سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی موسڵ، مامۆستا و وانه‌بێژانی راسپارد له‌رێی ئینته‌رنێت و به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی وانه به خوێندكاران بڵێنه‌وه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی راگرتنی ده‌وامه‌وه له‌چوارچێوه‌ی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا.
لیژنه‌ی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ده‌وامی ته‌واوی ناوه‌نده‌كانی خوێندنی له عیراقدا راگرت، له 26ی شوباته‌وه تا 7ی ئاداری ئه‌مساڵ.
قوسه‌ی ئه‌حمه‌دی، سه‌رۆكی زانكۆی موسڵ به (كه‌ركوك ناو)ی وت به‌بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ، له‌و ماوه‌یه‌ی ده‌وامی زانكۆ راگیراوه مامۆستایان به ئۆنلاین و له‌رێی ئینته‌رنێته‌وه وانه‌كانیان ده‌ڵێنه‌وه، له‌پێناو له‌ده‌ستنه‌دانی وانه‌كاندا.
به‌وته‌ی ئه‌حمه‌دی، هۆكارێكی تری ئه‌و رێكاره‌ی زانكۆ ئه‌وه‌یه، "له ئه‌گه‌ری درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی راگرتنی ده‌وامدا به‌هۆی مه‌ترسی كۆرۆناوه سود له كاته‌كانیان وه‌ربگیرێت و په‌یوه‌ندی زانكۆ له‌گه‌ڵ خوێندكاره‌كاندا نه‌پچڕێت".
ژماره‌یه‌ك له كۆلێژه‌كانی زانكۆ وتنه‌وه‌ی وانه‌كانیان به شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی ده‌ستپێكردووه.
كۆلێژی زانستی زانكۆی موسڵ له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه، وتنه‌وه‌ی وانه‌كان به شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی نابێته جێگره‌وه‌ی ئه‌و وانانه‌ی خوێندكاران له‌ده‌ستیانداوه، یان جارێكی‌تر ئه‌و وانانه به خوێندكاران نه‌ڵێنه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وامدا، به‌ڵكو ئامانج لێی قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و كاته و به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندی خوێندكارانه به خوێندنهكهیانهوه.
ئه‌و رێكاره‌ی زانكۆ له كاتێكدایه تائێستا 13 حاڵه‌تی توشبون به ڤایرۆسی كۆرۆنا له عیراق تۆماركراوه كه پێنج كه‌سیان له كه‌ركوكن.
هند حه‌یالی، كچه خوێندكاری كۆلێژی زانست له زانكۆی موسڵ به (كه‌ركوك ناو)ی وت، كۆلێژه‌كه‌یان داوای لێكردبون به‌رنامه‌ی خزمه‌تگوزاری گۆگڵ بۆ خوێندن دابه‌زێنن تا به ئه‌لیكترۆنی وانه‌كانیان پێبڵێنه‌وه، ئه‌وه‌ش بۆ درێژایی ماوه‌ی راگرتنی ده‌وام به‌رده‌وامی ده‌بێت.
جگه له راگرتنی ده‌وامی ناوه‌نده‌كانی خوێندن، لیژنه‌ی شانه‌ی قه‌یران له عیراق، بڕیاریداوه به داخستنی تەواوی سینەما، یانە كۆمەڵایەتییەكان، شوێنەكانی مەی خواردنەوە و كافێ و چایخانەكان تا 7ی ئادار.