هه‌ژاری؛ له‌ نه‌ینه‌وا زیادیكردووه‌ و له‌ ئاستی عیراقدا كه‌مبۆته‌وه‌

نه‌ینه‌وا، 2019، ناو بازاڕی گه‌ڕه‌كی باب جه‌دید له‌ به‌ری راستی شاری موسڵ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

رێژه‌ی هه‌ژاری له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌ شه‌ش ساڵی رابردوودا بۆ نزیكه‌ی دوو هێنده‌ به‌رزبۆته‌وه‌، له‌ كاتێكدا له‌سه‌ر ئاستی عیراق به‌ گشتی هه‌ژاری كه‌مبۆته‌وه‌.

به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق، كه‌ شوباتی 2020 بڵاویكرده‌وه‌، رێژه‌ی هه‌ژاری له‌ نه‌ینه‌وا سه‌دا 37.7ـه‌، ئه‌وه‌ش زیاتره‌ له‌و رێژه‌یه‌ی به‌ر له‌ هێرشه‌كانی داعش له‌ هه‌مان پارێزگادا تۆماركراوه‌.

عه‌بدولزه‌هره‌ هه‌نداوی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانان پێشتر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "رێژه‌ی هه‌ژاری له‌ نه‌ینه‌وا، به‌ر له‌ شه‌ڕی داعش (به‌ر له‌ 2014)، نه‌ده‌گه‌یشته‌ سه‌دا 20".

رێكخراوی داعش، له‌ حوه‌زیرانی 2014دا ده‌ستی به‌سه‌ر موسڵدا گرت و دوای چه‌ند ساڵێك له‌ شه‌ڕ، شارێكی وێرانه‌ی دوای خۆی به‌جێهێشت، له‌وكاته‌وه‌ خه‌ڵكێكی زۆر بێكار بون و به‌ ئه‌سته‌م بژێوییان دابینده‌كه‌ن.

رۆژانه‌ به‌ ده‌ستگێڕی نان به‌ دوكان و ماڵان ده‌فرۆشم

"بژێوی من و منداڵه‌كانم، له‌سه‌ر دروستكردن و فرۆشنی نانه‌، دوای ئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌م له‌ ده‌ستدا" دایكی عه‌بدولجه‌بار (41 ساڵ) وای وت.

ئه‌و ژنه‌ له‌ ناوچه‌ی 17ی ته‌مموزی خۆرئاوای موسڵ بوو، به‌ ده‌م فرۆشتنی نانه‌وه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) باسی له‌وه‌كرد چۆن هه‌موو به‌ره‌به‌یانێك به‌ 200 نانه‌وه‌ له‌ ماڵ ده‌رده‌چێت، به باشی ده‌یپێچێته‌وه‌، تا ده‌گاته‌ شوێنی فرۆشتنه‌كه‌ی سار نه‌بێته‌وه.

دایكی عه‌بدولجه‌بار ده‌ستگێڕه‌، به‌ر له‌ده‌ستدانی هاوسه‌ره‌كه‌ی كاری نه‌ده‌كرد، به‌ڵام دواتر بژێوی ماڵه‌كه‌ی و هه‌ژاری ناچاری كرد، چونكه‌ په‌روه‌رده‌ و به‌خێوكردنی پێنج منداڵ (دوو كوڕ و سێ كچی)ی كه‌وته‌ ئه‌ستۆ.

ئه‌و ئێستا رۆژانه‌ی كاركردنی ناگاته‌ 15 هه‌زار دینار.

musll-13

موسڵ، 2017، خەڵكی شارەكە دەیانەوێت ژیانی ئاسایی دوای شەڕ دەستپێبكەنەوە فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق له‌ ئاماره نوێیه‌كانیدا، ئاماژه‌ی به‌ دابه‌زینی رێژه‌یه‌كی كه‌می هه‌ژاری كردووه‌ له‌سه‌ر ئاستی وڵاتدا له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی كۆتاییدا، ئه‌وه‌ش به‌راورد به‌ ئاماره‌كانی 2014، دوای ئه‌و قه‌یرانه‌ ئه‌منی و داراییانه‌ی رووی له‌ عیراق كرد.

به‌پێی ئاماره‌كان زۆرترین رێژه‌ی هه‌ژاری له‌ به‌غدای پایته‌خت سه‌دا 10ـیه‌، پارێزگای موسه‌نا به‌رزترین رێژه‌ی هه‌یه‌ و ده‌گاته‌ سه‌دا 52، كه‌مترین رێژه‌ش سه‌دا 4.5ـه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی.

ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ كه‌ركوك سه‌دا 7.6، له‌ دیاله‌ سه‌دا 22.5 و له‌ سه‌ڵاحه‌دین 18ـه‌یه‌.

"بێوه‌ژن و منداڵانی بێباوان و ژنانی ته‌ڵاقدراو ئه‌و توێژه‌ی موسڵن كه‌ به‌ ده‌ستی هه‌ژاری دوای شه‌ڕه‌وه‌ ده‌ناڵێنن" به‌وته‌ی ره‌وا حه‌لیم، توێژه‌ری ده‌رونی.

ره‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "رێژه‌ی بێوه‌ژن له‌ موسڵ به‌پێی توێژینه‌وه‌كانی من گه‌یشتۆته‌ دوو هێنده‌ به‌راورد به‌ 2014، به‌هه‌مانشێوه‌ منداڵانی بێباوان و ژنانی جیابۆوه‌، به‌شێكی تر له‌و توێژه‌ هه‌ژاره‌ ئه‌و ژنانی بێسه‌روشوێنن كه‌ خێزانه‌كانیان هیچ داهاتێكی جێگیریان نییه‌".

به‌پێی ئاماره‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی رێژه‌ی هه‌ژاری له‌ ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كانی عیراقدا له‌ سه‌دا 40 زیاترن.

"له‌ بازاڕی نه‌بی یونس عه‌لاگه‌ ده‌فرۆشم تا بتوانم بژێوی دایكم و سێ خوشكه‌كه‌م دابینبكه‌م" عه‌بدولمه‌لیك عه‌بدوڵا (10 ساڵ) وای وت. ئه‌و له‌ ده‌ستێكی نایلۆنه‌كان و له‌ ده‌سته‌كه‌ی تریدا به‌ ده‌نگێكی تۆماركراوی له‌رێی بڵندگۆوه‌ هاوكاری فرۆشتنی عه‌لاگه‌ی ده‌كرد "عه‌لاگه‌ی ئه‌سڵی به‌ 250 دینار".

عه‌بدولمه‌لیك وازی له‌ خوێندن هێناوه‌ له‌به‌ر كاركردن، ئه‌وه‌ش دوای گیانله‌ده‌ستدانی باوكی به‌ بۆردومانی ئاسمانی له‌ شه‌ڕدا، كه‌ زیانی زۆریشی به‌ خانوه‌كه‌یان له‌ به‌ری چه‌پی موسڵ گه‌یاند.

"رۆژانه‌ چوار بۆ پێنج هه‌زار دینارم ده‌ستده‌كه‌وێت، به‌وه‌ش لانیكه‌م پاروه‌ نانێك و پێداویستی كه‌می خێزانه‌كه‌م دابینده‌كه‌م".

 3-4
نه‌ینه‌وا، 2020، شوێنه‌وار شه‌ڕ له‌ شه‌قامی كۆرنیش له‌ شاری موسڵ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، پێشتر هۆشداری داوه‌ كه‌ له‌ چوار منداڵی عیراقی یه‌كێكیان له‌ هه‌ژاریدان و پێویستیان به‌ هاوكاری هه‌یه‌.

مه‌حمود نوره‌دین (47 ساڵ)، دانیشتوی شاری موسڵ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "تاكه‌ بژێوییم دوكانێك بوو له‌ بازاڕی سه‌رجخانه‌ بۆ فرۆشتنی جلوبه‌رگ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش له‌ده‌ستدا".

بارودۆخی دارایی مه‌حمود له‌ ئاستێكی خراپدایه‌، خێزانه‌كه‌ی له‌شه‌ش كه‌س پێكهاتون و به‌ هاوكاری خێرخواز و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان ده‌ژی.

ئه‌و ده‌ڵێت له‌ چاوه‌ڕوانی ئاوه‌دانییه‌كانی حكومه‌تدان تا ئه‌وه‌ی شه‌ڕ تێكیدا چاكیبكاته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ كار و پیشه‌ی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه.

به‌ر له‌ 2014دا و شه‌ڕی داعش، جوڵه‌ی بازرگانی و بازاڕ له‌ موسڵ له‌ ئاستێكی به‌رزدا بوو، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ی ئێستاوه‌، زۆرینه‌ی وێرانه‌یه‌.

زۆرێك له‌ خه‌ڵكی موسڵ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌مپ به‌هۆی نه‌بونی هه‌لیكاره‌وه‌

"زۆرێك له‌ خه‌ڵكی موسڵ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌مپ، یان هه‌ر نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان، به‌هۆی نه‌بونی هه‌لیكار و خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌" به‌وته‌ی عوده‌ی موسڵاوی، شاره‌زای ئابوری.

وه‌ك عوده‌ی باشیكرد، هه‌لیكار نه‌ماوه‌ و زۆرینه‌ی خه‌ڵك پشت به‌ حكومه‌ت ده‌به‌ستن تا كاریان بۆ بدۆزێته‌وه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌كاندا، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر رێژه‌ی بێكاری به‌رزكردۆته‌وه‌.

هه‌زاران خێزانی خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا، چه‌ندین ساڵه‌ له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین و به‌هۆی وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕه‌وه‌، نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

نه‌ینه‌وا دوه‌م گه‌وره‌ترین پارێزگای عیراقه‌، روبه‌ره‌كه‌ی زیاتره‌ له‌ 39 هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ و له‌ 33 یه‌كه‌ی ئیداری پێكهاتووه‌، كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌گاته‌ نزیكه‌ی چوار ملیۆن كه‌س.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT