له عیراق و هه‌رێمی كوردستان، 66 توشبوو به كۆرۆنا تۆماركراون، له‌و ژماره‌یه تائێستا شه‌ش كه‌س چاكبونه‌ته‌وه و ڤایرۆسه‌كه له جه‌سته‌یاندا نه‌ماوه، شه‌ش هاوڵاتیش به‌وهۆیه‌وه گیانیانله‌ده‌ستداوه.
به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق، دوێنێ یه‌كشه‌ممه 8ی ئادار شه‌ش حاڵه‌تی نوێی توشبون به ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون.
سه‌یف به‌در، وته‌بێژی ئه‌و وه‌زاره‌ته هه‌ر دوێنێ له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه كه دوو حاڵه‌تی تری توشبوی كۆرۆنا گیانیانله‌ده‌ستداوه له میسان و بابل، به‌وه‌ش ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی به‌وهۆیه‌وه گیانیانله‌ده‌ستداوه گه‌یشته شه‌ش كه‌س.
هاوكات وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه، سێ هاوڵاتی دیكه له پشكنینه‌كانیاندا ده‌ركه‌وتووه هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌ت ئه‌و سێ توشبووه یه‌كێكیان ئافرەتێكی تەمەن 52 ساڵ و خوشكی ئه‌و ئافره‌ته‌ی پێشتر له هه‌ولێر ڤایرۆسه‌كه له جه‌سته‌یدا ده‌ركه‌وت، دوو توشبوه‌كه‌ی تر ته‌مه‌ن 53 ساڵ و 52 ساڵ، خه‌ڵكی سلێمانی و یه‌كێكیان به‌ریه‌ككه‌وتنی هه‌بووه له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڵاتییه‌ی به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه گیانیله‌ده‌ستدا.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌و ئاماره‌دا چاكبونه‌وه‌ی هاوڵاتییه‌كی توشبوی ڤایرۆسه‌كه‌ی له سلێمانی راگه‌یاندووه.
له ئێستادا ژماره‌ی چاكبونه‌وه له كۆرۆنا گه‌یشتۆته شه‌ش كه‌س كه ده‌كه‌ونه كه‌ركوك، به‌غدا و سلێمانی.
به‌پێی دوایین ئاماره‌كانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، تائێستا 66 حاڵه‌تی توشبوو به كۆرۆنا تۆماركراوه، كه ته‌نیا یه‌كێكیان ئێرانی بووه و گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی، ئه‌وانیتر ده‌كه‌ونه به‌غدا، نه‌جه‌ف، كه‌ركوك، سلێمانی، هه‌ولێر، كه‌ربه‌لا، دیاله، میسان، بابل، واست، موسه‌نا، ئه‌نبار و زیقار.
ڤایرۆسی كۆرۆنا، خوێندنی له ته‌واوی عیراقدا راگرتووه، ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان كه‌مكراونه‌ته‌وه، شوێنه گشتییه‌كان داخراون و جموجۆڵی سنوره‌كانیش سنورداركراون.
ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، له كۆتاییه‌كانی 2019دا له چین سه‌ریهه‌ڵدا، دواتر گه‌یشته چه‌ندین وڵاتی جیهان له نێویاندا عیراق.
به‌پێی دوایین ئاماره‌كان له كۆی زیاتر له 110 هه‌زار هه‌ڵگری ئه‌و ڤایرۆسه له جیهاندا تائێستا زیاتر له 62 هه‌زار كه‌س چاكبونه‌ته‌وه و ژماره‌ی مردنیش به‌وهۆیه‌وه سێ هه‌زار و 831 كه‌سه.