خه‌ڵكی موسڵ له‌ هه‌ڵمه‌تی ئه‌منی ماڵ به‌ماڵ نیگه‌رانن

نه‌ینه‌وا، 2019، هه‌ڵمه‌تێكی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ موسڵ فۆتۆ: راگه‌یاندنی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

هێزێكی زۆری ئه‌منی، له‌ پڕ هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ناوچه‌ی ریساله‌ له‌ به‌ری چه‌پی موسڵ و هه‌رچی ته‌مه‌نی له‌ نێوان 17 بۆ 50 ساڵیدایه‌، له‌ خوێندنگه‌یه‌كدا كۆیانده‌كه‌نه‌وه‌ تا له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كانیان بكۆڵنه‌وه‌.

ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ئه‌منییه‌ له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی شاری موسڵ دوباره‌ بۆته‌وه‌، به‌ ئامانجی پشكنینی ماڵ به‌ماڵ، بۆ دۆزینه‌وه‌ی تۆمه‌تباران و پاشماوه‌كانی داعش.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، زۆرێك له‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ له‌ شێوازی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ نیگه‌رانن، به‌شێكیشیان ده‌ترسن به‌هۆی لێكچونی ناوه‌كانیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ داواكراواندا ده‌ستگیربكرێن.

"به‌ره‌به‌یان بوو له‌ ده‌رگای ئێمه‌یاندا، به‌ په‌له‌ له‌ خه‌و راپه‌ڕیم و په‌رده‌كه‌م لادا، كه‌ ده‌یڕوانی به‌سه‌ر حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌دا، بینیم ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌رگاكه‌یانداوه‌ نزیكه‌ی هه‌شت چه‌كدار بون به‌ جلوبه‌رگی سه‌ربازییه‌وه‌" ئه‌بو عومه‌ر، دانیشتوی ناوچه‌ی ریساله‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

ده‌ستبه‌جێ ئه‌بو عومه‌ر ده‌رگاكه‌ ده‌كاته‌وه‌، "چه‌كداره‌كان وتیان له‌ هێزی فه‌رمی فریاكه‌وتن و هه‌واڵگرین، هاتون بۆ وردبینی له‌و گه‌نج و پیاوانه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌دا ده‌ژین".

muslll..
نه‌ینه‌وا، 2019، ناوچه‌ی غاباتی گه‌شتیاری له‌سه‌ر كه‌ناری روباری دیجله‌ موسڵ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئه‌بو عومه‌ر و سێ له‌ كوڕه‌كانی له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانه‌وه‌ ده‌برێنه‌ نێو خوێندنگه‌یه‌ك، كه‌ له‌وێ ژماره‌یه‌كی تر پیاو و كوڕی گه‌نجی هه‌مان ناوچه‌ی تێدابووه‌، تا له‌ ناوه‌كانیان بكۆڵنه‌وه‌.

هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، ناوی سیانی هه‌ر هاوڵاتییه‌ك به‌پێی ناسنامه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ناوه‌كانی ئه‌و لیسته‌دا به‌راورد ده‌كه‌ن كه‌ داواكراون، هه‌ر كه‌سێك ناوه‌كه‌ی له‌یه‌ك چوو بوو، ئه‌وا ده‌ستگیرده‌كرێت.

ئه‌بو عومه‌ر ده‌ڵێت كێشه‌كه‌ ته‌نیا وردبینی ئه‌منی نیه‌ به‌ڵكو شێوازه‌كه‌یه‌تی، چونكه‌ به‌ شه‌وی تاریك و له‌ كه‌شێكی سارددا له‌ ماڵ ده‌برێنه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ش ترس و دڵه‌ڕاوكێ دروستده‌كات، به‌ تایبه‌ت بۆ ژن و منداڵی خه‌ڵك كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و نازانن چی به‌سه‌ر پیاو و كوڕه‌كانیاندا دێت.

له‌ دوای كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ له‌ ته‌موزی 2017دا، هێزێكی زۆری ئه‌منی له‌ چوارده‌وری شاری موسڵه‌ و به‌رده‌وامیش هه‌ڵمه‌تی پشكنینیان هه‌یه‌.

"هه‌ڵسوكه‌وتێكی ناشایسته‌یه‌ كاتێك هه‌رچی پیاو و كوڕی گه‌نجه‌ له‌ شوێنێكدا كۆبكرێنه‌وه‌ و ده‌ستبه‌سه‌ربكرێن، به‌ ناوی وردبینی ئه‌منی و لێپرسینه‌وه‌، نمونه‌ی ئه‌وه‌ش له‌ ناوچه‌ی ریساله‌ی موسڵ رویدا" عه‌بدولره‌حیم شمه‌ری، په‌رله‌مانتاری عیراق له‌ پشكی نه‌ینه‌وا واده‌ڵێت.

