخی غازی ماڵان چه‌ند رۆژێكه له ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش كه‌مبۆته‌وه و له هه‌ندێك شوێن نرخه‌كه‌ی به‌رزبۆته‌وه.
قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییه‌وه سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه، له ئابی 2014دا كه‌وته ده‌ستی داعش و له كۆتایی 2015دا كۆنتڕۆڵكرایه‌وه، به‌ڵام هێشتا زۆرینه‌ی فه‌رمانگه و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.