"سەرچاوەی هاوكاریی داعش بەهێزە"
ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە و ئاسایش بۆ رزگاركردنی دوو براكە سەركەوتوو نەبوو

دوزخورماتوو/2ی شوباتی 2020/ ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە بۆ دۆزینەوەی دوو برا رفێنراوەكە فۆتۆ: كاروان حەبیب

لەیلا ئەحمەد – دوزخوماتوو

ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە بۆ دۆزینەوەی دوو برا رفێنراوەكە سەركەوتوو نەبوو، بەڵام بۆ هێزە ئەمنییەكان رونبۆوە كە "داعش لەناوچەكە بەهێزبووە و سەرچاوەی هاوكاریی باشی پێدەگات لە چەك و تەقەمەنیی و خواردن".

چەكدارانی نەناسراو كاتژمێر 7ی ئێوارەی شەممە یەكی شوبات، دوو برایان لە ناوچەی داودە لە نێوان هەردوو قەزای كفری – دوزخورماتوو رفاند، لەوكاتەی دەیانویست لە گوندەكەیانەوە بۆ قەزای كفری بگەڕێنەوە. هاوژین و منداڵەكانیشیان لەسەر رێگاكە جێهێشت.

هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش، یەكشەممە 2ی شوبات، ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشیان ئەنجامدا، بەئامانجی رزگاركردنی ئەو دوو برایە.

جەمال ساڵح ئەحمەد، بەڕێوەبەرى ناحیەى نەوجول، سەر بە قەزای دوزخورماتوو، كە یاوەری هێزەكان بوو بۆ ئۆپەراسیۆنەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "چالاکی داعش لەم ناوچەیە زۆر بووە، ماوەیەكە زیاتر هاتونەتە پێشەوە و چالاكی دەكەن لە نمونەی رفاندنی ئەو دوو برایە. بەڵام لەم ئۆپەراسیۆنە نەمانتوانی بیاندۆزینەوە و رزگاریان بكەین".

چالاکی داعش لەم ناوچەیە زۆر بووە، ماوەیەكە زیاتر هاتونەتە پێشەوە و چالاكی دەكەن

جەمال زیاتر وتی "بەڵام ئەوەی لەم ئۆپەراسیۆنە دەستمانکەوت، ئەوەیە چەکدارانى داعش لەم ناوچەیە بونیان هەیە و مۆڵگەیان دروستكردووە... ژمارەیەک بۆمب و تەقەمەنى و پێداویستی تریان جێهێشتووە".

لە ئۆپەراسیۆنەكەدا، شوێن تایەی ئۆتۆمبێلەكانی چەكداران دیار بووە، كە رۆژی پێشتر دوو براكەیان پێ رفاند.

بەپێی كەسوكاری ئەو دوو برایە، چەكدارەكان بە زمانەكانی كوردی، عەرەبی و توركمانی قسەیان كردووە و سێ ئۆتۆمبێلی جۆری توێتا پیكاپ دەبڵ-یان پێبووە. ئۆتۆمبێلی دوو براكەشیان لە هەمان جۆر لەگەڵ خۆیان بردووە.

بەڕێوەبەرى ناحیەى نەوجول، وتی "بەپێی شوێنی تایەكان بێت، هەر دوای روداوەكە ئەو ناوچەیەیان جێهێشتووە".

گۆران بورهان پورزای رفێنراوه‌کان، پێشتر بە (كەركوك ناو)ی وت "کوڕە خاڵه‌کانم به‌ خێزانەكان و منداڵه‌کانیانه‌وه‌ بۆ سه‌ردانی زه‌ویوزاره‌کانیان چوبونە ناوچه‌ى داودە و له‌کاتى گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ نێوان  گوندى ناڵه شکێنه و دوراجی، سێ ئۆتۆمبێل رێگەیان لێدەگرن و دایاندەبەزێنن".

ئەو دوو برایە، هێمن جه‌لال عیسا (34 ساڵ)و قانع جه‌لال عیسا (32 ساڵ) ژن و منداڵیان هەیەو بەپێی وتەی كەسوكاریان هیچ كێشەكیان نەبووە و كاری كشتوكاڵیان كردووە.

hemn.qani3
هێمن جه‌لال عیسا (34 ساڵ)و قانع جه‌لال عیسا (32 ساڵ) دوو برا رفێنراوەكە

 

فەرماندەیەكی پێشمەرگە، كە بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەی كردووە و نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە هەندێك ناوچە چەكدارەكان دیاربون، بەڵام لە ترسی بۆمبی چێنراو نەماندەتوانی پێشڕەوی بكەین، ئەوان حەشارگەیان لە ناوچەكە دروستكردووە، بەپێی پاشماوەی مۆڵگەكانیان چەك و تەقەمەنی باشیان پێیە".

"ئێمە دەزانین چەکدارانى داعش بۆ چالاکییەكی گەورەتر هاتبونە ناوچەكە... داعش چالاكی زۆر بووە و بۆشاییەكی گەورەی ئەمنی هەیە، بەڵام هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپا خراپەو ئەو بۆشاییەش لە نێوان سەنگەرەكانی هەردولا دروستبووە".

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، گوماندەكات، چەك و تەقەمەنی  و خواردنی پێویست "لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی سوپای عیراقەوە بە چەكدارەكان بگات، چونكە هەموو پێداویستییەك لە مۆڵگەكانیان هەیە و سەرچاوەی هاوكارییان بەهێزە".

peshmarga2
دوزخورماتوو/2ی شوباتی 2020/ ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە بۆ دۆزینەوەی دوو برا رفێنراوەكە فۆتۆ: كاروان حەبیب

زیاتر وتی "جوگرافیای ئەو شوێنەی چەكدارەكانی لێیە پێویستی بە توانای زیاتر هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە".

ناوچەكە هەوراز و نشێوی زۆری هەیە و شوێنەكە بۆ خۆ حەشاردانی چەكداران گونجاوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT