كارگەیەكی خۆبەخشی دروستكردنی دەمامك لە كەركوك داخرا

كەركوك/ئاداری 2020/ ژنان بەشێوەی خۆبەخش دەمامك دروستدەكەن و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی دەكەن فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك ناو

ئەو كارگەیەی بەشێوەی خۆبەخش دەمامكی بۆ خەڵكی كەركوك دروستدەكرد كارەكانیان لەو فەرمانگەیە راگیرا كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی لاوان و وه‌رزشەوە پێیاندرابوو.

ژمارەیەك ئافرەت بەشێوەی خۆبەخش دەستیانكرد بە دروستكردنی دەمامك لەوكاتەی لەكەركوك یەكەم حاڵەتی توشبون بەڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیەنرا. بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەرایەتی لاوان و وه‌رزش بینایەكی بۆ دابینكردن، بەڵام دوای تەنیا یەك هەفتە بیناكەیان لێ وەرگیرایەوە.

نادیە محەمەد عەزاوى، سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دواى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، نرخی دەمامك بۆ خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە بەرزبۆوە و دەستنەدەكەوت، بەهۆیەوە ئێمە بیرمان لە دروستكردنی دەمامك كردەوە بەشێوەی خۆبەخش".

وتیشی "لەیەكەم هەنگاودا ژمارەیەك ئافرەتی تر پەیوەندییان پێوەكردین و بەخۆبەخش كاریان كرد، بەڕێوەبەرایەتى وەرزش و لاوانى شارەکەش بنکەى لاوانى گەڕەکى تسعینیان بۆ تەرخانكردین، بەڵام دواتر پێیان چۆڵكردین".

لەیەكەم هەنگاودا ژمارەیەك ئافرەتی تر پەیوەندییان پێوەكردین و بەخۆبەخش كاریان كرد

بەپێی وتەی نادیە، پاساوی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئەوە بووە كە لەلایەن وەزارەتەوە لە بەغداوە هاوكارییان ناكرێت بۆ ئەو كارە.

ئەوەش لەكاتێكدایە نادیە دەڵێت "خەڵك پێداویستییەكانی بۆ دابیندەكردین بۆ دروستكردنی دەمامكەكان".

damamkk

 كەركوك/ئاداری 2020/ ژنان بەشێوەی خۆبەخش دەمامك دروستدەكەن و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی دەكەن فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئەو پڕۆژەیە هاوكارێكی باش بوو بۆ دروستكردنی دەمامك و دابەشكردنی بەشێوەی خۆبەخش بەسەر هاوڵاتیاندا.

ئە‌حمه‌د ره‌جه‌ب عوبه‌یدى، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى لاوان و وه‌رزشی كەركوك، لەوبارەیەوە وتی "سەرەتا بیرۆكەكە بۆ سێ رۆژ بوو، دواتر بۆ هەفتەیەك درێژمانكردەوە به‌هۆى خۆاستى هاوڵاتیان بۆ دەمامك، به‌ڵام له‌ئێستادا بەهۆى ئه‌وه‌ى هیچ بودجه‌یه‌ک و هاوکارییه‌کى بۆ ته‌رخاننه‌کراوه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ بڕیارماندا بەداخستنى تاوه‌کو وه‌زاره‌ت پاڵپشتیمان ده‌کات".

ئەحمەد وتی "بەڵام پڕۆژەكە رانەوەستاوە و نادیە لە ماڵەوە كارەكانی دەكات و ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئادار، لەنێو نه‌خۆشخانه‌ى شێرپه‌نجه‌ و لوه‌کان دەمامكیان دابه‌شدەكرد".

بەڵام پڕۆژەكە رانەوەستاوە و نادیە لە ماڵەوە كارەكانی دەكات

پڕۆژەكەی نادیە و هاوڕێیەكانی، لە 8ی ئادار رۆژی جیهانی ژنان داخرا، ئەوەش نادیەی زیاتر نیگەران كرد و وتی "دەبوو هاوكاری زیاتریان بكردینایە".

بەڵام لەگەڵئەوەشدا وتی "من كارەكانم راناگرم و ئێستا لەماڵەوە ئەو كارە دەكەم، ژنانی هەموو نەتەوەكانیش بەشدارن لە پڕۆژەكە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT