ژماره‌یه‌ك له كاسبكارانی بازاڕی قه‌یسه‌ریی كه‌ركوك، داوای راده‌ستكردنه‌وه‌ی دوكانه‌كانیان ده‌كه‌ن كه بژێوی ده‌یان خێزانی له‌سه‌ره، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی توركییه‌وه نۆژه‌نكرانه‌وه.
دوكانداره‌كانی بازاڕی قه‌یسه‌ری، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 18ی شوبات، له گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییدا داواكارییه‌كه‌یان به ئیداره‌ی كه‌ركوك گه‌یاند.
رزگار جومعە، یه‌كێك له رێكخه‌رانی گربونه‌وه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ساڵیك و سێ مانگە بازاڕه‌كه سوتاوه كه بژێوی نزیكه‌ی هه‌زار و 400 خێزانی له‌سه‌ره، هه‌رجاره و به پاساوی راده‌ستكردنه‌وه‌ی دوكانه‌كان دواده‌خرێت".
به‌وته‌ی رزگار داواكارییه بۆ ئه‌وه‌یه به زوترین كات دوكانه‌كان راده‌ستبكرێنه‌وه به‌وپێیه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كۆتایی هاتووه.
ئه‌و بازاڕه مێژوییه‌ی كه‌ركوك، شه‌وی 26ی تشرینی دووه‌می 2018 گڕیگرت و لانیکه‌م 220 دوکان به ته‌واوی سوتان، هه‌ر ئه‌وکات "له چوارچێوه‌ی ده‌سپێشخه‌رییه‌کی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان"، رێکخراوی تیکای تورکی ئه‌رکی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ و له‌مساڵدا كاره‌كانی كۆتاییهات.
خەلیل ئیبراهیم، دوكاندارێكی تری بازاڕه‌كه‌یه و ده‌ڵێت سه‌رباری نه‌بونی قه‌ره‌بوو بۆ ئه‌و زیانه زۆره‌ی له ئاگره‌كه‌دا به‌ریانكه‌وت، راده‌ستكردنه‌وه‌ی دوكانه‌كانیش دواخراوه، له كاتێكدا دوباره ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ئیشه‌كانیان مانگێك ئاماده‌كاری ده‌وێت.
"ئه‌وه‌ی به ئێمه وتراوه دره‌نگكه‌وتنی كردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كه به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه چاوه‌ڕێن پارێزگاری كەركوك له‌گه‌ڵ باڵیۆزی توركیا و وەزیری رۆشنبیری عیراق له مه‌راسیمێكدا له 25ی شوبات بیكه‌نه‌وه" به‌وته‌ی خه‌لیل.
ساڵی رابردوو، له هه‌ر حه‌وت ده‌رگاکه‌ی بازاڕه‌كه‌دا، تابلۆی نوێ دانرایه‌وه به‌ڵام تەنیا بە زمانەكانی عەرەبی و توركی، به‌بێ زمانی کوردی و سریانی، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی به‌شێك له دوكاندارانی لێكهوتهوه و دواتر تابلۆكان گۆڕدران بۆ هه‌ر چوار زمانه‌كه.
سەرچاوەیەك له فەرمانگەی شوێنه‌واری كه‌ركوك –بازاڕه‌كه له به‌رپرسیارێتی ئه‌واندایه- به (كه‌ركوك ناو)ی وت "نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌یسه‌رییه‌كه ته‌واو بووه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه رادهستنهكراوهتهوه پارێزگار له كه‌ركوك نه‌بووه و بڕیاره له‌گه‌ڵ باڵیۆزی توركیا بازاڕه‌كه بكه‌نه‌وه".
مێژوی قه‌یسه‌ریی که‌رکوک بۆ 160 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌رێته‌وه و له‌لایه‌ن عوسمانییه‌کانه‌وه له‌سه‌ر روبه‌روی دوو هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه بنیاتنراوه، ساڵی 1983 بۆ یه‌که‌مجار نۆژه‌نکراوه‌ته‌وه، قه‌یسه‌رییه‌که له 232 دوکان پێکدێت و حه‌وت ده‌رگای هه‌یه.