وەزارەتی تەندروستی عیراق، تۆماركردنی هەشتەم حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكراكرد. توشبوەكە ئافرەتێكی 35 ساڵە و لە وڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە.
وەزارەت لە راگەیەنراوێكیدا ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 28ی شوبات بڵاویكردەوە، كە حاڵەتێكی نوێی توشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەبەغدا و لەناوچەی كەرخ تۆماركراوە.
توشبووەكە بەپێی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی تەندروستی، ئافرەتێكی تەمەن 35 ساڵە و دوای گەڕانەوەی لە ئێران چاودێری كراوە و پشكنینی پێویستی بۆ ئەنجامدراوە.
بەپێی ئەنجامی پشكنینەكان دەركەوتووە ئەو ئافرەتە هەڵگری ڤایرۆسەكەیە، هەر بۆیە خراوەتە نەخۆشخانەیەكی تایبەتەوە و لەوێ لەژێر چاودێریدایە.
وەزارەت دوا لە هاوڵاتیان دەكات پابەندبن بە رێنماییەكان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
درەنگانێكی شەوی رابردوش وەزارەتی تەندروستی، توشبونی حاڵەتێكی تری لە ناحیەی تازە لەكەركوك راگەیاند.
سێشەممەی رابردوو 25ی شوبات، چوار حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسەكە لەكەركوك تۆماركران، كە خێزانێكی چوار كەسی بون و لە ئێران گەڕابونەوە. لە ئیستادا لەژێر چاودێری تەندروستیدان. رۆژێك بەر لەوەش یەكەم حاڵەت لە عیراق تۆماركرا كە خوێندكارێكی ئێرانی بوو لە شاری نەجەف و دواتر بۆ ئێران گەڕێنرایەوە.
وەزیری تەندروستی عیراق، كە سەرۆكایەتی لیژنەی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات، 26ی شوبات بڕیاریدا بە راگرتنی تەواوی ناوەندەكانی خوێندن، لە 27ی شوبات تا 7ی ئادار.
لەگەڵ داخستنی تەواوی سینەما، یانە كۆمەڵایەتییەكان، شوێنەكانی مەی خواردنەوە و كافێ و چایخانەكان تا 7ی ئادار.
هەروەها بڕیاریدا بە رێگەنادات بە گەشتكردنی هاوڵاتیانی عیراقی بۆ وڵاتانی چین، ئێران، ژاپۆن، كۆریای باشور، تایلەند، سەنگافورە، ئیتاڵیا، كوەیت و بەحرەین.