"گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان هیچ کاندیدێکی نییە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، خۆپیشاندەران تەنیا تایبەتمەندییەکانیان دیاریکردووە"، ئیهاب حەسەن یەکێکە لە خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر لەبەغدا وایوت. ئەو زیاتر وتی "شۆڕشی تشرین لەسەرەتاوە ئامانجی چاکسازی بووە لەپرۆسەی سیاسیی و دروستکردنی فشار بووە لەپێناو باشترکردنی بژێوی هاوڵاتییان".
بەڵام لەگەڵئەوەشدا جەختیكردەوە "حزبەکان هەوڵدەدەن هەمان دەموچاوەکان دوبارە بکەنەوە و هەژمونی خۆیان بسەپێنن بەسەر جومگەکانی دەوڵەت بێگوێدانە داخوازییەکانی گەل و خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان"، ئەو بەمشێوەیە مشتومڕی نێوان سیاسییەکانی پوختکردەوە بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکێک بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
"شۆڕشی تشرین" ئەو دەستەواژەیەیە کە خۆپیشاندەران بەکاریدەهێنن بۆ گوزارشتکردن لەو خۆپیشاندانانەی بەغدا و چەند پارێزگایەکی تری عیراق كە لەمانگی تشرینی یەکەمی 2019 لەلایەن گەنجانەوە دەستیپێكردووە و بەردەوامە. ئەوەش بەئامانجی بەگژداچونەوەی گەندەڵی بەربڵاو لەدامودەزگا حکومییەکان و دابینکردنی هەلی کار و باشترکردنی باروگوزەرانی هاوڵاتیان.
بەڵام خۆپیشاندانەکان روبەڕوی شەپۆلێک توندوتیژی بوونەوە کە بوەهۆی کوژرانی سەدان کەس و برینداربونی هەزارانی تر لەنێویاندا ژنان، سەرەنجام ئاستی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بەرزتر بووە و گەیشتە ئەوەی داوای گۆڕینی تێکڕای سیستمی سیاسی بکرێت.
لە 29ی تشرینی دووەمی 2019، مەرجەعی باڵای شیعەکان لەعیراق ئایەتولڵا عەلی سستانی لەمیانەی وتاری هەینیدا داوای لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کرد متمانە لەحکومەت بسەنێتەوە، دوابەدوای ئەو شەپۆلی ناڕەزایەتییەی دوو مانگ بوو وڵاتەکەی گرتبووەوە بێ ئەوەی لەلایەن سیاسییەکانەوە بەهەند وەربگیرێت.
یەک رۆژ لەدوای ئەم وتارە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بەڕەسمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە پەرلەمان کرد.
هەرچەندە خۆپیشاندەران دڵخۆشی خۆیان دەربڕی بەو دەستلەکارکێشانەوەیە بەڵام پێویستیان بە زیاتر لە 10 رۆژ بوو بۆ ئەوەی مەرجەکانی خۆیان بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بخەنەڕوو.
حەوت مەرجەکەی خۆپیشاندەران
لە رۆژی 11ی کانونی یەکەمی 2019، مانگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا کە لەباڵەخانەی (ڕێستورانتی تورکی)ی بەغداوە پەخشکرا، رایانگەیاند "بە دانبەخۆداگرتن و ورەبەرزییەوە توانیمان حکومەتی کوشتار بڕوخێنین، بەڵام ئێستا ئێمە لەدەستپێکی قۆناغێکی نوێداین کە وا دەخوازێت شتەکان روونتر بکەینەوە. بۆیە دوای پرس و راوێژ، بە گرنگمانزانی خەسڵەتەکانی ئەو سەرۆک وەزیرانە نوێیە دیاری بکەین کە جڵەوی دەسەڵات دەگرێتە دەست، لە قۆناغی داهاتوی ڕاگوزەردا بەر لەسازدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت".
لەبەیاننامەکەدا حەوت مەرج دیاریکرا کە پێویستە لە سەرۆک وەزیرانی داهاتوودا هەبێت، لەوانە "دەبێت سەربەخۆ بێت و سەر بەهیچ حزب و رەوتێک نەبێت، خاوەنی زیاد لە رەگەزنامەیەک نەبێت، پێشتر وەزیر، پەرلەمانتار یاخود پارێزگار نەبووبێت. دەستپاک و بوێر بێت، هیچ تێوەنەگلابێت لەکەیسی گەندەڵی، گەنج بێت و تەمەنی لە55 ساڵ تێنەپەڕێت".
لەبارەی مەرجەکانی ترەوە بەیاننامەکە ئاماژەی بەوە کرد "دەبێت بەڵێن بدات خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو کاندید نەکات. پابەند بێت بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی شۆڕشگێرەکان لەگۆڕەپانەکانی مانگرتندا. هەروەها بڕیارەکانی بەتەواوی عیراقی و سەربەخۆ بن و ملکەچی فشاری کوتلە سیاسییەکان و دەستێوەردانی دەرەکی نەبێت".
ئایات مەرسومی، کە یەکێکی تر بوو لەخۆپیشاندەرەکان بە (کەرکوک ناو)ی وت "گەل بەرزترین دەسەڵاتە لە عیراقدا و رێگەنادات سەرۆک وەزیرانێک تێبپەڕێنرێت کە ئەو مەرجانەی تیادا نەبێت"، جەختیشیکردەوە لەسەر بەردەوامبونی خۆپیشاندانەکان تا ئەوکاتەی هەموو مەرجەکانی خۆپیشاندەران جێبەجێدەکرێت.
گەل بەرزترین دەسەڵاتە لە عیراقدا و رێگەنادات سەرۆک وەزیرانێک تێبپەڕێنرێت ئەو مەرجانەی تیانەبێت كە خۆپیشاندەران داوای دەكەن
لەبارەی هەماهەنگی لە نێوان گۆڕەپانە جیاکانی خۆپیشاندان لە پارێزگاکانی عیراقدا، مەرسومی رونیکردەوە کە لیژنەی هەماهەنگییان لەهەموو گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان پێکهێناوە و لەڕێگەیانەوە لەپەیوەندی بەردەوامدان و رێکدەکەون لەسەر ئەو بەیاننامانەی بەناوی خۆپیشاندەرانەوە دەردەکرێت.
هێنانە پێشەوەی دەموچاوە سیاسییە کۆنەکان
بارودۆخەکە وەک خۆی مایەوە، خۆپیشاندەران سوربونی خۆیان نیشاندا لەسەر بەردەوامیدان بەخۆپیشاندانەکان، بەڵام کوتلە سیاسییەکان گوێیان بۆ نەگرتن و چەند کاندیدێکیان هێنایە پێشەوە کە ئاشکرا پێچەوانەی مەرجەکانی خۆپیشاندەران بون، بە تەمەن بون و پێشتر پۆستی حکومییان هەبووە.
"سیاسییەکان دەیانەوێت دەموچاوە کۆنەکان دوبارە بکەنەوە و خەڵکەکە فریو بدەن، خۆپیشاندەرانیش رێگە بەوە نادەن"، مەرسومی وایوت.
چەند ناوێک کاندید کرابون لەوانە محەمەد شیاع سودانی، کە سەرکردەیەکی پێشوی حزبی دەعوە بووە و پشتیوانی کوتلە سیاسییەکانی بەدەستنەهێنابوو، هەروەها قوسەی سوهەیل کە سەرکردەیەکی هەمان ئەو حزبەیە و پۆستی وەزیری هەبووە.
لە 21ی کانونی یەکەمی 2019، عەلی سستانی لە وتاری هەینیدا داوای کرد پەلەبکرێت لەپێکهێنانی حکومەتی نوێدا، بەڵام مەرجی ئەوەی دانا کە حکومەتەکە "جێی مشتومڕ" نەبێت و بتوانێت شکۆی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە و بارودۆخەکە ئارام بکاتەوە. هەروەها هەڵبژاردنی داهاتوو لەکەشێکی دڵنیاکەرەوە و دور لە کاریگەری لاوەکی پارە یاخود چەکی نایاسایی و دەستێوەردانی دەرەکی سازبکرێت".
دوا بەدوای ئەوە و بەهۆی هەڵوێستی مەرجەعییەت و فشاری خۆپیشاندانەکان، لە 25ی کانونی یەکەمی 2019، قوسەی سوهەیل پاشەکشەی کرد لەخۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لەڕێی نوسراوێکەوە کە بەدەست و خەتی خۆی نوسیبوی.
دواتر ناوی پارێزگاری بەسرە ئەسعەد عیدانی هاتە پێشەوە بۆ پۆستی سەرۆکی وەزیرانی داهاتوو، ئەوەش وایکرد بەرهەم سالح لە 26ی کانونی یەکەمی 2019 نامەی دەسلەکارکێشانەوەی خۆی بخاتەبەردەم پەرلەمانی عیراق وەک کاردانەوەیەک دژی ئەو کاندیدکردنە کە کە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە رەتکرابووەوە.
لەنامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەرهەم سالح وتی "لەبەر رۆشنایی ئەو داخوازییانەی کە بزوتنەوەی ناڕەزایی سەپاندویەتی پێویستە بەرژەوەندیی نیشتمانییە باڵاکان پێش هەموو بەرژەوەندییەکی تاکە کەسیی و سیاسی بخرێت".
راشیگەیاند کە ناتوانێت عیدانی رابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، بە ڕەچاوگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییەی لەئەستۆیدایە وەک سەرۆک کۆمار بەرامبەر بە گەلەکەی.
راسپاردنی كاندیدی نوێ لە دەسەڵاتی سەرۆك كۆماردایە، بەهو هۆیەوە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی دەنگدانەوەی بەدوای خۆدیا هێنا. بەڵام دواتر ناوی عیدانیش بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لە لسیتی كاندیدەكاندا نەما و بەرهەم ساڵح بەردەوامبوو لە سەرۆك كۆماری.
وەزیری سەدر سێ کاندید دەخاتە ڕوو، دواتر دەیانکشێنێتەوە
محەمەد عیراقی، وتەبێژی موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لە 26ی کانونی یەکەمی 2019، لە پەیجی خۆی لە تۆڕی فەیسبوک نوسیبوی کە "دوای گەڕان و بنکۆڵی گەیشتمە دەرئەنجامێکی گشتی سەبارەت بە کاندیدی سەرۆک وەزیران کە بەشێوەیەکی گشتی لەلایەن گەلەوە پەسەند بکرێت پاش ئەوەی بەرنامەی خۆی پێشکەش دەکات و ماوە و ئەرکەکەی بۆ دیاری دەکرێت".
محەمەد عیراقی سێ کاندیدی پێشکەش کرد کە بریتی بون لە موستەفا کازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، دادوەر رەحیم عگێلی و پەرلەمانتار فائیق شێخ عەلی کە ناوبانگێکی باشی هەبوو لەنێو خۆپیشاندەراندا و بەشێکیان پێشوازییان لەکاندیدبونی کرد. زیاد لەجارێک راگەیەنرا کە رەزامەندی لەسەر کاندیدەکەیان نیشاندراوە.
بەڵام دواتر محەمەد عیراقی کە لەنێو لایەنگرانی رەوتی سەدر بە وەزیری سەدر ناودەبرا هەر سێ ناوەکەی کشاندەوە بەبیانوی ئەوەی خۆپیشاندەران وەڵامیان نەداوەتەوە، هەروەها داوای کوتلەی سەدر لە پەرلەمان (سائیرون) کرد "نە لەئێستا و نە لە داهاتوو هیچ کاندیدێک پێشکەش نەکەن".
عەلاوی کاندید كرا
ئەم هەڵوێستە زۆر بڕی نەکرد، دوای ئەوەی سەدر لەڕێی کوتلە پەرلەمانییەکەیەوە "سائیرون" (54 پەرلەمانتاری هەیە لەکۆی 329 پارلەمانتار) کاندیدێکی تری پێشکەش کرد کە ئەویش پەرلەمانتار و وەزیری پێشوو محەمەد تۆفیق عەلاوی تەمەن 56 ساڵ بوو.
عەلاوی لە 1ی شوباتی 2020 دا وەک کاندیدی گەورەترین کوتلەی ناو پەرلەمان بەڕەسمی ناوی خرایە بەردەم سەرۆک کۆمارەوە.
سەدر راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەلاوی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بە "رۆژێکی مێژوویی" ناوبرد، لەبەیاننامەیەکدا، جەختیكردەوە "ئەمڕۆ لەمێژووی عیراق ئەوە تۆمار دەکرێت کە گەل خۆی سەرۆک وەزیرانی هەڵبژارد، نەک کوتلە سیاسییەکان، ئەوەش هەنگاوێکی باشە کە لەئایندەدا پتەوتر دەکرێت".
هەزاران خۆپیشاندەر رژانە سەر شەقامەكان لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا و چەند پارێزگایەکی تر، وێنەی محەمەد عەلاویان هەڵگرتبوو کە هێڵی سوریان بەسەردا هێنابوو وەک هێمایەک بۆ رەتکردنەوەیان بۆ کاندیدکردنی بۆ سەرۆکایەتی حکومەت.
خۆپیشاندانەکان لە بەغدا، نەجەف، کەربەلا، بەسرە، زیقار و چەند پارێزگایەکی تر درێژەی پێدرا، بەڵام سەدر ئاماژەی بەوەدا کە عەلاوی بەناوی گەلەوە کاندید کرابوو، پشتگیری کاندیدکردنەکەی کرد لەگەڵ بەشێک لەئەندامانی لیستی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری.
ژمارەیەک لە لایەنگرانی سەدر لەبەغدا، و نەجەف هەوڵیاندا دەستدرێژی بکەنە سەر ئەو خۆپیشاندەرانەی (عەلاوی)یان رەتدەکردەوە. لەگۆڕەپانی تەحریری ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت بەشێک لەلایەنگرانی سەدر کە بە کڵاوشینەکان ناسرابون بەلێدان دەستدرێژییان کردە سەر خۆپیشاندەران و دەریانکرد لەبینای (رێستورانتی تورکی)ی نزیک لەگۆڕەپانەکە کە بەیەکێک لە سیمبولەکانی خۆپیشاندانەکان دادەنرا.
هاوکات لەگۆڕەپانی (سەدرەین)ی ناوەڕاستی نەجەف پێکدادانی توند سەری هەڵدا کە بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لەخۆپیشاندەران بەدەستی کڵاوشینەکانەوە.
سەرباری پاڵپشتیکردنی لەلایەن سەدرەوە، عەلاوی شکستی هێنا لەتێپەڕاندنی کابینەکەی لەپەرلەمانی عیراق، تا دواجار لە 1ی ئاداری 2020 پاشەکشەی کرد لە راسپاردنی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
دوا بەدوای ئەوە، سەرۆکایەتی عیراق لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار وتووێژەکان دەستپێدەکات بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێکی تر لە ماوەی 15 رۆژدا وەک لە دەستوری عیراق ئاماژەی پێکراوە.
لەگۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان چەند هەوڵێک لەئارادایە بۆ کاندیدکردنی کەسایەتییەک بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
لە رۆژی 16ی شوباتی 2020 سەدان خۆپیشاندەر لە نەجەف و ناسریە و بەغدا وێنەی چالاکوانێکی ناڕەزایەتییەکانیان بەرز کردەوە بەناوی (عەلا رکابی) و داوایانکرد بکرێت بە سەرۆک وەزیران. لەلای خۆیەوە رکابی بۆ خۆ کاندیدکردن مەرجی ئەوەی دانا لەگۆڕەپانەکانی خۆپیشاندانەوە ڕەزامەندی تەواوی لەسەر بدرێت.
هاوکات بەشێک لە خۆپیشاندەران وێنەی لیوا (عەبدلوەهاب ساعدی)یان بەرز کردەوە و داویان کرد کاندید بکرێت، بەڵام ساعدی هەڵوێستی خۆی بە بەڵێ یان بە نەخێر ئاشکرا نەکرد.
بەپێی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لەعیراق سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی ڕوبەڕوی خۆپیشاندەرەکان بوەتەوە، ژمارەی کوژراوەکان گەیشتوەتە 650، هاوکات 25 هەزار کەس بریندار بون، پێنج هەزار کەسیش دوچاری کەمئەندامی بون کە ژنیان لەنێودایە.
ئەوەش بەپێی وتەی فاتن حلفی ئەندامی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ کە پێشتر بە (کەرکوک ناو)ی راگەیاندبوو.
لەیەکەم رۆژی خۆپیشاندانەکانەوە، کە پێنج مانگی بەسەردا تێپەڕیوە، تا ئێستا خۆپیشاندەران داوای پێکهێنانی حکومەتێک دەکەن جیاواز بێت لەوانەی پێشتر لەپێناو بەدیهێنانی خەونەکانی گەنجان بۆ ژیانێکی باشتر لە نیشتمانێک جێی هەموانی تێدا ببێتەوە، بەڵام وەک ئیهاب حەسەن دەڵێت، کوتلە سیاسییەکان دەیانەوێت خۆپیشاندەران فریوبدەن و دەموچاوە کۆنەکان بخەنەوە سەر کورسی دەسەڵات.