عه‌لاوی شكستیهێنا
به‌رهه‌م ساڵح: له‌ 15 رۆژدا كاندیدێكی تر بۆ سه‌رۆكوه‌زیران راده‌سپێرین

به‌غدا، شوباتی 2020، راسپاردنی محه‌مه‌د عه‌لاوی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار

كه‌ركوك ناو

به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق داوا دانوستانی له‌ لایه‌نه‌كان كرد بۆ دیاریكردنی كاندیدی نوێی سه‌رۆكوه‌زیران، تا له‌ 15 رۆژدا بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت رابسپێردرێت، دوای ئه‌وه‌ی محه‌مه‌د عه‌لاوی شكستیهێنا.

محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، سه‌ره‌تای شوباتی ئه‌مساڵ راسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت له‌ 30 رۆژدا و دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 1ی ئادار وه‌ك دوای واده‌ی ده‌ستوری نه‌یتوانی متمانه‌ بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی وه‌ربگرێت له‌رێی په‌رله‌مانه‌وه‌.

دانیشتنه‌كه‌ی دوێنێ په‌رله‌مانی عیراق، به‌هۆی بایكۆتی به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كان و ناڕه‌زایی كوتله‌كانی كورد و سوننه‌، نیسابی یاسایی ته‌واو نه‌كرد، كه‌ بڕیاربوو بۆ متمانه‌دان به‌ كابینه‌كه‌ی عه‌لاوی ئه‌نجامبدرێت.

به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ به‌پێی ده‌ستور كه‌سێكی تر بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت راده‌سپێرێت، به‌وپێیه‌ی عه‌لاوی نه‌یتوانی له‌ واده‌ی دیاریكراودا متمانه‌ی بۆ كابینه‌كه‌ی وه‌ربگرێت.

به‌پێی ده‌ستوری عیراق سه‌رۆك كۆمار ده‌توانێت جارێكیتر و له‌ 15 رۆژدا كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران رابسپێرێت ئه‌گه‌ر كاندیدی یه‌كه‌می راسپێردراو له‌ 30 رۆژدا نه‌یتوانی حكومه‌ت پێكبهێنێت.

سه‌رۆك كۆمار داوا له‌ كوتله‌ په‌رله‌مانییه‌كان ده‌كات كاندیدێكی تر دیاریبكه‌ن كه‌ جێی ره‌زامه‌ندی گه‌ل و په‌رله‌مان بێت، به‌ ئامانجی پێكهێنانی حكومه‌تێك، بتوانێت روبه‌ڕوی ئاڵنگارییه‌كان ببێته‌وه‌ و كار بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ بكات.

محه‌مه‌د عه‌لاوی، دره‌نگانی شه‌وی رابردوو له‌ په‌یامێكدا كشانه‌وه‌ی له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت راگه‌یاند.

"پێشتر و كاتی راسپاردنم به‌ڵێنمدا ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌م بم ئه‌گه‌ر فشاری سیاسی به‌سه‌رمدا بسه‌پێندرێت".

parlaman-1
به‌غدا، 2019، دانیشتنێكی ئاسایی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: راگه‌یاندنی په‌رله‌مان

عه‌لاوی ده‌ڵێت له‌و روانگه‌یه‌وه‌ بڕیاری پێكهێنانی حكومه‌تی بێلایه‌نی دا و "هه‌ستمكرد به‌ پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌م ئه‌و لایانانه‌ زیانلێكه‌وتوو ده‌بن كه‌ له‌ گه‌نده‌ڵیدا نقوم بون ... ئه‌گه‌ر سازشم بكردایه‌ وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیران ده‌ستبه‌كارده‌بوم، به‌ڵام نه‌مكرد".

تۆمه‌تی ئه‌وه‌شی روبه‌ڕوی هه‌ندێم لایه‌ن كردۆته‌وه‌ كه‌ جدی نین له‌ چاكسازی و به‌ربه‌ست بون له‌ به‌رده‌م پێكهێنانی حكومه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی هیچ لایه‌نێك بهێنێت.

به‌شێك له‌ كوتله‌ كوردییه‌كان و عه‌ره‌بی سونه‌، له‌گه‌ڵ شێوازی هه‌ڵبژاردنی كاندیدی وه‌زیره‌كان و به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌ت ناكۆكییان له‌گه‌ڵ عه‌لاوی هه‌بوو.

سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و حزبه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان، له‌ 24ی شوباتی ئه‌مساڵدا، جه‌ختیانكرده‌وه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى له‌لايه‌ن عه‌لاوییه‌وه‌ نراون "بۆ زۆرێك له لايه‌ن و پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق جێگه‌ى دڵنيايى و متمانه‌ نين"، داوای پێداچونه‌وه‌یان كرد به‌ شێوازى كار و به‌رنامه‌كه‌يدا.

هه‌روه‌ها داوایانكرد پێكهاته‌كانى كوردستان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نها لايه‌نى شه‌رعيى بڕيارده‌ربن له‌ ده‌ستنيشانكردنى نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكومه‌تى فيدرالى.

له‌ پێكهاته‌ی كابینه‌كه‌ی عه‌لاوی، كه‌ بڕیاربوو له‌ په‌رله‌مانی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، پۆسته‌ وزارییه‌كانی پشكی كورد و به‌شێك له‌ سوننه‌ به‌ به‌تاڵی مابونه‌وه‌، تا ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌سه‌ر كاندیدی خۆیان رێكده‌كه‌ون.

شكستی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ كاتێكدایه‌، چه‌ند مانگێكه‌ عیراق له‌ بۆشایی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندایه‌ و عادل عه‌بدولمه‌هدی، شه‌وی رابردوو له‌ دوایین هه‌ڵوێستیدا ره‌تیكرده‌وه‌ له‌و پۆسته‌دا به‌رده‌وامبێت.

حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری ئێستای عیراق، كۆتایی 2019 ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی راگه‌یاند، دوای پێداگری زۆری خۆپیشانده‌رانی ناڕازی له‌ به‌غدا و چه‌ند شارێكی تر.

خۆپیشاندانه‌كانی عیراق له‌ مانگی 10ی 2019وه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌، كه‌ سه‌ره‌تا بۆ داواكاری خزمه‌تگوزاری ده‌ستپێكرد و گۆڕا بۆ هه‌وڵی گۆڕینی حكومه‌ت و سیته‌می حوكمڕانی، له‌و ماوه‌یه‌شدا زیاتر له‌ 600 خۆپیشانده‌ر به‌هۆی بارگرژییه‌كانه‌وه‌ كوژراون و هه‌زارانی دیكه‌ش له‌ خه‌ڵك و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان برینداربون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT