كچه‌كه‌ی عوسمان هه‌وكردنی ریخۆڵه باریكه‌ی هه‌بوو، دوای بێ هیوابونی له نه‌خۆشخانه حكومییه‌كان به ناچاری سه‌ردانی كلینیكه پزیشكییه‌كانی موسڵی كرد و ته‌نیا له رۆژێكدا، زیاتر له 200 هه‌زار دیناری خه‌رجكرد.
ئه‌و خه‌رجییه زۆره بۆ عوسمان، چونكه داهاتی مانگانه‌ی ئه‌و و به‌شێكی زۆر له دانیشتوانی موسڵ، به‌شی دوجار سه‌ردانی پزیشكی تایبه‌ت و پشكنینه‌كانی ناكات.
"كچه‌كه‌م؛ عولیا ته‌مه‌ن 23 هه‌وكردنی زۆری هه‌بوو، چوینه نه‌خۆشخانه‌یه‌كی حكومی و باری ته‌ندروستی هیچ باش نه‌بوو، چونكه له‌وێ خزمه‌تگوزاری پزیشكی زۆر خراپه" عوسمان عه‌بدولسه‌میع (51 ساڵ) وای وت.
ته‌نیا بۆ بینینی پزیشك، له كلینكێكی تایبه‌ت 20 هه‌زار دینار له عوسمان وه‌رده‌گرن، ئه‌ویش ته‌نیا چه‌ند پرسیارێكی كرد و هیچی تر.
له رۆژێكدا 216 هه‌زار دینار تێچوی سه‌ردانی پزیشك و پشكنینه‌كانمان بوو
"پزیشكێكی هه‌ناوی بوو له به‌ری چه‌پی موسڵ، توشی شۆك بوم به‌و نرخه، چونكه هه‌ر پرسیاری شوێنی ئازاری له كچه‌كه‌م كرد و ئیتر ره‌وانه‌ی پشكنینی كردین".
ئه‌و پشكنینانه‌ی پزیشكه‌كه بۆ كچه‌كه‌ی عوسمانی نوسی، له تاقیگه‌یه‌كی تایبه‌تدا تێچووه‌كه‌ی گه‌یشته 130 هه‌زار دینار، دواتر ده‌رمانی كڕی به بڕی 66 هه‌زار دینار.
عوسمان ده‌ڵێت "له‌و رۆژه‌دا 216 هه‌زار دینار تێچوی سه‌ردانی پزیشك و پشكنینه‌كان بوو به‌بێ ئه‌وه‌ی دواتر كچه‌كه‌م له‌و نه‌خۆشییه چاكبێته‌وه".
(كه‌ركوك ناو) سه‌ردانی ژماره‌یه‌ك كلینیكی پزیشكی تایبه‌تی كرد له موسڵ، له‌وێ گوێبیستی چه‌ندین نه‌خۆش بوو، كه ناڕازی بون له به‌رزی نرخی بینینی پزیشك، پشكنین و ده‌رمان.
"خزمه‌تگوزاری پزیشكی له موسڵ بۆته بازرگانی، له كاتێكدا ئه‌و پیشه‌یه ئه‌ركێكی مرۆییه، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا بۆ ده‌ستكه‌وتنی پاره‌یه له هاوڵاتیانی نه‌خۆش، ئه‌وه‌ش به هه‌ر رێگه‌یه‌ك بێت، بێ له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی خراپی دارایی خه‌ڵك" مه‌روان عه‌بدولعه‌زیم بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ئه‌و ده‌ڵێت كه‌مترین نرخی بینینی پزیشك 20 هه‌زار دینار و به‌رزترین نرخیش نزیكی 50 هه‌زار دیناره، ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وێته سه‌ر ناوبانگ و شاره‌زایی پزیشكه‌كه، "به‌شێكی زۆر له پزیشكه‌كان هیچیان به‌لاوه گرنگ نییه پاره نه‌بێت".
به‌وته‌ی مه‌روان خه‌ڵكی موسڵ ناتوانن تێچوی سه‌ردانی پزیشكی تایبه‌ت دابینبكه‌ن له كاتێكدا نه‌خۆشخانه حكومییه‌كانیش به‌ده‌ست خراپی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستییه‌وه ده‌ناڵێنن.
به‌رزی نرخی پشكنینه پزیشكییه‌كان به‌شێكی په‌یوه‌ندی به گرانی پێداویستییه‌كانی پشكنینه‌وه هه‌یه
شه‌ڕی چه‌ند ساڵه‌ی داعش له موسڵ، زیانی زۆری به كه‌رتی ته‌ندروستی گه‌یاند، به تایبه‌ت له خۆرئاوای شار، كه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی شاری پزیشكی به‌غدای هه‌بوو.
نه‌خۆشخانه‌ی ئیبن سینا، به‌ر له هێرشه‌كانی داعش باڵه‌خانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌شت نهۆمی 535 قه‌ره‌وێڵه‌یی بوو، به هه‌موو پێداویستییه پزیشكییه‌كانه‌وه، به‌ڵام له شه‌ڕه‌دا به ته‌واوی خاپور كرا.
"پشكنینی میز 20 هه‌زار دینار، خوێن له 25 هه‌زار دینار كه‌متر نییه، تیشك له 15 هه‌زار كه‌متر نییه و و سۆنه‌ر 20 هه‌زار دیناره" به‌وته‌ی دكتۆر به‌كر ده‌باغ، خاوه‌نی تاقیگه‌ی پشكنینی پزیشكی له موسڵ.
ئه‌و ده‌ڵێت به‌رزی نرخه‌كان به‌هۆی گرانی پێداویستییه‌كانی به‌كارهاتووی پشكنینه‌وه‌یه، جگه له كرێی شوێنی تاقیگه‌كان، "خه‌ڵك واتێگه‌یشتوه تاقیگه‌كان زیان ناكه‌ن، به‌ڵام وانییه، پێداویستییه‌كان زۆر ده‌كه‌ون به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێكی ته‌ندروستیش هاوكاریمان بكات".
به‌پێی راپۆرتێكی پێشتری رێكخراوی پزیشكانی بێ‌سنور، هێشتا شاری موسڵ له سه‌دا 70ی توانا ته‌ندروستییه‌كانی بۆ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌ری، نه‌قیبی سه‌ندیكای پزیشكانی عیراق پێشتر وتی "بۆ نرخی بینینی پزیشكێكی ئاسایی 10 بۆ 15 هه‌زار دینار دانراوه، پزیشكی پسپۆڕ 20 بۆ 25 هه‌زار، پزیشكی راوێژكار 35 تا 40 هه‌زار دینار دانراوه".
به‌ڵام لقی نه‌ینه‌وای سه‌ندیكای پزیشكانی عیراق، به پاساوی نه‌بونی مۆڵه‌تی لێدوان بۆ میدیا، ئاماده‌نه‌بون قسه بۆ (كه‌ركوك ناو) بكه‌ن.
(كه‌ركوك ناو) سه‌ردانی دكتۆر سه‌ما عوبێدی كرد، ئه‌و ده‌ڵێت زۆرینه‌ی پزیشكه‌كان بونه‌ته بازرگان به‌سه‌ر گیانی نه‌خۆشه‌وه، هۆكاره‌كه‌یشی سه‌ندیكا، حكومه‌تی ناوه‌ندی و ئیداره‌ی خۆجێیی لێی به‌رپرسیارن.
"هیچ یاسایه‌ك نیه پزیشك پابه‌ند بكات به دیاریكردنی نرخی بینینی نه‌خۆش یان تاقیگه بۆ نرخی پشكنین، ده‌رمانخانه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه، بۆیه پێویسته لێپرسراوان بڕیارێك ده‌ربكه‌ن بۆ دیاریكردنی نرخ و هه‌ر كه‌سێكیش پێشێلكاری كرد سزای توندی بده‌ن" سه‌ما عوبێدی ئه‌و داواكارییه‌ی هه‌بوو.
نرخی كلینیك، تاقیگه و ده‌رمانیش له موسڵ جێگیرنین، له شوێنێك بۆ شوێنێكی تر ده‌گۆڕێت، جیاوازی زۆر هه‌یه، به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو).
"پزیشكه‌كان ته‌نیا به نرخی زۆری كلینیكه‌كانیانه‌وه ناوه‌ستن، جۆری ده‌رمان و چاره‌سه‌ره‌كانیش به جۆرێك ده‌نوسن ته‌نیا ده‌رمانخانه‌ی ژێر باڵه‌خانه‌كه‌ی خۆی بزانێت بخوێنێته‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت رێككه‌وتن له نێوانیاندا هه‌یه" هه‌یام سه‌لام (37 ساڵ) وای وت.
به‌وته‌ی ئه‌و هاوڵاتییه، بارودۆخی ته‌ندروستی له موسڵ زۆر خراپه و زۆربه‌ی كلینكه پزیشكییه‌كانیش ئه‌وه‌یان قۆستۆته‌وه.
پارێزگای نه‌ینه‌وا، شه‌ش ناوه‌ندی ته‌ندروستی تایبه‌ت و 16 نه‌خۆشخانه‌ی به توانای 4600 قه‌ره‌وێڵه هه‌بووه، به‌ڵام دوای شه‌ڕ ته‌نیا 1700 قه‌ره‌وێڵه هه‌یه بۆ زیاتر له سێ ملیۆن و 700 هه‌زار هاوڵاتی، به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا.
كه‌رتی ته‌ندروستی حكومی به ته‌واوی خاڵییه له پێداویستی و چاره‌سه‌رییه‌كانی ددان
كه‌ریم وه‌سفی عه‌زاوی، پزیشك له موسڵ، پێیوایه به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی كلینیكه پزیشكییه‌كان و ده‌رمان و پشكنین، به‌هۆی نه‌بونی چاودێرییه‌وه‌یه.
به‌وته‌ی ئه‌و نه‌ینه‌وا سیسته‌می ته‌ندروستی نییه، له ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ریشه‌وه خه‌ڵك روده‌كه‌نه شاری موسڵ، كه خۆی هیلاكه له بواری ته‌ندروستیدا.
به‌رزبونه‌وه‌ی نرخ ته‌واوی بواره‌كانی پزیشكی گرتۆته‌وه، له پشكنینێكی ئاساییه‌وه تا نه‌شته‌رگه‌ری، له نێویاندا چاره‌سه‌ری ددان ده‌گاته زیاتر له دوو ملیۆن دینار.
"كه‌رتی ته‌ندروستی گشتی له موسڵ، به ته‌واوی خاڵییه له پێداویستی و چاره‌سه‌ری ددان، ته‌نیا ئه‌وه‌ی ده‌كرێت هه‌ڵكێشانی ددان-ـه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌وكردنێكی زۆر كه‌میشی هه‌بێت" هه‌به كه‌ریم (27 ساڵ) وای وت.
ئه‌و هاوڵاتییه ده‌ڵێت چه‌ند جارێك سه‌ردانی پزیشكی تایبه‌تی ددان-ی كردووه، بۆ دانانی چوار دان، بڕینی ده‌ماری دوو ددان، پته‌وكردنی بناغه‌ی ددان و دانانی چه‌ند مادده‌یه‌كی تایبه‌ت، ده‌وروبه‌ری دوو هه‌زار و 100 دۆلار (21 وه‌ره‌قه‌ی) خه‌رجكردووه.