كۆمسیۆنی نوێی هه‌ڵبژاردن؛ دادوه‌ران له‌ به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌دا

دیاله‌، ئایاری 2018، پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

یاسای نوێی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عیراق، كۆتایی به‌ كاندیدی حزب هێنا و ده‌سه‌ڵاتی دانانی ئه‌ندامانی كۆمسیۆنه‌كه‌ی له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، گەره‌نتی سازدانی هه‌ڵبژاردنێکی بێگه‌رد و دادوه‌رییه‌كی بێلایەن‌ هێشتا " گوماناوییە".

ئه‌و یاسایه‌ له‌ كانونی یه‌كه‌می 2019دا، به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئەندامانی په‌رله‌مانی عیراق په‌سه‌ندكرا، وه‌ك داواكارییه‌كی ئه‌وكاتی خۆپیشانده‌رانی ناڕازی له‌ به‌غدا و چه‌ند شارێكی دیكه‌، كه‌ جه‌ختیان له‌ گۆڕینی كۆمسیۆنی پێشووی هه‌ڵبژاردنەکان و دورخستنه‌وه‌ی ده‌ستی حزب لەناو ئەو دامەزراوەیەدا دەکردەوە‌.

 

یاسای نوێی كۆمسیۆن

به‌گوێرەی یاسای نوێی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، کۆمسیۆن ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌نە، له‌ دوو به‌شی سه‌ره‌كی ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیاران و فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێكهاتووە و نۆ ئه‌ندام ئەنجومەنی کۆمسیاران بە‌ڕێوه‌ده‌بات.

ئه‌و نۆ ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیاران، كه‌ دواتر له‌ نێو خۆیاندا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن، جێگری سه‌رۆك و بڕیارده‌ر هه‌ڵده‌بژێرن، یه‌كێكیشیان ده‌بێته‌ سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

كۆمسیۆنی نوێی هه‌ڵبژاردن، پێنج دادوەریان ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەستنیشانیان ده‌كات، دوو دادوەریان له‌ ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەرێمی كوردستانه‌وه‌ دیاریده‌كرێن، دوو راوێژكاری تریش لە ئەنجوومەنی دەوڵەت كە ئەنجومەنی دادوەری دەستنیشانیان دەكات دەبنە ئەندامی كۆمسیۆنەكە.

دواتر له‌ نێو ژماره‌یه‌ك ناوی دادوه‌ری ده‌ستنیشانكراودا و له‌ رێوڕه‌سمێكدا به‌ ئاماده‌بونی نوێنه‌ری رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌ تیروپشك، ناوی نۆ دادوه‌ر بۆ ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیاران داده‌نرێت.

مه‌رجه‌ دادوه‌ره‌كان سه‌ربه‌خۆ و دوور له‌ حزب بن، رێژه‌ی ژنیش له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا له‌به‌رچاوبگیرێت، کە هەمان مەرجی یاسا‌ كۆنه‌كەن.

un-1
به‌غدا، 2019، دانانی ئه‌ندامانی نوێی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌رییه‌وه‌ به‌ تیروپشك و به‌ ئاماده‌بونی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ به‌پێی یاسا كۆنه‌، كه‌ ساڵی 2007 پەسەندکراوە و جارێكیش هه‌موار كرایه‌وه‌، كاندید له‌لایه‌ن كوتله‌كانه‌وه‌ ده‌درایه‌ په‌رله‌مان و دواتر له‌ دانیشتنێكدا نۆ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیاران هه‌ڵده‌بژێران.

ئەندامبون لە كۆمسیۆنی نوێ بۆ یەك خولی چوار ساڵییه‌، دواتر ماوه‌كه‌ درێژ ناكرێتەوە، به‌ڵام له‌ یاسا كۆنه‌كه‌دا ئه‌و مه‌رجه‌ی تێدا نه‌بوو، ده‌توانرا ته‌مه‌نی كۆمسیۆن درێژ بكرێته‌وه‌.

كه‌سێك به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر نوسینگەی كۆمسیۆن له‌ پارێزگاكان به‌ڕێوه‌یده‌بات، هه‌موو نوسینگه‌كانیش راسته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به‌ ناوەندی فەرمانگەی هەڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ له‌ نوسینگه‌ی نیشتمانی. به‌ڵام چه‌ند مانگێكه‌ كاروباری نوسینگه‌ی هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌ كاتی سپێردراوه‌ به‌ كه‌سێك وه‌ك كاربه‌ڕێكه‌ر تا جارێكیتر رێكده‌خرێنه‌وه‌.

ژمارەیەکی تر له‌ مادده‌كانی یاسای نوێی كۆمسیۆن وه‌ك پێشتر ماونه‌ته‌وه‌ و گۆڕانكاریا تیادانه‌كراوه‌.

