ئیداره‌ی پارێزگای كه‌ركوك، داوای هاوكاری له رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كات بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و له چوارچێوه‌ی رێكارهكانیشدا، به‌رده‌وامی به راگرتنی خوێندن و ده‌وامی به‌شێك له فه‌رمانگه‌كان ده‌دات.
راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه 2ی ئادار له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، ئاماژه‌ی به دوایین رێكاره‌كان كرد بۆ رێگری له زیاتر بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
"داوای هاوكاری زیاترمان كرد لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، وه‌ك چۆن له كاتی شه‌ڕی داعش و ئاواره‌ییدا هاوكاری كه‌ركوكیان كرد" به‌وته‌ی راكان سه‌عید.
كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه دوابه‌دوای كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئیداره‌ی كه‌ركوك هات له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و چه‌ند رێكخراوێكی تری مرۆیی.
پارێزگاری كه‌ركوك ده‌ڵێت پێویستیان به شوێنی تر هه‌یه بۆ له‌خۆگرتنی گومانلێكراوانی هه‌ڵگری كۆرۆنا، ئه‌وه‌ش له هه‌ندێك گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌ی تری دابڕاو.
پێشتر ئیداره‌ی كه‌ركوك بڕیاریدا به راگرتنی خوێندن، داخستنی شوێنه گشتییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمانگه حكومییه‌كان.
راكان جبوری وتی "وه‌ك وتومانه كاتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وامی ناوه‌نده‌كانی خوێندن نادیاره، پێویسته ته‌واوی خوێندنگه‌كان ده‌رمانرێژ بكرێن تا خه‌ڵك له مه‌ترسی به‌دوربن".
هه‌روه‌ها بۆ ده‌وامی فه‌رمانگه حكومییهكانیش جه‌ختیكرده‌وه "راسته هەندێك لە هاوڵاتیان كارەكانیان راگیراوە، به‌ڵام ئێمە ناچارین، چونكه بەرژەوەندی گشتی گرنگترە لە كاری هەندێك فەرمانگە".
ئه‌و رێكارانه‌ی ئیداره‌ی كه‌ركوك دوای تۆماركردنی پێنج حاڵه‌تی توشبون به ڤایرۆسی كۆرۆنا هات له رۆژانی رابردودا.
كه‌ریم وه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا وتی تائێستا ته‌نیا پێنج توشبوو هه‌یه، له سێ ناوچه‌كه‌ش، شوێنی چاودێری و هێشتنه‌وه‌ی توشبوان و گومانلێكراوانی ئه‌و ڤایرۆسه كراوه‌ته‌وه، جگه له به‌رده‌وامی تیمه‌كانی هۆشیاری و بڵاوكردنه‌وه‌ی رێنمایی.
به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق، جگه له كه‌ركوك، له هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌ی عیراق، 16 حاڵه‌تی تری توشبون به ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوه كه هه‌مویان له ئێران گه‌ڕاونه‌ته‌وه.