بازاڕی قه‌یسه‌ریی كه‌ركوك، بڕیاره دوو هه‌فته‌ی تر به‌ڕوی هاوڵاتیاندا بكرێته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی كاسبكاران جارێكی دیكه دوكانه‌كانیان رێكده‌خه‌نه‌وه و شمه‌كه‌كانیان داده‌نێنه‌وه.
دوكانه‌كانی بازاڕی قه‌یسه‌ریی، دوێنێ یه‌كشه‌ممه 15ی ئادار له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری كه‌ركوك راده‌ستی خاوه‌نه‌كانیان كرایه‌وه، تا جامخانه دوكانه‌كان دروستبكه‌نه‌وه، پێداویستییه‌كانی تر و شمه‌كی ناو دوكانه‌كان دابنێن و ئاماده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی پێشوازی له كڕیاران بكه‌ن.
ئه‌یاد تاریق، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و دوكاندارانه‌ی كرێی 2018ی دوكانه‌كانیان داوه، یه‌كشه‌ممه دوكانه‌كانیان رادهستكرایهوه تا ئاماده‌ی بكه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كه به روی خه‌ڵكدا".
دوكانداره‌كانی ئه‌و بازاڕه كرێچی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌وارن به ساڵانه‌ی ملیۆنێك و 250 هه‌زار دینار تا ملیۆنێك و 900 هه‌زار دینار.
رێكخستنه‌وه‌ی ته‌واوی دوكانه‌كان دوو هه‌فته‌ی پێویسته تا بازاڕه‌كه ئاماده‌بێت هاوڵاتیان سه‌ردانی بكه‌ن.
حاجی خەتاب، خاوه‌نی دوكانی زه‌ڕه‌نگه‌ر له بازاڕی قه‌یسه‌ری به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوكانه‌كانمان رادهستكرایهوه و پێیانوتین كه كه‌لوپه‌ل زۆر نه‌هێنینه ده‌ره‌وه، تا رێگری له هاتوچۆی خه‌ڵك نه‌كه‌ین و جوانی قهیسهرییهكهش تێكنه‌ده‌ین".
ئه‌و بازاڕه مێژوییه‌ی كه‌ركوك، شه‌وی 26ی تشرینی دووه‌می 2018 گڕیگرت و لانیکه‌م 220 دوکان به ته‌واوی سوتان، هه‌ر ئه‌وکات "له چوارچێوه‌ی ده‌سپێشخه‌رییه‌کی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان"، رێکخراوی تیکای تورکی ئه‌رکی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ و له‌مساڵدا كاره‌كانی كۆتاییهات.
به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌وار ده‌ڵێت رێگه له هیچ زیاده‌ڕۆییه‌ك ناده‌ن له بازاڕه‌كه‌دا و به هه‌موو دوكاندارانیش راگه‌یه‌ندراوه له‌مه‌ودوا پاوكوخاوێنی قه‌یسه‌رییه‌كه رابگرن.
ساڵی رابردوو، له هه‌ر حه‌وت ده‌رگاکه‌ی بازاڕه‌كه‌دا، تابلۆی نوێ دانرایه‌وه به‌ڵام تەنیا بە زمانەكانی عەرەبی و توركی، به‌بێ زمانی کوردی و سریانی، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی به‌شێك له دوكاندارانی لێكهوتهوه و دواتر تابلۆكان گۆڕدران بۆ هه‌ر چوار زمانه‌كه.
مێژوی قه‌یسه‌ریی که‌رکوک بۆ 160 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌رێته‌وه و له‌لایه‌ن عوسمانییه‌کانه‌وه له‌سه‌ر روبه‌روی دوو هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه بنیاتنراوه، ساڵی 1983 بۆ یه‌که‌مجار نۆژه‌نکراوه‌ته‌وه، قه‌یسه‌رییه‌که له 232 دوکان پێکدێت و حه‌وت ده‌رگای هه‌یه.