لالش و كڵێساكان: تكایه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ خواپه‌رستی بكه‌ن

نه‌ینه‌وا، 2020، كڵێسای مارگورگیش له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی تلسقۆف فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

په‌رستگای لالش، كڵێسا و زۆرینه‌ی شوێنه‌ ئاینییه‌كانی تر به‌ڕوی زیاره‌تكارانیاندا داخراون به‌ ئامانجی خۆپارێزیی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، داواش له‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن له‌ ماڵه‌كانی خۆیاندا خواپه‌رستی و نزا بكه‌ن.

به‌پێی بڕیاری هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، هه‌فته‌یه‌كه‌ كۆبونه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كاندا قه‌ده‌غه‌ كراوه‌، به‌هۆی مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لوقمان سلێمان، لێپرسراوی به‌شی راگه‌یاندن له‌ په‌رستگای لالش له‌ شێخان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت وت "له‌ 7ی ئاداره‌وه‌ لالش و ته‌واوی شوێنه‌كانی تر داخراون، له‌ پێناو پاراستنی ته‌ندروستی خه‌ڵك، هیچ رێوره‌سمێكی ئایینی ئه‌نجامنادرێت".

بەپێی وەزارەتی تەندروستی عیراق تائێستا 93 حاڵه‌تی توشبون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون.

"له‌مه‌ودوا ئێزدییه‌كان ده‌توانن له‌ ماڵی خۆیانه‌وه‌ په‌رستش و نزاكانیان بكه‌ن" به‌وته‌ی لوقمان.

حكومه‌تی هه‌رێم هه‌فته‌ی رابردوو بڕیاریدا هه‌موو رێورەسمە ئاینییەکان لە (مزگەوت، كڵێسا و پەرستگاکان) بە گوتاری هەینی مزگەوتەکانیشەوە، هەتا کاتێکی نادیار رابگیرێت.

lalsh-1
شێخان، ئاداری 2020، داخستنی په‌رستگای لالش به‌روی زیاره‌تكارانیدا فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ (كه‌ركوك ناو)

له‌سه‌ر ئاستی عیراقیش، وه‌قفی شیعی نوێژی هه‌ینی و به‌ كۆمه‌ڵی راگرت، به‌ڵام وه‌قفی سونی ته‌نیا ماوه‌ی وتاری هه‌ینی كه‌مكرده‌وه‌ و داوایكرد هه‌ر كه‌سێك مه‌ترسی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی هه‌یه‌ سه‌ردانی مزگه‌وت نه‌كات.

جۆزيف ئه‌لیاس یه‌ڵدا، پیاوێكی ئایینی كریستیانی له‌ ناحیه‌ی ئه‌لقۆش-ی نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌فته‌یه‌كه‌ هه‌موو كه‌نیسه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان داخراون، نوێژ و پرسه‌ و هه‌موو رێوڕه‌سمێكی تر راگیراون و هه‌موو كریستیانه‌كانیش به‌و بڕیاره‌وه‌ پابه‌ندبون".

هه‌روه‌ها پێشیوایه‌ داخستنی ده‌رگای كڵێسا نابێته‌ هۆی په‌ككه‌وتنی خواپه‌رستی، "هه‌موان ده‌توانن له‌ ماڵه‌كانی خۆیاندا خواپه‌رستی و نزا بكه‌ن، چونكه‌ په‌رستش په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌نێوان مرۆڤ و خوا، ئیتر له‌ هه‌ر شوێنێك بێت".

له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا هیچ حاڵه‌تێكی كۆرۆنا تۆمارنه‌كراوه‌، ته‌نیا رێكاری خۆپارێزی هه‌یه‌، له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا بڕیاردراوه‌ به‌ داخستنی شوێنه‌ گشتییه‌كان و راگرتنی هاتوچۆ له‌ ده‌روازه‌كاندا بۆ 24 كاتژمێر.

له‌ كۆی 70 حاڵه‌تی توشبوو به‌ كۆرۆنا له‌ عیراق و هه‌رێمی كوردستان، شه‌ش كه‌س چاكبونه‌ته‌وه‌ و حه‌وت هاوڵاتیش به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ گیانیانله‌ده‌ستداوه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT