ئیدارەی شنگال هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی خوێندكاران و چین و توێژە جیاوازەكانی دەستپێكرد لە بارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و چۆنیەتی خۆپاراستن. بەڵام لەگەڵئەوەشدا داوای هاوكاریی لەحكومەتی خۆجێی نەینەوا دەكەن، چونكە هیچ ئامێرێكیان بۆ پشكنین و دەستنیشانكردنی ئەو پەتایە نییە.
کەمال موردا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی ناحیەی سنونێ سەر بەقەزای شنگال بە (كەركوك ناو)ی وت "تەنیا ئەمڕۆ سێشەممە (25ی شوبات) دوو سیمینارمان هەبوو بۆ خوێندکاران و خەڵکی ناوچەکە، باسی هۆکارەکانی تۆشبوون بە نەخۆشی کۆرۆنامان کرد، لەگەڵ رێگاكانی چۆنیەتی خۆپاراستن لەو نەخۆشییە".
ئیدارەی خۆجێی ناحیەكە تیمێکی لە 10 پزیشك پێكهێناوە، بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییان و 24 كاتژمێر ئامادەن بۆ چاودێریكرنی هاوڵاتیان.
بەڵام لەگەڵئەوەشدا وتی "بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ ئامێرێکی پشکنینی ئەو نەخۆشییەمان بەدەستنەگەیشتووە، تەنها بڕێک کەمامە و پێداویستی تر گەیشتوون".
بۆیە داواكارن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی نەینەوا هاوكارییان بكات.
ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ سێشەممە 25ی شوبات پێنجەم حاڵەتی توشبون بەڤایرۆسی كۆرۆنا، لە عیراق راگەیەنرا. دوای ئەوەی چوار كەسی یەك خێزان لەكەركوك بەپێی پشكنینی پزیشكی دەركەوت هەڵگری ڤایرۆسەكەن و رۆژی پێشتریش لەنەجەف خوێندكارێكی ئێرانی توشبوو.
بەهۆیەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری كەركوك پشوی فەرمییان لە خوێندنگە، پەیمانگە و زانكۆكان راگەیاند. هەروەها پارێزگاری نەینەواش چەند رێكارێكی خۆپارێزی راگەیاند، بە هاوبەشی تەندروستی دەزگا ئەمنییەكان.