شنگال، بەرلەوەی سەردەمی حوكمڕانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) تێپه‌ڕێنێت، كه‌وته نێو ململانێی توندی حوكمڕانی، چه‌كداریی و سیاسییەوە. چەندین کێشەی نادیار بەڵام دەرئەنجامێکی دیار، ئەویش بەتەنیا بەجێهێشتنی دانیشتوانی قەزاکەیە بۆ روبەڕوبونەوە لەگەڵ ئەو کێشانە.
له‌و شاره‌دا، كه روبه‌ره‌كه‌ی ناگاته سێ هه‌زار كیلۆمه‌تر دوجا، هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان شه‌ڕی به‌ده‌ستهێنانی ده‌كه‌ن؛ سێ ئیداره‌ی خۆجێی ده‌یانه‌وێت حوكمڕانی بکەن و زیاتر له پێنج هێزی چه‌كدارییش هه‌ڵپه‌ی ئەوەیانە بە تەنیا کۆنتڕۆڵی شنگال بکەن.
چوار ساڵی دوای دەسەڵاتی داعش-ە و فره‌یی له ده‌سه‌ڵاتی ئیداریدا و سه‌ربازییدا بەرچاوە؛ له هەندێك ناوچه‌ی قه‌زاكه، كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك داناوه.
"ده‌مویست له شنگاله‌وه چوار سه‌ر مه‌ڕ ببه‌مه ته‌له‌عفه‌ر و بیفرۆشم، له بازگه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبیدا راگیرام و بێ هیچ پسوڵه‌یه‌ك، وه‌ك سه‌رانه بڕی 25 هه‌زار دیناریان لێوه‌رگرتم" مچۆ عه‌ڤدۆ وای وت.
عه‌ڤدۆ زیانلێكه‌وتوی شه‌ڕی داعشه و له كه‌مپێكی ئاواره‌یی شنگالدا نیشته‌جێیه، یه‌كه‌مجار نییه له بازگه‌ی نافه‌رمیدا رابگیرێت، له هه‌ندێكیاندا بۆ پاره و له هه‌ندێكیشیاندا ته‌نیا بۆ لێپرسینه‌وه.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، زیاتر له پێنج هێزی چه‌كداری جیاواز له شنگال هه‌ن، له نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه)، پۆلیسی ناوخۆیی، سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ی یه‌زیدخان.
خاڵ عەلی، ئامر فەوجی 8ی شنگال كه سەر بە حەشدی شەعبییه به (کەرکوک ناو)ی وت "زۆرینه‌ی بازگه‌كان ئێمه له‌گه‌ڵ سوپا و پۆلیسدا به‌ڕێوه‌یده‌به‌ین، ئه‌وه‌ش به‌پێی پێویستییه و ژماره‌یان زۆر نییه".
"پێشتر و له هه‌ندێك شوێن له‌و بازگانه‌دا پاره له خه‌ڵك وه‌رده‌گیرا، ئه‌وانه خه‌ڵكی ئاسایی بون نه‌ك هێزی فه‌رمی، به‌ڵام ئێمه نه‌مانهێشت"، به‌وته‌ی لێپرسراوه‌كه‌ی حه‌شد، هه‌بونی ئه‌وان بۆ دڵنیایی هاوڵاتیان و پاراستنی سه‌قامگیرییه.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه، هێشتا هه‌زاران هاوڵاتی شنگال ئاواره‌ن له كه‌مپه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی قه‌زاكه و له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌هۆی وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕ، فره‌هێزی و بارودۆخی ئه‌منییه‌وه.
"هێزه چه‌كداره‌كان ده‌یان كێشه بۆ خه‌ڵك دروستده‌كه‌ن، بۆیه تائێستا بیرم لەوە نه‌كردۆته‌وه بگه‌ڕێمه‌وه" كازم به‌كر بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت، كه زیاتر له پێنج ساڵه له شنگاله‌وه ئاواره بووه.
ئه‌ویش له بازگه‌كاندا راگیراوه، كاتێك رێی كه‌وتۆته‌وه زیدی خۆی "مه‌ڕ و ماڵاتمان پێ بوو، بۆ هه‌ر سه‌ر مه‌ڕێك بڕی 10 هه‌زار دیناریان لێوه‌رگرتین، ئه‌وه‌ش بۆ هه‌موو كه‌لوپه‌لێكی دیكه‌ش به هه‌مانشێوه‌یه" ئه‌و پاره‌یه‌ی كازم به بازگه‌كه‌ی داوه، له هیچ تۆمارێكدا نه‌نوسراوه و ته‌نانه‌ت پسوڵهشی پێنه‌دراوه.
قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییه‌وه سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.
حكومه‌تی هه‌رێم، به فه‌رمی خواستی خۆی نیشانداوه شنگال بكرێته پارێزگا، ده‌نگێك له نێو قه‌زاكه‌وه داوای هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ ده‌كات و به‌شێكشیان ده‌یانه‌وێت به ده‌سه‌ڵاتێكی زیاتره‌وه هه‌ر له چوارچێوه‌ی عێراقدا بمێننه‌وه
شاندێكی باڵا له لێپرسراوان و كه‌سایه‌تییه‌كانی شنگال، له سه‌ره‌تای 2020دا زنجیره‌یه‌ك داواكارییان گه‌یانده نه‌جم جبوری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا و داوایانكرد، قه‌زاكه بكرێته پارێزگایه‌كی لامه‌ركه‌زی و سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندی بێت، تا له ململانێی سیاسی به‌غدا و هه‌ولێر رزگاری بێت.
فەهد حامد، قایمقامی قەزای شنگال –له نێو قه‌زاكه‌دا جێگیرن- بە (کەرکوک ناو)ی وت "نوسراوەکانی ئێمە لە هیچ فەرمانگەیهكی حکومی نەینەوا دانی پێدانانرێت، ئه‌وه‌ش وایكردوه شنگال ببێته قوربانی لەنێوان هەولێر و بەغدادا، یەکێک دەمانکڕێت و ئەوەیتر دەمانفرۆشێت".
ئیداره‌ی شنگال كه قایمقامه‌كه‌ی مه‌حما خه‌لیل-ە له پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان، له دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه له هه‌رێمی كوردستانن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ قه‌زاكه، جگه له‌وانیش ئیداره‌یه‌كی تر له كۆتایی 2018دا پێكهێنراوه كه قایمقامه‌كه‌ی فه‌هد حامد-ـه و له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نێكی كاتیدا له نێو شنگالدا جێگیربون.
مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال -کە لە دهۆک دەوامدەکات- پێشتر بە(کەرکوک ناو)ی وت "مۆری ڕه‌سمی ئیداره‌ی شنگال لای ئێمه‌یه، به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی فه‌رمانگه‌كانی نه‌ینه‌وا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ده‌كه‌ن".
جگه له‌و دوو ئیداره‌یه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ری دیموكراتی، كه لایه‌نه‌كانی نزیك له پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) خاوه‌ندارێتی ده‌كه‌ن وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی شنگال، له قه‌زاكه‌دا ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه.
له چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌دا، خه‌ڵكی ناحیه‌ی گرعوزێر، له 2018دا خۆیان به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌یان هه‌ڵبژارد.
ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری شنگال، كه به‌شێكه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ری، له راگه‌یه‌ندراوێكدا دوابه‌دوای دوایین كۆبونه‌وه‌ی له شوباتی 2020، دژایه‌تی خۆی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ئیداره‌یه‌ی قه‌زاكه نیشاندا، كه ئێستا له دهۆك جێگیرین.
"روبه‌ڕوی ده‌یان كێشه بوینه‌ته‌وه، بۆ هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ك ده‌بێت سه‌ردانی چه‌ندین فه‌رمانگه بكه‌ین له نه‌ینه‌وا و دهۆك" به‌ره‌كات خه‌یری، خه‌ڵكی قه‌زای شنگال وای وت، ئه‌و نمونه‌ی له‌سه‌ر خۆی هێنایه‌وه كاتێك ویستویه‌تی ره‌گه‌زنامه بۆ منداڵه‌كانی ده‌ربهێنێت.
به‌پێی ئاماره‌كانی ئیداره‌ی شنگال، تائێستا زیاتر له نیوه‌ی فه‌رمانگه حكومییه‌كان بۆ قه‌زاكه نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، به‌شێكی به‌هۆی مه‌ترسی ئه‌منییه‌وه‌یه.
یه‌كێك له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی قه‌زاكه، له كه‌رتی په‌روه‌رده‌دایه، به‌وپێیه‌ی زۆرینه‌ی مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانی خوێندنگه‌كان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه و له خوێندنی 2019-2020دا، سه‌دان وانه‌بێژی خۆبه‌خش له‌بری حكومه‌ت و ئیداره‌ی خۆجێی، نه‌یانهێشت قرۆسهی خوێندن بوه‌ستێت و وانه‌یان به خوێندكاران وته‌وه.
ئه‌و هێزه جیاوازانه‌ی له شنگال جێگیرن، زیاد له جارێك بارگرژی له نێوانیاندا رویداوه، چه‌ند جارێكیش گه‌یشتۆته پێكدادانی چه‌كداریی، وه‌ك (كه‌ركوك ناو) پێشتر روماڵی كردون.
هه‌ڤاڵ قورتای، فه‌رمانده‌ی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه) له خانه‌سۆر به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه خه‌ڵك بێزار ناكه‌ین، نه‌مانبیستووه له بازگهكانیشدا پاره له خه‌ڵك وه‌ربگیرێت، هه‌رچه‌نده خه‌ڵك گله‌یی و ناڕه‌زایی له سوپای عیراقی هه‌بووه".
هێزه‌كانی یه‌به‌شه، به‌وته‌ی قورتای، ته‌نیا دوو بازگه‌یان هه‌یه و هیچ كه‌سێكیش له بازگه‌كاندا راناگرن، ته‌نیا له پێناو پاراستنی رێگه‌وبان و ناوچه‌كه‌دایه.
شنگال، كه زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له ئێزیدی پێكهاتون، له ئابی 2014دا روبه‌ڕوی هێرشی داعش بۆوه، هه‌زاران هاوڵاتی ئێزیدی كوژران و رفێنران، شاره‌كه بوو به وێرانه، تا له تشرینی دوه‌می 2015دا كۆنتڕۆڵكرایه‌وه.
سه‌لیم سه‌عید، لێپرسراوی به‌شی ڕاگه‌یاندن له بۆردی كاروباری مرۆیی -كه سه‌رپه‌رشتی هه‌موو كه‌مپه‌كانی پارێزگای دهۆك ده‌كه‌ن- به (کەركوك ناو)ی وت "له دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه نزيكه‌ی سێ هه‌زار ئێزیدی دووباره ئاواره‌ی دهۆك بونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی تێكچوونی بارودوخی ئه‌منی له شاره‌كه‌دا".
ئه‌و ده‌ڵێت تاوتوێی ئه‌و كێشانه‌یان كردووه روبه‌ڕوی ئاواره و خه‌ڵكی شنگال بونەتەوە، به تایبه‌ت له بازگه ئه‌منییه‌كاندا، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌نجامی نه‌بووه.
له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه، هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێم له شنگال كشاونه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر گه‌یشته ئه‌وپه‌ڕی ئاڵۆزی، به‌هۆی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێم له‌و ساڵه‌دا.
ئیدریس زۆزانی، لێپرسراوی به‌شی رۆشنبیری و ڕاگه‌یاندنی لقی شنگالی پارتی دیموكراتی كوردستان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له چه‌ند بازگهیهكدا پاره له خه‌ڵك وه‌رده‌گیرێت و رێگه‌ش بهخێزانهكان ناده‌ن شمه‌ك و كه‌لوپه‌ل بۆ زێدی خۆیان بگوازنه‌وه".
به‌وته‌ی زۆزانی، ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا له‌و دۆسیه‌یه ئاگاداركراوه‌ته‌وه، له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان لێكۆڵینه‌وه بكه‌ن و كۆتایی به‌و دیارده سه‌ربازییه بهێنن.
له قه‌زای شنگال، جگه له ئێزیدی، عه‌ره‌بی سونه‌ش ده‌ژی، كه پێشتر و زیاد له جارێك هه‌ردولا پێكهاته له ناكۆكیدا بون، كاتێك ئێزیدییه‌كان نارازی بون له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی عه‌ره‌ب، به پاساوی ئه‌وه‌ی "هاوكاری داعش" بون له هێرشه‌كانیدا.
ئاسایشی قه‌زای شنگال، جه‌خت له سه‌قامگیری شاره‌كه ده‌كاته‌وه و ره‌تیشده‌كاته‌وه، له بازگه‌كاندا پاره له خه‌ڵك وه‌ربگیرێت.
خالید قاسم، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و بازگانهیشی دانراوان ته‌نیا بۆ مه‌به‌ستی پاراستنی ناوچه‌كه و سه‌لامه‌تی گیانی ئه‌و هاوڵاتیانه‌یه كه رۆژانه هاتوچۆ ده‌كه‌ن".
هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه كۆمه‌ڵێك بازگه له‌سه‌ر رێگای شنگال و ناحیه‌ی سنونێ و ده‌وروبه‌ری دانراوان، كه هه‌ندێكیان به هاوبه‌شی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و یه‌به‌شه به‌رێوه‌ده‌برێن، به‌شه‌كه‌ی تر به جیا له‌لایه‌ن هه‌ردوو هێزه‌وه به‌رێوه‌ده‌برێن، به‌ڵام "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كێشه بۆ ئەو ئاوارانه دروستناكرێت كه ده‌یانه‌وێ بگه‌ڕێنه‌وه".
ململانێی سیاسی و گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، كاریگه‌ری له‌سه‌ر زۆرینەی کایەکانی ژیان لەو سنورەدا هه‌بووه، به تایبه‌ت له پێكهاته‌ی ئێزیدی، كه ساڵی رابردوودا له پرسی دانانی میری ئێزیدییاندا به‌سه‌ر سێ به‌ره‌دا دابه‌شبون.
حزبه سیاسییه‌كانی شنگال، هاوشێوه‌ی ئیداره و هێزه چه‌كداره‌كان، ناڕێکن، ساڵی رابردودا هاوپه‌یمانییه‌كیان راگه‌یاند به ئامانجی پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ، به‌ڵام هه‌رزوو هاوپه‌یمانییه‌كه كێشه‌ی تێكه‌وت.
داود جوندى، لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی نیشتیمانی کوردستان له شنگال بۆ (كه‌ركوك ناو) باسی له كێشه ئه‌منییه‌كانی قه‌زاكه كرد، لەنێویاندا پارە وەرگرتن لە هاوڵاتیان لە کاتی تێپەڕبون بە هەندێ بازگەدا.
"له هه‌ندێك بازگه‌دا پاره‌یان له خه‌ڵك وه‌رده‌گرت"، به‌ڵام له ئێستادا سه‌دا 90ی چاره‌سه‌ر بووه، بە ووتەی سیاسەتەمەدارەکەی یەکێتی.
هێشتا شار زۆرینەی وێرانه‌یه و زۆر لە دانیشتوانیش ئاواره‌ن؛ كه نزیكه‌ی سه‌دا 30 پێكده‌هێنن له كۆی 787 هه‌زار ئاواره‌ی نیشته‌جێی هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم. له شنگال خه‌ڵك چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه و خزمه‌تگوزاریین، ئیدارەکان و هێزی چه‌كداریش له ململانێی بەردەوامدان.