لەهێرشی چەكدارانی داعش بۆ سەر بازگەیەكی حەشدی شەعبی، چەكدارێكی حەشد و سەربازێكی سوپای عیراق كوژران. لەگەڵ برینداربونی دوو چەكداری تر. هێرشەكە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینی بەدواداهات و سێ گەنج دەستگیركران.
ئەو هێرشە كاتژمێر 11ی شەوی رابردوو 9ی ئازار لەنزیك گوندی عەلی سەعدون رویدا لە ناوچەی گڵەی لە باكوری خۆرئاوای خانەقین رویدا.
سەرچاوەیەك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "داعش هێرشیكردە سەر خاڵێکی سەربازی لیوای 23ی هێزەكانی بەدر روبەڕوبونەوە رویدا، دواتر ھێزێکی سوپای عیراقی سەر بە لیوای مەغاویر بە ھانای ھێزەکەی حەشدەوە چون و بەهۆیەوە چەكدارێكی حەشد و ئەفسەرێكی سوپای عیراق كوژران".
بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەی گشتی خانەقین، لەو شەڕەدا دوو چەکداری تر برینداربون.
بەهۆی ئەو هێرشەوە، سوپای عیراق هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینی لە ناوچەكە ئەنجامدا و سێ گەنجیان دەستگیركرد.
جواد شیرک، ئەنجومەنی گوندی شیرک، بە (كەركوك ناو)ی وت "سوپا هاتنە گوندەكەی ئێمە و سێ گەنجی كوردییان دەستگیركرد... یەکێک لە دەستگیرکراوەکان پێشمەرگەیە و نازانین بەتۆمەتی چی دەستگیرکراون".
سوپا هاتنە گوندەكەی ئێمە و سێ گەنجی كوردییان دەستگیركرد
ھەروەھا جواد کازمی، فەرماندە لە حەشدی شەعبی لە ناوچەی گڵەی، لەبارەی هێرشەكانی داعش لەو ناوچەیە وتی "سودیان لە جوگرافیای ناوچەکە وەرگرتووە، چونکە ناوچەی گڵەی دەکەوێتە سەر چەمی روباری سیروان و ئەڵوەن و ھەروەھا ناوچەیەکی کشتوکاڵییە، بۆیە بە ئاسان داعش دەتوانن چالاكی بكەن".