له چه‌ند پارێزگایه‌كی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، تائێستا 19 حاڵه‌تی توشبون به ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون، كه هه‌موویان له ئێرانه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
به‌پێی دوایین به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق، كه ئه‌مشه‌و 1ی ئادار بڵاویكرده‌وه، شه‌ش حاڵه‌تی نوێی توشبون به كۆرۆنا تۆماركراون، كه چواریان له سلێمانی و دوانیان له به‌غدایه.
دكتۆر سه‌یف به‌در، وته‌بێژی ئه‌و وه‌زاره‌ته له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه ئه‌و هاوڵاتییانه له ئێرانه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه و دواتر خراونه‌ته ژێر چاودێریی، له ئه‌نجامی پشكنینه‌كانیاندا ده‌ركه‌وتووه هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)ـن.
ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌دێت ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه، ئه‌مڕۆ یەكشەممە 1ی ئاداری 2020 دوای پشکنین بۆ 24 گومان‌لێکراو، ده‌ركه‌وتووه چوار هاوڵاتی لە شاری سلێمانی هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنان.
ئه‌و چوار كه‌سه له خێزانێكی سێ كه‌سی و ئافره‌تێك پێكهاتون، به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، له نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به‌و په‌تایه چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن و باری ته‌ندروستییان جێگیره.
پێشتر و له رۆژانی رابردودا، 13 حاڵه‌تی توشبون به كۆرۆنا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراقه‌وه راگه‌یه‌ندرا، له نێویاندا پێنج هاوڵاتی له شاری كه‌ركوك، كه چوار كه‌سیان له یه‌ك خێزانن.
ته‌واوی توشبوه‌كان به ڤایرۆسی كۆرۆنا له عیراق پێشتر له ئێران بون و دوای گه‌ڕاونه‌ته‌وه خراونه‌ته ژێر چاودێرییه‌وه.
به‌هۆی مه‌ترسی زیاتر بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، له عیراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌وامی ناوه‌نده‌كانی خوێندن راگیراوه، ده‌وامی فه‌رمانگه حكومییه‌كان كه‌مكراوه‌ته‌وه و شوێنه گشتییه‌كانی وه‌ك كافتریا و چایخانه داخراون، جگه له داخستنی ده‌روازه سنورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان به روی هاوڵاتیانی چه‌ندین وڵات‌دا له نێویاندا ئێران.