ژماره‌یه‌ك له دامه‌زرێنراوانی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، داوای ده‌رچونی فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربونیان ده‌كه‌ن كه چه‌ند مانگێكی له به‌غداوه راگیراوه، به‌هۆی ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی دژی پرۆسه‌كه سه‌ریهه‌ڵدا.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 15ی ئادار له به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، ژماره‌یه‌ك له‌و ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگا گردبونه‌وه كه ناوه‌كانیان بۆ دامه‌زراندن گه‌ڕاوه‌ته‌وه و ده‌ستبه‌كارنه‌بون.
عیماد ئه‌حمه‌د، یه‌كێك له به‌شداربوانی ناڕه‌زاییه‌كه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه له هه‌موو پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌ین، به‌بێ واسیته و پاره دامهزرێنراوین، ئێستا ده‌مانه‌وێت ده‌ستبه‌كاربین".
ئه‌و و به‌شداربوانی تری ناڕه‌زاییه‌كه هۆشدارییان دا ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی داواكارییه‌كه‌یان نه‌درێته‌وه و فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربونیان بۆ ده‌رنه‌چێت ئه‌وا له به‌رده‌م په‌روه‌رده‌دا خێوه‌ت بۆ مانگرتن هه‌ڵده‌ده‌ن.
پرۆسه‌ی دامه‌زراندن له‌سه‌ر میلاكی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، له مانگه‌كانی رابردودا ناكۆكی و ئاڵۆزی زۆری له نێوان ده‌رچواندا لێكهوتهوه، به‌هۆی ناڕهزاییهكانهوه چه‌ند لیژنه‌یه‌ك پێكهات و تائێستا رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر پرۆسه‌كه نه‌كراوه.
كه‌مال محه‌مه‌د، یه‌كێكی تره بوو له به‌شداربوانی گردبونه‌وه‌كه، وتی "بۆ نمونه دامه‌زراوانی تكریت چوار مانگه ده‌ستبه‌كاربون و ئێمه‌ش هێشتا فه‌رمانی وزارییمان بۆ ده‌رنه‌كراوه، بۆیه تكایه با ده‌ستی حزب دوربخرێته‌وه.. وایلێهاتووه هه‌ر حزب و نه‌ته‌وه‌یه‌ك داوای پشكی خۆی ده‌كات و له‌و نێوه‌نده‌شدا ئێمه زه‌ره‌رمه‌ند بوین".
ئه‌و لیسته‌ی په‌روه‌رده له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا بڵاویكرده‌وه، به‌وته‌ی ده‌رچوانی كورد و توركمان، دادپه‌روه‌ری تێدا نییه.
بەپێی لیسته‌كه لانیكه‌م سه‌دا 62ی دامەزرێنراوان بەر پێكهاتەی عەرەب كەوتون، زیاتر له سه‌دا 20 بۆ كورد، زیاتر له سه‌دا 17 بۆ توركمان، هەریەكە لە كریستیان و كوردی فەیلیش كەمتر لەسەدا یەكیان به‌ركه‌وتووه.
سەوسەن جەدوع، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌رپه‌رشتیاری له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌دواداچونی ته‌واومان كردووه و هۆكاری دواكەوتنهكه ئه‌وه‌یه مافی كەس نەخورێت، ئێمه لەسەر بنەمای فەرمانی وه‌زاره‌ت كارده‌كه‌ین و پرۆسه‌كه لای ئێمه نییه، به‌ڵكو لای به‌غدایه و چاوه‌ڕێین له‌وێوه یه‌كلاییبكرێته‌وه".
به‌پێی یاسای بودجه‌ی ساڵی رابردودا و به بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، له 27ی ئابی 2019 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی ئه‌لیكترۆنی ده‌ستپێكرد بۆ دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 841 كه‌س له مامۆستا، فه‌رمانبه‌ر، كارگوزار و پله وه‌زیفییه‌كانی تر، تا 15ی ئه‌یلول پرۆسه‌كه به‌رده‌وامی هه‌بوو.
له‌و ماوه‌یه‌دا زیاتر له 84 هه‌زار كه‌س فۆڕمی بۆ دامه‌زراندنه‌كه پڕكرده‌وه، كه سه‌دا 60ی بۆ نێر و سه‌دا 40ی بۆ مێ ته‌رخانكراوه، به‌وته‌ی په‌روه‌رده، پاڵپشت به خاڵ و له‌سه‌ر شه‌ش بنه‌ما دامهزرێنراوان هه‌ڵبژێردراون.