سۆلین لە زیندان ئەشكەنجە دراوە
دوانەیەكی خانەقینی لەبەغدا داوای نیشتیمان دەكەن

سۆلین خالید (19ساڵ) كچە كوردەكەی قەزای خانەقین لەكاتی دەستگیركردنی لە ناو خۆپیشاندەران و لەسەر پردی محەمەد قاسم لەبەغدا

ئەمیر خانەقینی

سۆلین خالید (19ساڵ) ئەو كچە خانەقینییەی لە 25ی تشرینی یەكەمەوە لەگەڵ براكەی خانەقینیان بەرەو گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا جێهێشت، هێشتا ئامادە نییە بگەڕێتەوە، هەرچەندە هەردوكیان خرانە كونجی زیندانەوە و ئەشكەنجە دران.

لەوكاتەی خۆپیشاندانەكان لە بەغدا سەریهەڵدا، سۆلین و وەلیدی برای كە دوانەن، خۆیان گەیاندە بەغدا و هاوشانی سەدان هەزار خۆپیشاندەر دروشمی "نیشتیمانمان دەوێت"یان بەرزكردەوە. بێ گوێدانە بەربەستە ئەمنیی  و مەترسییەكان.

سۆلین زیاتر وەكو چالاكوانێك بەشداریی كردووە و هاوكاریی خۆپیشاندەرە بریندارەكانی دەكرد بە پێشكەشكردنی فریاگوزاریی سەرەتایی، بەڵام وەلید وەكو خۆپیشاندەر بەشداریكرد.

solen.xalid
سۆلین خالید (19ساڵ) لەكاتی بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەی بەغدا

بەڵام ئامانجی هەردوكیان، وەك فریال محەمەدی دایكیان دەڵێت "لەپێناو كۆتاییهێنان بووە بە ناعەدالەتی، گەندەڵیی و باشتركردنی بژێوی خەڵكی عیراق".

لە 21ی كانونی دووەم، سۆلین لەسەر پردی محەمەد قاسم لەبەغدا دەستگیرکرا، لەوكاتەی دەیویست هاوكاریی خۆپیشاندەران بكات، براكەشی پێشتر دەستگیركرابوو.

فریال محەمەد، بە (كەركوك ناو)ی وت "كچەكەم دوای چەند کاتژمێرێک ئازادكرا، بەڵام مۆبایلەكەیان لێسەندبوو، بۆیە ئەو رۆژە نەیتوانی ئێمە ئاگاداربكاتەوە".

بۆیە فریال بەرەو بەغدا بەڕێكەوت، تا سۆراغی كچ وكوڕەكەی بزانێت.

walid.xalid
وەلید خالید (19ساڵ) لەكاتی بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانەكانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا

"كچەكەم لە زیندان ئەشكەنجە درابوو و ئازاری پێگەیشتبوو"، لەبارەی كوڕەكەشییەوە وتی "ئێستا ئەو 25 رۆژە لەزیندانە لە فڕۆکەخانەی موسەننا و بۆ ئازادكردنی چاوەڕێی دادگاییكردن دەكات".

كچەكەم لە زیندان ئەشكەنجە درابوو و ئازاری پێگەیشتبوو

فریال زیاتر وتی "منداڵەكانم بەشێوەیەكی ئاشتییانە بەشدارییانكردووە لە خۆپیشاندانەكان، لەپێناو نیشتیمانێک کە جێگای هەمووانی تێدا ببێتەوە و کۆتایی بەگەندەڵیی و نادادپەروەری بهێنرێت".

هەروەها وتی "كوڕەكەم لەزیندان ئەشكەنجەدراوە و بەهۆیەوە قۆڵێكی لەجێ چووە... دەیان گەنجی وەكو كوڕەكەی من خزێنراونەتە ناو زیندانەكەوە و كە دەیانبینی ئازار دەكێشێت، خۆ ئەوان رۆڵەی ئەم وڵاتەن لەپێناو چی لە زیندان بن".

xopishandani baxda
به‌غدا، 2ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، گه‌نجێكی به‌شدار له‌ خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له‌ نێو شاری به‌غدا فۆتۆ: APF

 

خۆپیشاندانەكان كە لەسەرەتای تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوەوە دەستیپێكردووە، لە داواكردن بۆ مافە سەرەتاییەكانەوە بۆ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی گۆڕدرا، هەر لەژێر فشاری ئەواندا عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق دەستیلەكاركێشایەوە.

بەپێی ئامارێكی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، كە دراوە بە (كەركوك ناو)، 536 خۆپیشاندەر لە خۆپیشاندانەكاندا كوژراون، كە 17یان لە هێزە ئەمنییەكانن، لانیكەم 23 هەزار خۆپیشاندەریش برینداربون.

ئەو ئامارانە ترسێكی گەورەیە بۆ فریال محەمەد و هەموو ئەوانەی رۆڵەكانیان لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانن لە بەغداو شارەكانی تر.

هەر بەپێی ئامارەكە، 72 كەس رفێنراون و تەنیا 22كەس لەو رفێنراوانە ئازادكراون.

بەسمە محەمەد، ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عیراق بە (کەرکوک ناو)ی وت "بەدواداچونمان بۆ دۆسییەی وەلید كردووە، ئەو لە زیندانی فڕۆكەخانەی موسەننایە و بۆ ئازادكردنی چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكات".

بەدواداچونمان بۆ دۆسییەی وەلید كردووە، ئەو لە زیندانی فڕۆكەخانەی موسەننایە و بۆ ئازادكردنی چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكات

فریال داوایكرد دەسەڵاتدارانی عیراق، كوڕەكەی ئەو و دەستگیركراوانی تر ئازادبكەن.

هەرچی سۆلینە، لەگەڵئەوەی روبەڕوی ئەشكەنجە بۆتەوە، لەدواین پەیوەندی تەلەفۆنیدا بە دایكی وتووە "ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ خانەقین، خۆپیشاندەران بە بەردەوامی پێویستیان بە فریاگوزاریی خێرا هەیە، تا خۆپیشاندان بمێنێت من لە بەغدا دەمێنمەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT