ته‌ندروستی كه‌ركوك: كۆرۆنا تۆمار نه‌كراوه‌ به‌ڵام چاوكراوه‌بن

كه‌ركوك، 23ی شوباتی 2020، ناڕه‌زایی خه‌ڵك دژی ته‌رخانكردنی نه‌خۆشخانه‌ی نه‌سر بۆ چاودێری گومانلێكراوانی هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی پارێزگای كه‌ركوك، ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ توشبویه‌كی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركرابێت، ته‌نیا هاوڵاتییه‌ك خراوه‌ته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌، بڕیاریشیانداوه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی ناوشار بۆ گومانلێكراوانی ئه‌و په‌تایه‌ ته‌رخانبكرێت.

ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌ی ته‌ندروستی دوای ئه‌وه‌دێت، شه‌وی رابردوو، به‌ تایبه‌ت له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌نگۆی تۆماركردنی یه‌كه‌م حاڵه‌تی توشبوو به‌ كۆرۆنا له‌ كه‌ركوك بڵاوكرایه‌وه‌.

كه‌ریم وه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هیچ حاڵه‌تێكی كۆرۆنا تۆمار نه‌کراوه‌، ته‌نیا هاوڵاتییه‌ك خراوه‌ته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌، چونكه‌ 10 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌".

ئه‌و هاوڵاتییه‌ له‌ به‌شێكی دابڕاوی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی كه‌ركوك له‌ژێر چاودێریدا بۆ دوو هه‌فته‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ نین ئه‌وا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌.

ئه‌و ڤایرۆسه‌، یه‌كه‌مجار له‌ چینه‌وه‌ بڵاوبۆته‌وه‌ و له‌ دوو هه‌فته‌دا نیشانه‌كانی ده‌رده‌كه‌ون، ئێستا گه‌یشتۆته‌ ئێران و عیراقیی دراوسێی ئه‌و وڵاته‌ رێكاری گرتۆته‌به‌ر.

korona-1
كه‌ركوك، 2020، رێكاری ته‌ندروستی بۆ رێگری له‌ بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا فۆتۆ: راگه‌یاندنی ته‌ندروستی

به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی پزیشكی له‌ كه‌ركوك كه‌ داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌، ئه‌و هاوڵاتییه‌ی خراوه‌ته‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌، ئه‌فسه‌رێكه‌ به‌ پله‌ی نه‌قیب له‌ هه‌واڵگری گشتی به‌حركه‌، 12 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ده‌روازه‌ی سنوری حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری لوتی له‌ ورمێی ئێران ئه‌نجامداوه‌.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ ماڵی له‌ گه‌ڕه‌كی قادسیه‌ی كه‌ركوكه‌، پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و دوای به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی له‌شی، سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی كردووه‌، وه‌ك سه‌رچاوه‌كه‌ وتی، پشكنینی بۆ كراوه‌ و له‌ ژێر چاودێریدایه‌ تا دڵنیابنه‌وه‌ له‌وه‌ی هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ یاخود نا.

كه‌ركوك، هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی تری عیراق شانه‌ی قه‌یرانی بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا پێكهێناوه‌ و بڕیاربوو نه‌خۆشخانه‌ی نه‌سر له‌ ناوه‌ندی شاردا بكرێته‌ شوێنی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی گومانی نه‌خۆشییه‌كه‌یان لێده‌كرێت، به‌ڵام به‌هۆی ناڕه‌زایی دانیشتوانی نزیكی نه‌خۆشخانه‌كه‌وه‌ ئیداره‌ی كه‌ركوك ئه‌و بڕیاره‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

پێویسته‌ خه‌ڵك زیاتر چاوكراوه‌بن و له‌ شوێنی قه‌ره‌باڵغ دروبكه‌ونه‌وه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی كه‌ركوك وتی "ئێستا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌داین شوێنی چاودێری بۆ گومانلێكراوانی هه‌ڵگری ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی نه‌سره‌وه‌ بگوازرێنه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ناوچه‌ی پیشه‌سازی که‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر رێگای له‌یلان".

كه‌ریم وه‌لی له‌گه‌ڵ پێدانی دڵنیایی به‌ خه‌ڵك، داواشیكرد زیاتر چاو کراوه‌بن و خۆیان به‌ دوربگرن له‌ شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كان، زوو زوو ده‌سته‌كانیان بشۆن و ئاگاداری ئه‌و خواردنانه‌بن له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵی خۆیان ده‌یخۆن.

له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی رێكاری ته‌ندروستی له‌ عیراق، له‌ چه‌ندین پارێزگا و له‌ نێویاندا كه‌ركوك، به‌شێك له‌ ده‌رمانخانه‌كان نرخی ده‌مامك (كه‌مامه‌)یان به‌رزكرده‌وه‌ یان به‌شێكیان شاردیانه‌وه‌ تا دواتر به‌ نرخی زیاتر بیفرۆشنه‌وه‌.

حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ ته‌واوی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كاندا رێكاری گرتۆته‌به‌ر بۆ پشكنینی ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عیراق، یان بیانی، چه‌ند رۆژێكیشه‌ هه‌موو گه‌شتێكی بۆ ئێران راگرتووه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT