دەیان هەزار ژن و منداڵی داعش لە عیراق جێگیر دەكرێن

سوریا/ 19ی كانونی دووەمی 2020/ دوو ژن و منداڵەكانیان لە كەمپی هۆل فۆتۆ: ئەمبرین زەمان

عەمار عەزیز – نەینەوا

كەمپێكی نوێ بۆ لە خۆگرتنی ژن و منداڵانی داعش لە ناحیەی زوممار باكوری خۆرئاوای موسڵ دروستدەكرێت و بڕیارە لەگەڵ تەواوبونیدا خێزانانی داعشی تێدا جێگیربكرێن.

ئەو كەمپە بەپێی وتەی بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار و پەرلەمانتارێكی عیراق، لە ئێستادا هەزار خێمەی تێدا جێگیركراوە و لەسەدا 50ی كارەكانی تەواوبووە.

ئەحمەد جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار بە (کەرکوک ناو)ی وت "سێ مانگ لەمەوبەر دەستكراوە بە دروستكردنی كەمپەكە و لەسەدا 50ی كارەكانی تەواوبووە، بڕیارە دوای تەواوبونی هاوژین و منداڵانی داعشی تێدا جێگیر بكرێت".

 لەسەدا 50ی كارەكانی كەمپەكە تەواوبووە

وتیشی "بۆ دروستكردنی ئەو كەمپە هیچ پرس و رایەك بە ئێمە و تەنانەت قایمقامی تەلعەفەر و پارێزگاری نەینەواش نەكراوە، بەڵام لەئێستاوە خەڵكی ناوچەكە ناڕازین و پێیانوایە بونی ئەو كەمپە لە ناوچەكەمان كێشەی ئەمنیی و خزمەتگوزاری بۆ ناوچەكە دروستدەكات".

هاوكات شیروان جەمال خدر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە بەدواداچونی كردووە لەبارەی دروستكردنی ئەو كەمپەوە، بە (کەرکوک ناو)ی وت "لەسەدا 100 كەمپەكە بۆ ژن و منداڵانی داعش دروستدەكرێت".

holcamp-1-1
سوریا/ كەمپی هۆل لە خۆرهەڵاتی شاری حەسەكە بە بەرزی 5 هەزار مەتر لە ئاسمانەوە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

ئەو دژایەتی خۆی بۆ دروستكردنی ئەو كەمپە دەربڕیی لە زوممار و وتی "وەك چۆن نەمانهێشت خێزان و منداڵانی داعش بۆ کەمپەکانی باشوری نەینەوا بگوازرێنەوە، ئاواش هەموو هەوڵێک دەدەین کە بەزوترین کات ئیش لەسەر کەمپەکەی زوممار رابگرین و لە ئەنجومەنی نوێنەران ئیمزا لە دژی كۆدیەكەینەوە".

زوممار ناحیەیەكی جێناكۆكە لەقەزای تەلعەفەر و دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای موسڵ.

لە ئێستادا ژن و منداڵانی داعش، لە كەمپی هۆل لە خۆرهەڵاتی شاری حەسەكە لە سوریا نیشتەجێكراون.

بەپێی وتەی رۆژهات عەلی، راوێژكاری كەمپی ئاوارەكان لە كانتۆنی جزیرە لە باكوری سوریا بۆ (كەركوك ناو)، ژمارەی دانیشتووانی كەمپەكە 72 هەزار كەسن و تێكەڵەیەكن لە كەسوكاری داعش، بیانییەكان، ژنان و منداڵانی ئێزیدیی و ئەو ئاوارانەی لە دوامەنزڵگەی داعش لە باغۆز و لە ئازاری 2018دا ئاوارەبون.

بەڵام داڤید سوانسۆن، وتەبێژی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ قەیرانی سوریا، لەكانونی دووەمی ئەمساڵ بە ئەلمۆنیتەری وتووە "66 هەزار كەس لەو كەمپە دەژین كە لەسەدا 94یان ژن و منداڵن".

پێشتر بڕیاربوو ژن و منداڵانی داعش، لە كەمپەكانی حەمام عەلیل، جدعا، حاج عەلی لە باشوری نەینەوا نیشتەجێبكرێن، بەڵام پەرلەمانتار شیروان جەمال وتی "خەڵكی ناوچەكە دژایەتی توندی خۆیان بۆ ئەو هەوڵە راگەیاند و دواتر بڕیارەكە جێبەجێنەكرا".

ئەو زیاتر وتی "بەپێی زانیارییەكانی ئێمە بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵەوە دەستبكرێت بە گواستنەوەی ژن و منداڵانی داعش بۆ كەمپەكەی زوممار و لەوێ جێگربكرێن". 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT