سەعد حەربیە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، داوای بڵاوكردنەوەی پەیامی ئاشتیی و پێكەوەژیان لە پیاوانی ئایینی پارێزگاكە دەكات لەڕێی مینبەری مزگەوتەكانەوە. لەگەڵئەوەشدا تێبینیی و سهرنجی هەیە.
سەعد حەربییە، دووشەممە 10ی شوبات، لەگەڵ لانیكەم 100 كەس لە پیاوانی ئایینی، پێشنوێژ وتارخوێنی مزگەوتەكانی كەركوك كۆبۆوە. بە بەشداریی پۆلیس و هەواڵگری پارێزگاكە.
یونس محەمەد حەسەن، لێپرسراوی راگەیاندنی وەقفى سوننی لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەزگا ئەمنییەكان چەند راو سرنجێكیان هەبوو بەتایبەت لەسەر پرسی ئاشتیی و پێكەوەژیانی برایانە لەنێوان پێكهاتەكان و داوایانكرد لەمینبەری مزگەوتەكانەوە بیگەیەنن".
لەگەڵئەوەشدا وتی "سەعد حەربییە رۆڵی پێشنوێژ و وتارخوێنەکانی لەکاتى شەڕى داعشدا بەگرنگ وەسفكردووە".
سەعد حەربییە، لە كۆبونەوەكەدا رەخنەی ئەوەی گرتووە كە پەیوەندی نێوان پیاوانی ئایینی هەردوو مەزهەبی سوننە و شیعە باش نییە.
سەعد حەربییە وتویەتی هەرچەندە ئێوە دەڵێن پەیوەندییەكە زۆر باشە، بەڵام وانییە، بۆ ئەوەش نمونەی نەبونی خوێندنگەیەكی ئایینی نێوان هەردوو مەزهەبەكەی هێناوتەوە لەكەركوك. ئەوەش بەپێی وتەی لێپرسراوی راگەیاندنی وەقفى سوننی.
داواكاریی پیاوانی ئایینی
لە كۆبونەوەكەدا پیاوانی ئایینی چەند داواكاریی و ناڕەزاییەكیان هەبووە. لەوانە وتویانە "هەندێك كات لە بازگەكانی ناو شار و دەرەوەی شار روبەڕوی كێشەو سوكایەتیكردن بوینەتەوە لەلایەن كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكانەوە".
لێپرسراوی راگەیاندنی وەقفى سوننی لەكەركوك وتی "داوامانكرد رێز لە پیاوانی ئایینی بگیرێت و لە بازگەكاندا هاوكارییان بكرێت".
لەگەڵئەوەشدا داوایان لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان كرد، چاودێری وردی شوێنەكانی فرۆشتنی مەیی و كافتریاكان بكرێت و سنورداربكرێن. لەپێناو ئەوەی گەنجان دوركەونەوە لە مەی و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر پەرەنەسێنێت.
داواشیانكردووە، لە هەڵمەتى گەڕان و پشکنینی ناو شار "باش و خراپ" پێكەوە نەسوتێنرێن و دانانی بازگەی شەقامەكانی ناو شار كەمتربكرێنەوە كە بۆتەهۆی بێزاركردنی خەڵك.
لێپرسراوی راگەیاندنی وەقفى سوننی لەكەركوك وتی "لەڕێی سەعد حەربییەوە داوا لە پارێزگاری كەركوك كرا لە رۆژانی هەینی ماوەی دوو كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی نەپچڕێنرێت".
داواكرا لە رۆژانی هەینی ماوەی دوو كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی نەپچڕێنرێت
مەلا ساماڵ جەبار، پێشنوێژ و وتارخوێن و بەشداربوی كۆبونەوەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوەى ئێمە داوامانکرد ئەوەیە کە لە بەشێک لە بازگەکان سوکایەتى بە خەڵکى کەرکوک دەکرێت و پێویستە شارستانیانە مامەڵە بکرێت... هەروەها لەکاتى گەڕان و پشکنیندا هێزە ئەمنیەکان بەشێوەی ناشرین هەڵنەكوتنەسەر ماڵی خەڵك".