 

دوو چاره‌سه‌ر بۆ سێ كێشه‌

به‌وته‌ی سه‌رۆكی یه‌كه‌مین كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنەکان، دوای روخانی حكومه‌تی عیراق له‌ 2003دا، ئه‌گه‌ر یاسا نوێیه‌كه‌ چاره‌سه‌ری دوو كێشه‌ی كردبێت، ئه‌وا چه‌ند گرفتێكی تریشی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌.

عادل لامی، سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عیراق (2004-2007) به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "گه‌وره‌ترین كه‌موكورتی یاسا كۆنه‌كه‌ دوو گرفت بوو، یه‌كێكیان دانانی سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بوو له‌لایه‌ن خودی ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیارانه‌وه‌ بۆ ساڵێك، كه‌ رێگه‌ی ده‌دا حزبه‌كان هه‌ر جاره‌ و لایه‌نێكیان پۆسته‌كه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌".

"گرفتی دووه‌م دانانی كۆمسیۆن بوو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌، كه‌ ده‌رگای بۆ حزبه‌كان ده‌كرده‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پشكپشكێنه‌ و حزبایه‌تی كاندیده‌كان دیاریبكه‌ن".

به‌وتەی‌ لامی، تا رادده‌یه‌ك ئه‌و دوو گرفته‌ له‌ یاسا نوێیه‌كه‌دا چاره‌سه‌ركراون‌.

یاسای نوێی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان خاڵی نه‌رێنی زۆری تێدایه‌

"به‌ڵام یاسا نوێیه‌كه‌ش خاڵی نه‌رێنی زۆری تێدایه‌، یه‌كێكیان دیسانه‌وه‌ هه‌ڵه‌ی دانانی سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ له‌لایه‌ن خودی ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیارانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان بۆ ساڵێك نییه‌ و ماوه‌كه‌ی درێژه‌".

عادل لامی وتی "دانانی ئه‌ندامانی كۆمسیۆن له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌رییه‌وه‌، جارێكیتر رێگه‌ بۆ ده‌ستوه‌ردانی حزب خۆشدەکات چونكه‌ دادوه‌ره‌كانیش له‌سه‌ر بنه‌مای حزبی دابه‌شكراون".

كێشه‌یه‌كی تری یاسا نوێیه‌كه‌ به‌بڕوای لامی، پێشێلكردنی ده‌ستوره‌، به‌وپێیه‌ی دادوه‌ره‌كان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریین و ئه‌وان دیاریده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا نابێت كۆمسیۆن سه‌ر به‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێك بێت.

به‌پێی ده‌ستوری عیراق كۆمسیۆنی هه‌لبژاردنه‌كان سه‌ربه‌خۆیه‌ و سه‌ر به‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی یاسادانان، دادوه‌ری و جێبه‌جێكردن نییه‌.

یه‌كه‌م سه‌رۆكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ڵێت "هێشتا رون نییه‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بێگه‌رد ده‌بێت یان نا، چونكه‌ به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان و نوسینگه‌ی شاره‌كانیش دانه‌نراون، كۆمسیۆنی نوێ كاتی پێویسته‌ و رێوشوێنه‌كانیان زیاتر رونیده‌كاته‌وه‌ بە كام ئاڕاستەیەدا‌ ده‌ڕۆن".

 

گرفتێكی درێژخایه‌ن

ئه‌ڵماس فازڵ، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی عیراق پێیوایه‌ كێشه‌ و گرفتی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رده‌وامی ده‌بێت، چونكه‌ له‌ هه‌موو پرۆسه‌یه‌كی ده‌نگداندا، ناڕه‌زایی و گومان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌، به‌شێكشیان یه‌خه‌ی كۆمسیۆن ده‌گرن.

"ئامانج لە دەركردنی یاسای نوێی كۆمسیۆن چارەسەركردنی كەموكوڕییەكانی یاساكەی پێشتر بوو، بەڵام نە لەو یاسایە و نە لە هیچ یاسایەكی تر لە دونیادا، گەرەنتی نیە ساختەكاری نەكرێت".

ئه‌ڵماس فازڵ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئەوانەی پێشتر لە كۆمسیۆن بون خەڵكانی زیرەكیان تێدا بوو، ئەوانەی ئێستاش دادوەری پلە یەك و بە توانا و زیرەكن، با واقیعی بین، كێشەی عیراق و كۆمسیۆن، كێشەیەكی سیاسی بوو كە رەنگدانەوەی بەسەر كۆمسیۆنه‌وه‌ هەبوو".

