ژماره‌یه‌ك گه‌نج كوژران و برینداربون، به‌هۆی ده‌ستڕێژی گولـله‌ی چه‌كدارێكه‌وه له دوكانی هاوڵاتییه‌ك، ئه‌وه‌ش له گوندێكی سنوری قه‌زای دوبز.
روداوه‌كه ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 18ی شوبات بووه، له گوندی چه‌خماخه‌ی قه‌زای دوبز به‌دوری 35كم له خۆرئاوای پارێزگای كه‌ركوك.
به‌پێی زیاد له شایه‌تحاڵێكی دانیشتوی ئه‌و گونده بۆ (كه‌ركوك ناو)، چه‌كداره‌كان هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر دوكانه‌كه و ده‌ستبه‌جێ ده‌ستڕێژیان له ژماره‌یه‌ك گه‌نج كردووه، به‌هۆیه‌وه چوار هاوڵاتی كوژراون و دوانی دیكه‌ش برینداربون.
برینی ئه‌و دوو كه‌سه‌ش سه‌خت بووه و ده‌ستبه‌جێ ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كانی شاری كه‌ركوك كراون.
به‌پێی گرته‌ی ڤیدیۆیی كامێرایه‌كی چاودێری، كه ئه‌مشه‌و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكرایه‌وه، ده‌رده‌كه‌وێت چه‌كدارێك ده‌چێته به‌رده‌م دوكانه‌كه و بۆ چه‌ند چریه‌ك ده‌ستڕێژی گولـله ده‌كات.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی ئاگادار له روداوه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و چه‌كدارانه‌ی هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه سه‌ر داعش بون و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی گونده‌كه‌شدا كه‌وتونه‌ته پێكدادان و روبه‌ڕوبونه‌وه رویداوه".
به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی ناوخۆیی و هێزه‌كانی دیكه به هانای خه‌ڵكی گونده‌كه رۆیشتون و بۆ ماوه‌یه‌ك شه‌ڕ به‌رده‌وام بووه.
به‌پێی ئاماره سه‌ره‌تاییه‌كان له روداوه‌كه‌ودا، كه (كه‌ركوك ناو) نه‌یتوانی له لایه‌نی فه‌رمییه‌وه پشتڕاستی بكاته‌وه، هه‌ریه‌ك له عەلی ئەحمەد (22 ساڵ)، مه‌حمود ئیبراهیم (25 ساڵ) ئەحمەد جاسم (21 ساڵ) و مەریوان سیروان (25 ساڵ) كوژراون، ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی دیكه‌ش برینداربون.
هاوڵاتییه‌كی دانیشتوی گونده‌كه كه نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "سه‌ره‌تا داعش به ته‌قه‌ی زۆره‌وه هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر گونده‌كه و دواتر خه‌ڵك بۆ پاراستنی خۆی روبه‌ڕویان بونه‌وه".