ئیدارەی پارێزگای كەركوك بڕیاریدا بە راگرتنی دەوامی تەواوی خوێندنگە، پەیمانگە و زانكۆكانی پارێزگاكە بۆ كاتێكی نادیار تا رێكارەكانی تیمی تەندروستی بۆ پشكنین و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا تەواو دەبن.
بڕیارەكە دوای كۆبونەوەیەكی بە پەلەی ئیدارەی پارێزگای كەركوك هات، كە ئەمڕۆ سێشەممە 25ی شوبات بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای راگەیاندنی توشبونی چوار كەسی یەك خێزان لە پارێزگاكە.
بەپێی راگەیەنراوێكی ئیدارەی كەركوك، پشكنینی گشتیگر لەپارێزگاكە بەڕێوەدەچێت و هاتووە "هەموو پرسە، ئاهەنگ و كۆبونەوەیەكی جەماوەری بۆ ماوەی 15 رۆژ قەدەغەكرا. هەورەها تیمی پزیشكی لەگەڵ ئەفسەرانی تەواوی بازگەكاندا هەڵدەستن بە پشكنینی هەموو ئەوانەی دێنە ناو پارێزگاكە بە شێوەی بەردەوام".
بڕیاردرا چاودێری دەرمانخانە و كۆگاكان بكرێت بۆ ئەوەی نرخی دەرمان بەرزنەكرێتەوە.
ئیدارەی كەركوك، هەروەها دەڵێت "پێویستمانە رەزامەندی هەردوو وەزیری نەوت و تەندروستی وەربگیرێت بۆ بەكارهێنانی نەخۆشخانەی كەی وەن وەك شوێنی چارەسەر و مانەوەی توشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا".
ئەوەش دوای ئەوە هات كە ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی تەندروستی عیراق توشبونی چوار كەسی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەركوك راگەیاند، ئەوەش لە بەیاننامەیەكدا كە تیایدا جەختیكردۆتەوە لەوەی ئەو خێزانە دوو هەفتە لەشاری قوم بون و هەشت رۆژە گەڕاونەتەوە. رێكاری تەواو لە بەرامبەریاندا گیراوەتەبەر.
لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتدا هاتووە "ئەو خێزانە دوای گەڕانەوەیان لە ئێرانەوە خراونەتە ژێر چاودێریی و پشكنینی پزیشكیان بۆ كراوە، لەئەنجامدا دەركەوتووە كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان".
ئەوەش هاتووە "ئێستا ئەو چوار هاوڵاتییە لە شوێنێكی دابڕاودا دانراون و هەموو رێكارێك گیراوەتەبەر بۆ مامەڵەی تەندروستی، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لەم ماوەیە لەگەڵ ئەو خێزانەدا پەیوەندیی و تێكەڵاوییان هەبووە".
هاوكات دكتۆر مونزیر نەعمان، لێپرسراوی بەشی نەخۆشییە گوازراوەكان له فهرمانگهی تەندروستی كەركوك، لەبارەی ئەو خێزانەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو خێزانە پێنج كەسن، دوو هەفتە لەشاری قوم بون لە ئێران و هەشت رۆژە گەڕاونەتەوە. بەڵام دوێنێ دووشەممە 24ی شوبات هاتونەتە نەخۆشخانە و خراونەتە ژێر چاودێرییەوە".