 

ئەوە جێبه‌جێكردنی داخوازی شه‌قامە؟

سەربەست مستەفا، سەرۆكی پێشوتری كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، پێیوایه‌ نه‌بونی وشه‌ی "ناحزبی" له‌ به‌رده‌م ناوی كۆمسیۆندا، جارێكیتر ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ده‌خاته‌وه‌ به‌رده‌م پرسیار و ده‌بێته‌ جێی گومان.

ره‌خنه‌یه‌كی دیكه‌شی ئه‌وه‌یه‌، كۆمسیۆنی نوێ ده‌ستبه‌رداری نوسینگه‌ی شاره‌كانی بووه‌، ئه‌وه‌ش "هەڵەیەكی كوشندەیە و ئامانجی سیاسی لە پشتە" تا كۆمسیۆن به‌ كه‌سانی حزبی پڕبكرێنه‌وه‌.

xopishandan-3-1
عیراق، خۆپیشانده‌رێك له‌ ناڕه‌زاییه‌كانی ساڵانی رابردودا داوای گۆڕینی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات فۆتۆ: رۆیته‌رز

"له‌سه‌ره‌تاوه‌ دەستنیشانكردنی ئەندامانی ئەنجومه‌نی كۆمیسیاران لادانە لە دەستور، كه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی كۆمسیۆن سه‌ر به‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێك نییه‌ و سه‌ربه‌خۆیه‌، نه‌ك ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری دیاریبكات و سه‌رۆك كۆمار فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربونیان بۆ ده‌ربكات".

سه‌ربه‌ست مسته‌فا وتی "تەمەنی ئەندامانی كۆمسیۆن به‌ چوار ساڵ دەستنیشانكراوە، ئه‌وه‌ كۆمسیۆنەكە دەخاتە ژێر باری دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە، بەوەی لەگەڵ هەموو خولێكی نوێی حكومەت، كۆمسیۆنێكی نوێ داده‌نرێت".

هه‌روه‌ها پێشنیازی وابوو لیژنه‌یه‌ك له‌ شاره‌زایانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌كان چاوپێكه‌وتن و هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ 90 كه‌س بكردایه‌ و له‌ نێویاندا نۆ كه‌سیان بۆ ئه‌نجومه‌ن دیاریبكردایه‌، دواتر له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرایه‌.

كێشه‌یه‌كی تر به‌بڕوای سه‌ربه‌ست مسته‌فا، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌، كه‌ بۆ پێنج ساڵ داده‌نرێت له‌ كاتێكدا ئه‌ندامه‌كانی تری ئه‌نجومه‌نی كۆمسیۆن بۆ چوار ساڵ ده‌مێننه‌وه‌، "ئه‌وه‌ش واده‌كات سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان باڵاترین بڕیارده‌ربێت له‌ نێویاندا".

"به‌گشتی واده‌رده‌كه‌وێت نوخبەی سیاسی و دەسەڵاتدار، كۆمسیۆنێكیان دەستنیشانكردووە بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی خۆیان، ئه‌وه‌ جێبه‌جێكردنی داخوازی شه‌قام نییه‌".

 

كۆمسیۆنی "حزب" بۆ كۆمسیۆنی "دادوه‌ران"

دیارترین گۆڕانكاری له‌ یاسای نوێی كۆمسیۆندا، گۆڕینی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیارانه‌ له‌ حزبه‌وه‌ بۆ دادوه‌ران، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی ئارام جه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگای كوردی بۆ هه‌ڵبژاردن (KIE).

ئارام به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بەڵام هێشتا ئەم گۆڕانكارییەش گەرەنتی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ناكات، مەگەر ئەندامانی كۆمیسیارانی تازە بە شێوەیەكی پیشەیی و دوور لە دەستێوەردانی حزبی كار‌وبارەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن بەجێبگەیەنن".

به‌بڕوای ئه‌و، گرنگ عه‌قڵی دامه‌زراوه‌كه‌یه‌، كه‌ ئه‌نجومه‌نی كۆمیسارانه‌، تا ئه‌وان سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن بڕیاری خۆیان نه‌بن، هه‌ڵبژاردنی بێگه‌رد نایه‌ته‌دی، ئیتر ئامێر و شێوازی پرۆسه‌كه‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت رۆڵی نابێت.

هێشتا ئەم گۆڕانكارییانه‌ی له‌ كۆمسیۆندا كراوه‌ گەرەنتی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ناكات

ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری عیراق، له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا جه‌ختیكردۆته‌وه‌ دادوه‌رانی دانراو بۆ كۆمسیۆن، چیتر ئه‌ركیان له‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری نه‌ماوه‌ و ته‌نیا كاری كۆمسیۆن ده‌كه‌ن.

ئارام جه‌مال، كه‌ ساڵانێكه‌ چاودێری پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌كات، وتی "دادوه‌ره‌كان له‌ خوله‌كانی پێشووی هه‌لبژاردنه‌كاندا رۆڵی پیشەییانەیان نەبینیووە و نەبونەتە بەربەست لەبەردەم رەتكردنەوەی ساختەكارییەكاندا، بەڵكو مامەڵەیەكی روكه‌شییان لەگەڵ تانە و ئەنجامەكانی هەڵبژاردندا كردووە، دواجار به‌ دڵی هێزە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان جوڵاونەتەوە".

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیییه‌كه‌ی 2018ی عیراقدا، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ هۆی گومانی ساخته‌كارییه‌وه‌ سڕكران و ماوه‌یه‌ك ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر له‌ جێیان دانران، كه‌ سه‌رپه‌رشتی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی تانه‌كانیان دەكرد، به‌ڵام ئەو ڕێکارانە گۆڕانی لە ئە‌نجامی پرۆسه‌كەدا نەهێنایەکایەوە.

 

دادوه‌ریی لەباتی شاره‌زایی

هه‌ڵبژادنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیاران، پێشتر له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتویی و شاره‌زایی بوو له‌ پرۆسه‌كه‌دا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی ئێستاوه‌، به ‌وته‌ی سه‌لیم شوشكه‌یی ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی عیراق.

شوشكەیی بۆ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه‌ كۆمسیۆنه‌كانی پێشتر بە فلتەری لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمانی تێده‌پەڕین و كەسانی پسپۆڕ بوون لە كاری هەڵبژاردن، جگە لەمەش لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگیان پێدەدرا، بەڵام ئەوانەی ئێستا "دادوەرن و هیچ شارەزایەكیان لە كاری هەڵبژاردندا نییە".

"به‌ڵام هه‌ردوو كۆمسیۆنه‌كه‌ لەخاڵێكدا هاوبەشن، ئه‌ویش دەستنیشانکردنیانە لەسەر بنەمای پشكپشكێنەی حزبی".

komision (1)-1
نه‌ینه‌وا، 2018، دانانی پۆسته‌رێكی كۆمسیۆن بۆ هاندانی خه‌ڵك تا تۆماری ده‌نگده‌ران نوێبكه‌نه‌وه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی كۆمسیۆن

به ‌بڕوای ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی یاسایی، یاسای نوێی كۆمسیۆن و گۆڕانكارییه‌كان، هیچ رۆڵێكی نابێت و هەمان دابەشكاری نێوان لایەنە سیاسییەكان لە پەیكەری نوێدا دوباره‌ بۆته‌وه‌.

"زۆر قورسە بتوانرێت هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بە كۆمسیۆنێكی گوماناوی بكرێت" شوشكه‌یی وای وت.

 

كۆمسیۆنی نوێ گره‌نتی ده‌دات

ئه‌نجومه‌نی نوێی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌ له‌ نۆ دادوه‌ر و راوێژكار پێكهاتووە، له‌ یه‌كه‌م به‌یاننامه‌دا، كه‌ شوباتی ئه‌مساڵ (٢٠٢٠) بڵاویكرده‌وه‌، گەره‌نتی سازدانی "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردی بێساختەكاری" ده‌ده‌ن.

بەپێی بەیاننامەكەی كۆمسیۆن، دوای دانانی سه‌رۆك، جێگری سه‌رۆك، بڕیارده‌ر و سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنه‌كان، هه‌وڵه‌كانیان چڕكردۆته‌وه‌ بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی داهاتوو، لە نێویاندا نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و دابەشكردنی كارتی بایۆمەتری.

كار دەكه‌ین بۆ دوبارە گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵك بە پڕۆسەی هەڵبژاردن

"كار دەكه‌ین بۆ دوبارە گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵك بە پڕۆسەی هەڵبژاردن، لە رێگەی سەربەخۆیی كارەكانی كۆمسیۆن و ئەنجامدانی چاكسازی، پتەوكردنی بێلایەنی و شەفافیەت و دەستپاكی و وردی".

 (كه‌ركوك ناو)، بۆ زیاتر له‌ دوو هه‌فته‌ هه‌وڵیدا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێی كۆمیسیارانی كۆمسیۆندا قسه‌ بكات، به‌ڵام هه‌رچه‌نده‌ به‌ڵێنیاندا، دواتر چه‌ند كه‌سێكیان ئاماده‌نه‌بون لێدوان بده‌ن و ئه‌وانیتر وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كانیان نه‌دایه‌وه‌.

كۆمسیۆنی نوێ له‌ یه‌كه‌م به‌یاننامه‌یدا، جه‌ختیكردۆته‌وه‌ لە "گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵك بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و گەیشتن بە بەرزترین رێژەی بەشداری دەنگدەران لە هەڵبژاردنی داهاتوو".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT