له زۆرینه‌ی وێستگه‌كانی سوته‌مه‌نی له شاری موسڵ، رۆژانه ده‌یان ئۆتۆمبێل له سه‌ره‌ی دوردرێژدا ده‌وه‌ستن بۆ وه‌رگرتنی به‌شه به‌نزین، به‌ڵام ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا ره‌تیده‌كاته‌وه قه‌یران سه‌ریهه‌ڵدابێت.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، چه‌ند رۆژێكه له شاری موسڵ، قه‌ره‌باڵغی زۆر له وێستگه‌كانی دابه‌شكردنی سوته‌مه‌نی دروستبووه و خه‌ڵك سه‌ره بۆ وه‌رگرتنی به‌نزین ده‌گرن.
"چوار كاتژمێر راوه‌ستام له به‌رده‌م وێستگه‌ی به‌نزینی شه‌لالات له به‌ری چه‌پی موسڵ تا به‌نزین گه‌یشت و وه‌رمانگرت" نه‌سار ئیبراهیم، شوفێری تاكسی بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ئه‌و هاوڵاتییه ده‌ڵێت زیاتر له 48 كاتژمێره ئه‌و قه‌یرانه له شاری موسڵ هه‌یه و گه‌وره‌تر ده‌بێت، بۆیه هه‌ندێك شۆفێر به‌نزین ده‌كڕن و بۆ كاتی پێویست له ماڵه‌وه هه‌ڵیده‌گرن، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی سه‌ره‌كی وه‌رگرتنی به‌نزینی درێژتر كردۆته‌وه.
شاری موسڵ پێشتریش زیاد له جارێك روبه‌ڕوی قه‌یرانی به‌نزین بۆته‌وه و دواتر چاره‌سه‌ر كراوه.
مونته‌زه‌ر فازڵ، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی كۆمپانیای دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان ره‌تیده‌كاته‌وه قه‌یرانی به‌نزین له موسڵ هه‌بێت، ده‌ڵێت هه‌موو وێستگه حكومییه‌كان كراونه‌ته‌وه و هه‌ر ئۆتۆمبێلێكیش بڕی 40 لیتر به‌نزینی پێده‌درێت.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی به (كه‌ركوك ناو) وت "به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی قه‌یرانی به‌نزینه‌وه، ژماره‌یه‌ك زۆر ئۆتۆمبێل چه‌ند جارێك چونه‌ته وێستگه‌كان بۆ وه‌رگرتنی به‌نزین و هه‌ڵگرتنی له ماڵه‌وه، ئه‌وه‌ش قه‌ره‌باڵغی دروستكردوه".
به‌وته‌ی مونته‌زه‌ر، پارێزگای نه‌ینه‌وا ئه‌وه‌نده به‌نزینی كۆگاكراوی هه‌یه روبه‌ڕوی هه‌ر قه‌یرانێك ببێته‌وه ئه‌گه‌ر له 20 رۆژ زیاتریش بخایه‌نێت.
به‌ڵام به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو) چه‌ند رۆژێكه قه‌ره‌باڵغی به‌رده‌وامه و به ئاسانیش به‌نزین ده‌ستناكه‌وێت.
عه‌لی ساهر، كارمه‌ندی یه‌كێكه له وێستگه حكومییه‌كانی به‌ری چه‌پی موسڵ و بۆ (كه‌ركوك ناو) ئاشكرایكرد، قه‌یرانی به‌نزین هه‌یه به‌هۆی كه‌می به‌رهه‌می سوته‌مه‌نییه‌وه، بۆیه له بازاڕی ره‌شدا نرخیش به‌رزبۆته‌وه.
"نرخی هه‌ر لیترێك به‌نزین له وێستگه حكومییه‌كاندا هێشتا به 450 دیناره به‌ڵام له بازاڕی ره‌شدا گه‌یشتۆته 500 تا 650 دینار" به‌وته‌ی عه‌لی.
به‌شه به‌نزینی نه‌ینه‌وا رۆژانه 60 تانكه‌ر بووه و كه‌مبۆته‌وه بۆ 50 تانكه‌ر، له كاتێكدا تادێت ژماره‌ی ئۆتۆمبێل زیاد ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا.
زوهێر ئه‌عره‌جی، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی موسڵ نه‌یشارده‌وه قه‌یرانی به‌نزین هه‌یه و هۆكاره‌كه‌یشی گه‌ڕانده‌وه بۆ كۆتاییهاتنی گرێبه‌ستی گواستنه‌وه‌ی سوته‌مه‌نی بۆ پارێزگاكه له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكاندا.
ئه‌عره‌جی بۆ (كه‌ركوك ناو) رونیكرده‌وه، بڕیاربووه ئه‌و كۆمپانیایه‌ی گرێبه‌ستی گواستنه‌وه‌ی سوته‌مه‌نی بۆ ده‌رچووه له هه‌مان رۆژدا ده‌ستبه‌كاربن به‌ڵام چه‌ند رۆژێك تێده‌په‌ڕێت و هێشتا یه‌ك لیتر به‌نزینیان نه‌گه‌یاندۆته موسڵ.
له به‌ری چه‌پی موسڵ وێستگه حكومییه‌كانی سه‌قافه، ئوم ره‌بیعه‌ین، شوهه‌دا و شه‌لالات به‌نزین دابه‌شده‌كه‌ن، ته‌نیا وێستگه‌ی فه‌یسه‌ڵییه به‌نزینی موحه‌سه‌نی هه‌یه، له به‌ری راستی شاره‌كه‌ش هه‌ریه‌ك له وێستگه‌كانی مه‌ئمون، غه‌زلانی، هارون، ئیبن ئه‌سیر به‌نزینیان به شۆفێران ده‌ده‌ن و وێستگه‌ی قه‌عقاع به‌نزینی موحه‌سه‌ن دابه‌شده‌كات.