دوو منداڵی ئاوارە لەگوندی شاریا لە پارێزگای دهۆك بەسوتان گیانیانلەدەستدا، دوای ئەوەی ئاگر لە ژورەكەدا دەكەوێتەوە و دایكیان فریا ناكەوێت رزگاریان بكات.
ئەو دوو منداڵە ئیلین سێ ساڵ و ئەلەند ساڵ و نیو، بەر لە كاتژمێر 10ی شەوی رابردوو ژورەكەیان بەهۆی شۆرتی كارەباوە گڕدەگرێت وهەردوكیان دەسوتێن، لەوكاتەی لە شیرینی خەودا بون.
نهواف عیدو، خاڵى ئهو دوو منداڵه، بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتژمێر نۆ بەدواوە ئیلین و ئەلەند لە ژورێكدا دەخەوێنرێن، بەر لە كاتژمێر 10 ئاگرەكە كەوتۆتەوە و هەردوكیان سوتان... بەداخەوە نەمانتوانی رزگاریان بكەین".
بەداخەوە نەمانتوانی رزگاریان بكەین
ئەو خێزانە ئاوارەن، لەكاتی ئاگركەوتنەوەكەدا باوكیان لەماڵ نەبووە و دایكیشیان لە حەمامی ماڵەكەدا سەرقاڵی جلشۆرین بووە.
نەواف وتی كە شۆرتی كارەبا هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە بووە.
لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی خانوەكە لە بلۆك دروستكراوە. بەڵام سەقفەكەی دار و نایلۆن بووە و زوو گڕی گرتووە.
"سەرەتا دهرگای ژورهکه داخرابوو و زۆر هەوڵماندا بههیچ شێوهیهک نەدەكرایەوە تا رزگاریان بكەین. تا دەرگاكەمان شكاندو ئاگرەكەمان كوژاندەوە، هەردوو منداڵەكە گیانیانلەدەستدابوو". خاڵی منداڵەكان وایوت.
خێرۆ قاسم، دراوسێی ئەو خێزانە، وتی كە كاتژمێر 10 بوو، دایكیان هاواری كرد و داوای یارمەتی كرد، "خێرا تەلەفونمان بۆ ئاگركوژێنەوە كرد".
ئەو وتی "بەرلەوەی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە بگەن، توانرا ئاگرەكە كۆنترۆڵبكەین، بەڵام بەداخەوە ئیلین و ئەلەند گیانیانلەدەستدابوو".
بەرلەوەی تیمەكانی ئاگركوژێنەوە بگەن، توانرا ئاگرەكە كۆنترۆڵبكەین، بەڵام بەداخەوە ئیلین و ئەلەند گیانیانلەدەستدابوو
فهلیت داود و سارا ئهلیاس، خەڵكی قەزای شنگالن و لە ئاوارەییدا لە ساڵی 2016 هاوسەرگیرییان كرد و ئەو دوو منداڵەیان هەبوو.
خێرۆ قاسم دراوسێی ئەو خێزانە، وتی "ئهگهر ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە زوو بگەیشتایە، كارەساتەكە بەو شێوەیەی ئیستا نەدەبوو".
بەڵام ربێوار عهبدولعهزیز، لێپرسراوی بهشی راگهیاندن له بهڕێوهبەرایهتی بهرگری شارستانی دهۆک، به (کهرکوک ناو)ی وت "لەدوای تەلەفونەكەوە تەنیا 10 خولەك دواكەوتین، ئەوەش بەهۆی بەفربارین و خراپی كەشوهەوا... دەبوایە ئەوان زووتر تەلەفونیان بكردایە".
زیاتر وتی "كاتێك گەیشتینە سەر روداوەكە، بهشێکی زۆری خانوهکه سوتا بوو و بەداخەوە ئەو دوومنداڵە گیانیانلەدەستدابوو".