كۆمەڵەی هیوای عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای دەكات كە 1900 ژن لە كەركوك روبەڕوی توندوتیژی جەستەیی، سێكسی و دەرونیی بونەتەوە. ئەو ئامارە هاوكات لەگەڵ خستنەڕوی كۆمەڵێك داواكاریی لە رۆژی جیهانی ژناندا و لەپێناو باشتركردنی دۆخی ژنان.
ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی ژنان و داكۆكیكەر لە مافەكانی مرۆڤ لە كەركوك، گردبونەوەیەكیان لە رۆژی 8ی مارسدا و لە سەنتەری رۆشنبیری شارەكە رێكخست و راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە كە كۆمەڵێك داواكاریی لەخۆگرتبوو.
هانا شکور، چالاکوانی ژنان كە رایگەیەنراوەكەی خوێندەوە، وتی "هەشتی مارسی ئەمساڵ لەکاتێکدا كە وڵاتەکەمان لە بارودۆخێکی نەگونجاودایە بۆ گۆڕانکاریی چاکسازی لەپێناو دادپەروەری کۆمەڵایەتی، یەکسانیی و ژیانێکی سەرزبەرزانە... راپەڕینی تشرینی عیراق دەنگێکی ناڕەزایی گەل بوو بەڕوی هەموو لایەنە سیاسییەکان کە بەشداربون لە ئیدارەدانی وڵات و بەردەوام وڵاتیان پڕکرد لە پشکپشکێنەو گەندەڵیی و چەکداری نایاسایی کە ئەمەش بووە هۆکاری بەدەستنەهێنانی ماف و ئازادییەکانی تاک".
هەر لەو گردبونەوەیەدا ژنان جەختیانكردەوە لەوەی لەم بارودۆخەدا ئەرکێکی قورسییان گرتۆتە ئەستۆ کە ئەوەش رۆڵبینینیانە لە ناڕەزاتییەکانی عیراق.
ژنان كۆمەڵێك داواكارییەكان خستەڕوو، لەنێویاندا كاركردن لەسەر دامەزراندنی ژنانی لێهاتوو، کردنەوەی خولی تایبەت بە ژنانی کەرکوک وەک پۆلیس، ئەفسەر و لێکۆڵەر. هەروەها دابینکردنی شوێنی تایبەت بە ژنانی هەڵهاتوو لە توندوتیژی.
لەگەڵئەوەشدا داوای دانانی پلان و روبەڕبونەوەی هۆکارەکانی خۆکوشتنی ژنانیان كرد، لەگەڵ باشترکردنی گوزەرانی ژیان لەڕێی پێدانی سلفەی قەرزەوە.
ئەو داواكارییانە لەكاتێكدایە كە دۆخی ژنان لە كەركوك بەباش نابینرێت، بەهۆی ئەوەی توندوتیژییەكان بەردەوامیان هەیە و ئامارەكان بە "مەترسی" وەسفدەكرێن.
سرود ئەحمەد، لێپرسراوی لقی کەرکوکی کۆمەڵەی هیوای عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ كە لەو گردبونەوەیەدا بەشداربوو، وتی "1905 حاڵەتی توتدوتیژی دژ بەژنان لە كەركوك و لەساڵی 2019دا تۆمارکراوە".
ئەو وتی "ژنان روبەڕوی توندوتیژی جەستەیی، سێكسی و دەرونیی بونەتەوە... بۆ زانیاریتان کەرکوک یەکەمین شارە لەسەر ئاستی عیراق بۆ خۆکوشتن و هەوڵدان بۆ خوکوشتن".