دادگای تاوانەکانی عیراق بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ ئەبو هومام دەركرد. بە تاوانی دەستدرێژیكرنە سەر كچێكی ئێزیدی بەناوی ئەشواق لەوكاتەی تەمەنی تەنیا 15 ساڵ بوو.
دادگای تاوانەكان لەكەرتی كەرخ، ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئازاری 2020، لە بەیاننامەیەكدا جەختیكردەوە لەوەی ئەو كچە ئێزیدیە وەك سەبایا لەلایەن رێكخراوی داعشەوە دراوەتە ئەبوهومام ئەوەش وەك پاداشتێك لە بەرامبەر برینداربونی لەشەڕێكدا دژ بە هێزە ئەمنییەكانی عیراق.
بڕیارەكەی دادگا بەپێی ماددەی 4ی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر دەكراوە وسزای لەسێدارەدان بۆ ئەو چەكدارەی دعش دەكراوە.
ئەشواق حەجی حەمید كە ئێستا تەمەنی (21ساڵ)ەو لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی دادگا لە بەغدا ئامادەبوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "دواین بڕیاری دادگام بەچاوی خۆم و بینی كە بڕیاری لە سێدارەدانی ئەبوهومام بوو...ئەو دەستدرێژی سێكسی كردەسەرم، كاتێك تەمەنم 15 ساڵان بوو".
"خەونەکەم بەدیهات"، ئەشواق لەبارەی بڕیارەكەی دادگاوە وایوت.
كاتێك چەكدارانی داعش لە 3ی ئابی 2014 هەڵیانكوتایە سەر ناحیەی خانەسور – شوێنی نیشتەجێبونی ئەشواق- لە قەزای شنگال، ئەشواق-یان لەگەڵ سەدان ژن و كچی تری ئێزیدیدا رفاند.
لە بەدواداچونێكی (كەركوك ناو)دا، كە دوێنێ یەكشەممە بڵاوكرایەوە، ئەشواق وتی "لەو تەمەنەدا، خەونەكانم گەورە بون، هەموویان خۆشبون و لەگەڵیاندا گەشەم دەكرد و پێدەكەنیم، تەنیا ئەوەی هەرگیز بەخەیاڵمدا نەدەهات ئەو دۆزەخە بوو كە ئەبو هومام بۆی دروستكردم".
زیاتر وتی "ئەوكات پێدەكەنیم و لەگەڵ خەونەكانم گەشەم دەكرد، تەنیا ئەوەی هەرگیز بەخەیاڵمدا نەدەهات ئەو دۆزەخە بوو كە ئەبو هومام بۆی دروستكردم".
ئەبو هومام كێیە؟
ئەبو هومام، (36 ساڵ) ناوی راستەقینەی محەمەد رەشید، خەڵکی بەغدایە؛ لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش لە عیراق لە 2014دا پەیوەندی بەو رێكخراوەوە كردووە.
دوای تەنیا 15 رۆژ لە دەستگیركردنی ئەشواق، ئەبو هومام، دەستیكرد بە وتنەوەی بنەماكانی ئایینی ئیسلام بەكچان و ژنانی ئێزیدی لەنێویاندا ئەشواق، ئەوەش لە قەزای بەعاج بەدوری 159كم لە باشوری خۆرئاوای موسڵ، جگە لە وانەوتنەوە، فێری نوێژكردنیشی دەكردن.
"رۆژێك ئەبو هومام پێیوتم: دەبێت شوم پێبكەیت، ئەوە بڕیاری خەلافەتە و لەخۆمت مارەدەكەم". ئەشواق وتی "زۆر گریام، زۆر هەوڵم لەگەڵدا، وتم چۆن دەبێت بەم تەمەنە بچوكەوە دەستدرێژی بكەیتە سەرم، تەنانەت 18 ساڵیش نیم، بەڵام سودی نەبوو، دەستدرێژی كردە سەرم".
تا دوو مانگ و نیو، ئەشواق ژیانێكی پڕ لە ترسی لەژێر بارێكی دەرونی خراپدا بەسەربرد. دەستدرێژی سێكسی كرایە سەریی، ئەشكەنجە دەدرا و وەكو كۆیلە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرا.
"تا ئەوكاتە نەمدەزانی ترس چییە، برسێتی چییە، ستەم و زوڵم چییە، بەڵام لەو دوو مانگ و نیوەی لای ئەبو هومام بوم، هەمویم ئەزمون كرد"، ئەشواق وایوت.
لەو ماوەیەدا ئەشواق، لە موسڵ، تەلعەفەر، بەعاج و دواتریش سوریا هاتوچۆی دەكرد لەگەڵ ئەبو هومام.