وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق، ئاشكرای كرد كە هەڵگرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتە 13 حاڵەت، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە پێنج حاڵەتی نوییان راگەیاند.
دكتۆر سەیف بەدر، لە بەیاننامەیەكدا ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 29ی شوبات، جەختیكردەوە لە تۆماركردنی پێنج حاڵەتی نوێی هەڵگری ڤایرۆسەكە، سیان لەو حاڵەتانە لەناوچەی كەرخی بەغدا و یەكێكی تریان لە رەسافە.
حاڵەتی پێنجەم لە پارێزگای بابل تۆماركراوە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوەكەی وەزارەت دوای ئەوەی پشكنینیان بۆ كراوە و لە ئێستادا لەژێر چاودێریدان. بەوەش كۆی رێژەی توشبوان لە عیراق بۆ 13 حاڵەت بەرزبۆوە.
وەزارەت دوا لە هاوڵاتیان دەكات پابەندبن بە رێنماییە بڵاوكراوەكان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
وەزیری تەندروستی عیراق، كە سەرۆكایەتی لیژنەی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات، 26ی شوبات بڕیاریدا بە راگرتنی تەواوی ناوەندەكانی خوێندن، لە 27ی شوبات تا 7ی ئادار.
لەگەڵ داخستنی تەواوی سینەما، یانە كۆمەڵایەتییەكان، شوێنەكانی مەی خواردنەوە و كافێ و چایخانەكان تا 7ی ئادار.
هەروەها بڕیاریدا بە رێگەنادات بە گەشتكردنی هاوڵاتیانی عیراقی بۆ وڵاتانی چین، ئێران، ژاپۆن، كۆریای باشور، تایلەند، سەنگافورە، ئیتاڵیا، كوەیت و بەحرەین.