وردەكاریی ئۆپەراسیۆنەكەی قەرەچوغ
شەڕێكی سەخت و 24 كاتژمێر روبەڕوبونەوە

مەخمور/ ئازاری 2020/ ئۆپەراسیۆنی چیای قەرەچوغ، فۆتۆ: دژە تیرۆری عیراق

سۆران محەمەد – مەخمور

ئۆپەراسیۆنەكەی چیای قەرەچوغ، كە لەلایەن هێزێکی تایبەتی ئەمریكا و دژەتیرۆری عیراقەوە دژ بە چەكدارانی داعش بەڕێوەچووە، بە یەكێك لە ئۆپەراسیۆنە سەختەكانی عیراق دادەنرێت لەم چەند ساڵەی دواییدا. بەپێی هێزە ئەمنییەكانی عیراق نزیكەی 24 كاتژمێری شەڕی سەخت و روبەڕوبەڕوبونەوە رویداوە و بەهۆیەوە 25 چەكداری داعش كوژراون، لەگەڵ دوو سەربازیی ئەمریكی.

ئەو ئۆپەراسیۆنە، بەرەبەیانی 8ی ئازار لە چیای قەرەچوغ باشوری قەزای مەخمور لەنێوان سێ كوچكەی هەرسێ پارێزگای كەركوك، نەینەوا و هەولێر بەڕێوەچوو، تا بەرەبەیانی 9ی ئازار بەردەوامی هەبوو. هێزەكانی ئەمریكا سەربازەكانیان لەڕێی فڕۆكەوە بۆ چیایەكە دابەزاند، كە یەكێكە لەناوچە سەختەكان.

باپیر شێخ وەسان، فەرماندەی پێشمەرگە لە سنورەکە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێزە تایبەتەكەی ئەمریکا بەهاوکاری فڕۆکەی سەربازیی و سوپا و دژە تیرۆری عیراق، ئۆپەراسیۆنەكەیان ئەنجامداوە. بەشێوەیەکی گشتی شەڕەکە شەڕێکی سەخت بووە، داعش بەهێزەوە وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە و بەهۆیەوە شەڕ بۆ ماوەی زیاتر لە رۆژێک بەردەوام بووە".

داعش بەهێزەوە وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە و بەهۆیەوە شەڕ بۆ ماوەی زیاتر لە رۆژێک بەردەوام بووە

هاوكات فەرماندەیەكی تر لە سنورەكە جەختیكردەوە لەوەی شەڕەكە لەوە گەورەتر بووە كە هێزەكانی ئەمریكا و دژە تیرۆری عیراق مەزەندەیان كردووە.

ئەو وتی "زانیاریی وا درابوو بە هێزەكانی ئەمریكا كە 20 چەكداری داعش لەو چیایە هەن، بەڵام دەركەوتووە ژمارەكە زۆر لەوە زیاتر بووە و نزیكەی 200 چەكداری داعش لەو چیایە هەن".

بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق لەو ئۆپەراسیۆنەدا، 25 چەكداری داعش كوژراون و دوو سەربازی ئەمریكی كوژراون. هاوكات نۆ مۆڵگەی داعش خاپوركراون لەگەڵ یەكەیەكی راهێنان. بەڵام شانەكە هیچ ئاماژەیەكی بە كوژرانی هێزەئەمنییەكانی عیراق نەكردووە.

dzhatirorrr
مەخمور/ ئازاری 2020/ ئۆپەراسیۆنی چیای قەرەچوغ، فۆتۆ: دژە تیرۆری عیراق

باپیر شێخ وەسان وتی "داعش بەو ئۆپەراسیۆنە بە تەواوی لە چیای قەرچوغ بێ کاریگەر کراوە و یەکێك بوو لە ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتوەکان".

ئێوارەی 8ی ئازار، هێزێكی تایبەتی دژە تیرۆری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لە سلێمانییەوە بەرەو سەربازگەی كەی وەن لە كەركوك بەڕێكەوت، ئەوەش لەسەر داوای هێزەكانی هاوپەیمانان و بۆ بەشداریكردن لەو ئۆپەراسیۆنە. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، بەرلەوەی هێزەكە بگاتە چیای قەرەچوغ ئۆپەراسیۆنەكە كۆتایی هاتووە.

محەمەد عوسمان، لێپراسراوی مەڵبەندی دوی یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "پاش ئەوەی شەڕەکە درێژەی کێشاوە، هێزەکانی ئەمریکا داوایان لە دژە تیرۆری یەکێتی کردووە بەشداربن لە شەڕەکە و هاوکارییان بكەن، ئەوانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکییەکان و بە ئاگاداری وەزارەتی ناوخۆی عیراق چونەتە سەربازگەی كەی وەن".

بەپێی وتەی محەمەد عوسمان، دژە تیرۆری یەكێتی چونەتە چیای قەرەچوغ و لەڕێی فڕۆكەوە بۆ چیاكە دابەزێنراون. بەڵام زانیاریی تری نەدركاند. ئەوەش لەكاتێكدایە بەرەبەیانی 9ی ئازار هێزەكە گەڕاونەتەوە سلێمانی. دوو سەرچاوەی (كەركوك ناو) جەختیانكردەوە لەوەی تەنیا تا سەربازگەی كەی وەن رۆیشتون و ئۆپەراسیۆنەكە تەواو بووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT