حكومەت حەوت مانگە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی شنگالی راگرتووە

نه‌ینه‌وا/15ی ئازاری 2019/ گه‌نجانی ئێزیدی له‌ مه‌راسیمی هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵدا گوڵ له‌سه‌ر روفاتی قوربانیان داده‌نێن فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عەمار عەزیز – شنگال

حكومەتی عیراق بڕیاریداوە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی شنگال بۆ مانگی ئایاری ئەمساڵ دوابخات، لەكاتێكدا بارانی بەخوڕ بەشێك لە گۆڕەكانی هەڵداتەوە و ئامادەكارییەكانی تێكداوە. ئەوەش نیگەرانی كەسوكاری قوربانیانی لێكەوتۆتەوە.

تیمی نیشتمانی به‌غدا، كە ئەركیان هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانە، سه‌ره‌تای ته‌مموزی 2019 كارەكانیان لە شنگال راگرت و بۆ بەغدا گەڕانەوە، دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین گۆڕی سه‌رده‌می داعشیان له‌ گوندی كۆجۆی ئه‌و قه‌زایه‌ هه‌ڵدایه‌وه‌ و روفاته‌كانیان بۆ پشكنین رەوانەی بەغدا كرد.

داود موراد، لێپرسراوی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كان و راگه‌یاندن له‌ جڤاتی كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزیدی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "لە شنگال هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان وەستاوە، بەڵام له‌ شوێنه‌كانی تری عیراق وه‌كو سه‌ماوه‌ به‌رده‌وامه، ئەوەش بۆ ئێمە جێی پرسیارە و پێمانوایە بێڕێزی دەكرێت بەرامبەر قوربانییەكان و كارەساتەكە".

بۆ ئێمە جێی پرسیارە و پێمانوایە بێڕێزی دەكرێت بەرامبەر قوربانییەكان و كارەساتەكە

بەگشتی حكومەتی عیراق و تیمە نیشتیمانییەكە، نەبونی بودجە و بارودۆخی عیراق لەوانەش خۆپیشاندانەكان بەهۆكاری دەستپێنەكردنەوەی كارەكانیان دادەنێن.

بەڵام داود موراد وتی "بۆچی بۆ ئەوان بودجه‌ هه‌یه و بۆ ئێمە نییە؟ دۆخی شنگالیش باشترە لە ناوچەكانی تری عیراق... پێمانوایە حكومەت راستناكات و تەنیا پاساو بۆ رازیكردنی ئێمە دەهێنێتەوە".

gorr.shngal
نه‌ینه‌وا/15ی ئازاری 2019/ هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ گوندی كۆجۆ له‌ شنگال، كه‌ به‌ده‌ستی چه‌كدارانی داعش كوژران فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزه‌یدی

 

"كه‌سوكاری قوربانیان زۆر بێزاربون‌ له‌ راگرتنی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان"، داود وایوت.

لە 15ی ئازاری ساڵی 2019ەو به‌ بڕیاری حكومه‌تی عیراق، یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كان له‌ گوندی كۆجۆ هه‌ڵدرایه‌وه‌، ئەوەش له‌مه‌راسیمێكی فراواندا به‌ ئاماده‌بونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كه‌سوكاری قوربانیان، نادییه‌ موراد، براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی و بابا شێخ، مه‌رجه‌عی باڵای ئێزیدییه‌كان به‌ڕێوەچوو.

رائید فه‌لاح حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌ تیمی نیشتیمانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "تیمی نیشتیمانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵەكان، تەنیا چوار مانگ لە شنگال كاریان كرد و دواتر گەڕانەوە بەغدا".

تیمی نیشتیمانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵەكان، تەنیا چوار مانگ لە شنگال كاریان كرد

تائێستا تەنیا 16 گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ گۆندی كۆجۆ هه‌ڵدراونه‌ته‌وه‌ كه‌ 234 روفاتی تێدابووە و بۆ پشكنینی DNA ره‌وانه‌ی به‌غدا كراون.

رائید فه‌لاح وتیشی "په‌یوه‌ندیمان له‌گەڵ تیمی نیشتیمانی به‌غدا هەیە، به‌ڵام هیچ واده‌یه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان دیار نییە... بارودۆخى به‌غدا و خوپێشاندانه‌كان یه‌كێكن‌ له‌ هۆكاره‌كان، به‌ڵام له‌ شنگال هیچ كێشه‌یه‌ك نییه‌ و هه‌موو شتێك ئاماده‌یه‌، چه‌ند دوابكه‌وێت كاری هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كان قورستر ده‌بێت".

بەشێك لەو ئامادەكارییانەی بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەكان كرابون بەهۆی بارانی بەخوڕەوە تێكچون و بەشێكی لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەركەوتون.

داود سالم، وته‌بێژی گۆندی كوجۆ بە (كەركوك ناو)ی وت "له‌سه‌دا 60ی ئه‌و گوڕانه‌ی كه‌ ئێمه‌ ئاماده‌مان كردبون بۆ هەڵدانەوەیان، به‌هۆی بارانەوە تێكچون، ده‌بێت جارێكی تر ئاماده‌بكرێنه‌وه ئەوەش كاتی دەوێت".

134 روفاتی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی كۆجۆ كە ئایاری ساڵی رابردوو هەڵگیرانەوە لە پزیشكی دادوەری بەغدان بۆ پشكنین.

rufat-1
نه‌ینه‌وا/15ی ئازاری 2019/ هه‌ڵدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ له‌ گوندی كۆجۆ له‌ شنگال، كه‌ به‌ده‌ستی چه‌كدارانی داعش كوژران فۆتۆ: AFP

 

سالار مه‌حمود، راوێژكاری سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌ دواداچون بۆ روفاته‌كانی گوندی كۆجۆ، بە(كەركوك ناو)ی وت "تەنیا پشكنین بۆ 70 روفاتیان كراوه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئیشی پشكنین له‌سه‌ر روفاته‌كان رانەگیراون. به‌ڵام له‌به‌ر قورسیی و وردی ئیشه‌كه‌ كه‌مێك دواده‌كه‌وێت".

جەختیشیكردەوە "له‌ پزیشكی دادوه‌ری به‌غدا ته‌نیا پشكنین بۆ روفاتی ئێزدییه‌كان ناكرێت، به‌ڵكۆ كۆمه‌ڵێك روفاتی دیكه‌ش هه‌ن". زیاتر وتی "ئه‌وان ئیشی خۆیان زۆر به‌ڕێك و پێكی و بەوردی ئه‌نجامده‌ده‌ن".

داعش له‌ 3ی ئابی 2014دا، هێرشیكرده‌ سه‌ر شنگال و له‌ 15ی ئاب كۆمه‌ڵكوژی له‌ گوندی كۆجۆی ئێزیدینشین ئه‌نجامدا؛ به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری ئێزیدییان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوو هه‌زار و 293 ئێزیدی به‌ ده‌ستی داعش كوژراون.

هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ له‌ سنوری قه‌زای شنگال، 80 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەك كەسی، كه‌ مێژوه‌كانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

كێشەیەكی تر كە رەنگە لەداهاتودا روبەڕوی دۆسییەی روفاتەكان ببێتەوە، دابیننەكردنی گۆڕستانێكی تایبەتە بۆیان.

ئەنجومەنی گوندی كۆجۆ وتی "هیچ كه‌سێك ئاماده‌ نییه پارچه‌ زه‌وییه‌ك ببه‌خشێت، حكومه‌تی عیراقیش زۆر كه‌مته‌رخه‌مه‌ له‌ دیاریكردنی شوێنێك بۆ گۆڕستانێكی تایبەت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT