پیاوانی گوندی چهخماغه شەوان منداڵ و ژنەكانیان لە گوندەكەوە بۆ ناو شار دەگوازنەوە و بەڕۆژ دەیانگەڕێننەوە، ئەوەش لەترسی هێرشی چەكداریی. ئەو پێشهاتە نوێیە دوای ئەوە دێت هەفتەی رابردوو چوار گەنجی گوندەكە دێت بەدەستڕێژی گولـلە كوژران.
ئەو روداوە، كە كاتژمێر 7:45 خولەكی ئێوارەی سێشەممە 18ی شوبات رویدا، ترس و دڵەڕاوكێ و بێ متمانەیی لە نێوان خەڵكی ناوچەكە و هێزەئەمنییەكان دروستكردووە.
عومەر شاسوار، ئهنجومهنى گوندى چهخماغه، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "دایک و باوكێكی به تهمهن كە كوڕەكەیان لەو روداوەدا شەهید بوو، گوندەكەیان چۆڵكرد، چونكە كچ و كوڕەكانی تری پێیان باش نەبوو بەتەنیا لەو گوندە بمێنێتەوە".
جەختیشیكردەوە "لەئێستادا نزیکهى 25 خێزان لەنێو گوندهکە دەژین، بەڵام هەركە رۆژ ئاوادەبێت، ژن و منداڵەكانمان دەبەینە دەرەوەی گوندەكە بۆ ناو شاری كەركوك و بەیانیان دەیانگەڕێنینەوە، تهنیا پیاوانى ئاوایى و گهنجهکان لهنێو گوندهکه دهمێننەوە و دەیانپارێزین".
هەركە رۆژ ئاوادەبێت، ژن و منداڵەكانمان دەبەینە دەرەوەی گوندەكە
ئەو پێشهاتە جۆرێك لە بێ متمانەیی خەڵك بە پۆلیس و هێزەئەمنییەكانی تر دروستدەكات، وەك عومەر شاسوار جەختیلێكردەوە.
روداوەكە لەكاتێكدابوو حەوت گەنج كاتێك لە دوكانێكی گوندەكەیان دانیشتبون، چەكدارێك لولەی تفەنگەكەی لەپەنجەرەكەوە كردە ژورەوە و دەستڕێژی لێكردن، بەهۆیەوە چواریان هەر لەوێ گیانیانلەدەستدا و سێی تر برینداربون.
عومهر شاسوار وتی "بەپێی كامێرای چاودێری حەوت چەكدار هاتونەتە ناو گوندەكەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشەكە".
سهعدون فهرهاد، دانیشتویەكی تری گوندهکه به (کهرکوک ناو)ی وت "گوندەكەمان دهشتاییهکى کراوە و فراوانی هەیە تا دەگاتە قەزای حەویجە،لەم ناوچەیە هیچ هێزێكی لێ نییە، چەندان كیلۆمەتر دەبڕیت تا بازگەیەكی پۆلیسی فیدراڵی دەبینیت".
دوای روداوەكەش هیچ هێزێك بۆ ناوچەكە زیادنەكراوە.
سەعدون وتی "داعش چۆنی بوێت دەتوانێت لەو ناوچەیە چالاكیی بكات، ئێمە توانای روبەڕوبونەوەمان نییە".