شمه‌ری به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت، ئۆپه‌راسیۆنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هاوشێوه‌ی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌یه‌ به‌ر له‌ ساڵی 2014دا دژی خه‌ڵكی موسڵ ئه‌نجامده‌دران، به‌هۆیه‌وه‌ بۆشایی زۆر له‌ نێوان خه‌ڵك و هێزه‌كاندا دروستبوو.

musll (2)
نه‌ینه‌وا، بازاڕی نه‌بی یونس له‌ شاری موسڵ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ده‌وروبه‌ری دوو هه‌زار و 500 كه‌س كێشه‌ی لێكچونی ناویان هه‌یه‌ له‌ موسڵ، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی خۆجێیی نه‌ینه‌وا، بۆیه‌ مه‌ترسی هه‌یه‌ كه‌سانێكی بێتاوان ده‌ستگیربكرێن ته‌نیا به‌هۆی لێكچونی ناوه‌كانیان له‌گه‌ڵ داواكراواندا، له‌وكاته‌شدا بۆ ده‌ركه‌وتی راستییه‌كه‌، ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ تۆماری باری شارستانی و ناسناو و ناوی عه‌شیره‌ت، كه‌ ره‌نگه‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك كاتی بوێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ فه‌رمانده‌یی پۆلیسی نه‌ینه‌وا بۆ (كه‌ركوك ناو) رونیكرده‌وه‌، لیژنه‌ی وردبینی ئه‌منی له‌ كۆتایی 2017دا به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێكهێنراوه‌ بۆ گه‌مارۆدانی گه‌ڕه‌كه‌كانی موسڵ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌هه‌موو كه‌سێك، به‌ ئامانجی گه‌یشتن به‌ داواكراوانی داعش.

"ته‌واوی گه‌ڕه‌كه‌كانی به‌ری چه‌پی موسڵ وردبینی تێدا كراوه‌، به‌شێكیان زیاد له‌ جارێكیش، بۆیه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وامی ده‌بێت وه‌ك گره‌نتییه‌ك بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری" به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرابكرێت.

ئه‌وه‌شه له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی عیراق، له‌ كۆتایی 2019دا، بڕیاریدا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی وردبینی ئه‌منی له‌ پارێزگا كۆنتڕۆڵكراوه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش.

عه‌بدولكه‌ریم خه‌ڵه‌ف، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق، پێشتر له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی رۆژنامه‌وانیدا رونیكرده‌وه‌ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی وردبینی ئه‌منی ته‌نیا ئاواره‌ی نێو كه‌مپه‌كان ناگرێته‌وه‌.

muslli kon
نه‌ینه‌وا، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ناوه‌ندی شاری موسڵ فۆتۆ: فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان

سه‌رباری تێپه‌ڕینی زیاتر له‌ دوو ساڵ به‌سه‌ر كۆتاییهاتنی داعش، هێشتا له‌ چه‌ندین ناوچه‌ جموجۆڵی چه‌كداری و روداوی توندوتیژی هه‌یه‌، كه‌ به‌وته‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌رێی شانه‌ نوستوه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێن.

عه‌دنان عه‌زام، توێژه‌ری سیاسی داواده‌كات به‌پێویستی زانی خوێندنگه‌ و ناوه‌نده‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان به‌ ئارامی بمێننه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌وه‌ده‌كرێت، وه‌ك ناوه‌ندێك یان بۆ مه‌به‌ستی سه‌ربازی و ئه‌منی به‌كارنه‌هێنرێن.

عه‌زام به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ده‌ستبه‌سه‌ركردنی خه‌ڵك ته‌نیا به‌پێی یاسا ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ك هه‌بێت تۆمه‌تباری بكات به‌ ئه‌نجامدانی تاوانێك، نه‌ك به‌هۆی كرده‌وه‌ی كه‌سوكاریانه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌ڵمه‌تی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌چوارچێوه‌ی بنه‌ما عیراقیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا بێت، به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاو كه‌ رێزی خه‌ڵك بپارێزن".

رێكخراوی داعش، بۆ زیاتر له‌ سێ ساڵ حوكمی شاری موسڵ و چه‌ندین ناوچه‌ی تری عیراقیان كرد، له‌وماوه‌یه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك په‌یوه‌ندی پێوه‌كردن و هه‌زاران هاوڵاتی وه‌ك داواكراو له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ تۆماركراون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT