هەواڵگری قەزای داقوق، ئاشكرای دەكات كە دەستگیركردنی "پلاندانەر و سەرپەرشتیار"ی رفاندنی هەشت هاوڵاتییەكەی قەرەتەپەیان دەستگیركرد، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "دانی بەو تاوانەدا" ناوە.
سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە، لە هەواڵگری داقوق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی شوبات، بە (كەركوك ناو)ی وت "درەنگانێكی شەوی رابردوو (5ی شوبات) لە ئۆپەراسیۆنێكدا تیمێكی پسپۆڕی هەواڵگری داقوق، توانیان لەناو شاری كەركوك كەسێك دەستگیربكەین، كە تۆمەتبارە بە پلاندانان و سەرپەرشتیاری ئەنجامدانی روداوی رفاندنی هەشت هاوڵاتی لەسەر رێگای ناحیەی قەرەتەپە"
زیاتر وتی "تۆمەتبارەكە دانیناوە بەوەی پلاندانەری رفاندنی ئەو هەشت هاوڵاتییە بووە و پەیوەندیشی لەگەڵ چەكدارانی داعشدا هەیە".
تۆمەتبارەكە دانیناوە بەوەی پلاندانەری رفاندنی ئەو هەشت هاوڵاتییە بووە
دەستگیركراوەكە خەڵكی پارێزگای دیالەیە، بەڵام لە شەڕی داعشدا ئاوارەی داقوق بووە و دواتر نەگەڕاوەتەوە بۆ زێدی خۆی.
كاتژمێر شەشی ئێوارەی 30ی كانونی دووەم، لە نزیك ناحیەی قەرەتەپە سەر بە قەزای خانەقین، ژمارەیەك چەكدار لەبازگەیەكی وەهمی-دا هەشت كەس دەڕفێنن، بەڵام یەكێكیان هەرلەوێ بە گولـلە دەكوژرێت.
سەرچاوەكەی (كەركوك ناو)، لە هەواڵگری داقوق، وتی "سەرەتا هێزێكی سەر بە هەواڵگری دیالە هاتنە داقوق و داوای ناو و ناونیشانی تۆمەتبارەكەیان كرد، دوای ئەوەی بۆیان رونكردینەوە كە تۆمەتبارە بەو روداوە، داوامان لێكردن ئەوان دەستوەردان نەكەن و خۆمان لە ئۆپەراسیۆنێكدا بڕیاری دەستگیركردنماندا".
بەپێی وتەی سەرچاوەكە، ئۆپەراسیۆنەكە دوای كاتژمێر 12ی شەو بەڕێوەچووە.
پێشتر ئەو تیمەی هەواڵگری دیالە، هاوژین و هاوەڵزاوایەكی دەستگیركراوەكەیان لە قەرەتەپە دەستگیر كردووە و هەر ئەوانیش "دانیانبەوەدا ناوە كە بەشێكن لەو روداوە".
بەڵام (كەركوك ناو) نەیتوانی زانیاریی لەسەر ئەوە دەستبكەوێت كە بۆچی هاوژینی تۆمەتبارەكە لە قەرەتەپە بووە.
بەر لەوەی تیمەكەی دیالە بگەنە داقوق، تۆمەتباری سەرەكی (ر، م، ی) داقوقی بەرەو كەركوك جێهێشتووە، هەر بۆیە لەناو شاری كەركوك دەستگیركراوە، بەپێی سەرچاوەكەی (كەركوك ناو).
تۆمەتبارەكە لە داقوق سەوزە فرۆش بووە و دوای دەستگیركردنی رادەستی هەواڵگری دیالە كراوە.
رۆژی دوای رفاندنی ئەو هەشت هاوڵاتییە، سەرچاوەیەك لە لیژنەی ئەمنی ناحیەی قەرەتەپە بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی زانیارییەكانمان داعش بەو روداوە هەستاوە، سەرەتا بازگەیەكیان داناوە و دواتر تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەكان كردووە تا وەستاون، بەهۆی تەقەكانیشەوە كەسێك كوژراوە، كە توركمانە و منداڵەكانی لە خوێندن دەبردەوە بۆ قەرەتەپە".
هەر بەوتەی ئەو سەرچاوەیە كە لەبەر ئەوەی مافی لێدوانی نییە، نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، زیاتر وتی "حەوت كەس لە روداوەكە رفێنراون، پێنج لە رفێنراوەكان خەڵكی قەرەتەپەن، دوانەكەی تریش یەكێكیان خەڵكی جەلەولا و ئەوەی تر خەڵكی خانەقینە".
جەختیشكردەوە كە دووان لە رفێنراوەكان خوێندكاربون.
لەو ناوچەیەی كە روداوەكەی تیادا رویداوە، تەنیا یەك فەوجی سوپای عیراق هەیە، لەكاتێكدا بەوتەی محەمەدی حاجی عومەر، لێپرسراوی كۆمیتەی قەرەتەپەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان 63 گوندی بەسەرەوەیە و كۆنترۆڵكردنی لەڕوی ئەمنییەوە پێویستی بەهێزی زیاترە.