كەركوك نیگەرانە
"حکومەتی عیراق هاوکار نییە بۆ روبەڕبونەوەی کۆرۆنا"

كەركوك/16ی ئاداری 2020/ كۆنگرەی هاوبەشی رۆژنامەوانی نێوان ژمارەیەك پەرلەمانتار و شانەی قەیران بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا فۆتۆ: سۆران محەمەد

سۆران محەمەد – كەركوك

نوێنەرانی كەركوك و شانەی قەیران بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا، رەخنە لە حكومەتی عیراق دەگرن بەوەی وەك پێویست "هاوكاریی پارێزگاكە ناكات" لەپێناو تەشەنەنەسەندنی ئەو ڤایرۆسە. هەرچەندە دەڵێن دۆخی پارێزگاكە لەژێر كۆنترۆڵدایە.

ئەو هەڵوێستە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات كە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئادار بەڕێوەچوو، تیایدا نوێنەرانی كەركوكی هەردوو پێكهاتەی كورد و توركمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و شانەی قەیران بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا نیگەرانییان بەرامبەر بە حكومەتی ناوەندی دەربڕی.

رێبوار تەها، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لە كۆنگرەكەدا وتی "وەک دەزانین كەركوك یەکەم شار بوو لە عیراق ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا تۆمارکرا، بەڕۆڵی شانەی قەیران بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا لە کەرکوک و کارمەندانی تەندروستی توانرا تاڕادەیەکی باش کۆنترۆڵی ئەو نەخۆشییە بکرێت و رێگەنەدرێت بەشێوەیەکی زۆر بڵاوە بکات، بەڵام بەداخەوە هاوکاریی و هاریکاری حکومەتی ناوەند بۆ کەرکوک وەکو پێویست نییە".

زیاتر وتیشی "دەبێت حکومەتی عیراق بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە بڕوانێتە ئەو مەترسییە کە لە کەرکوک هەیە، بەداخەوە لەم شارە کێشەی کەمی دەمامک هەیە، ئاگادارین ئێستا کارگەکانی وەزارەتی پیشەسازی لە حکومەتی ناوەند دەستیان کردووە بە دروستکردنی، بەڵام دیسانەوە کەرکوک لەمەشدا بێبەشکرا".

دەبێت حکومەتی عیراق بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە بڕوانێتە ئەو مەترسییە کە لە کەرکوک هەیە

ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانیی و پەرلەمانتار، لەكۆنگرەكەدا وتی "زۆر نیگەرانین لە حكومەتی ناوەندیی كە بەرپرسیارێتی تەواوی هەڵنەگرتووە لەئاست گەورەیی و مامەڵەی قەیرانەكە..."، زیاتر وتی "حكومەت بەشێوەیەكی خێرا بودجەی بۆ پارێزگاكە دابیننەكردووە، هەرچەندە وەزیری تەندروستی داوای بودجەی كردووە بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا".

ساڵحی وتیشی "نیگەرانییەكی ترمان ئەوەیە راستەوخۆ دوای تۆماركردنی حاڵەتەكان دەستنەكرا بە داخستنی دەروازە سنورییەكانی نێوان پارێزگاكان و تائێستاش سەردان و هاتوچۆ هەیە و بە تەواوی رێگریی نەكراوە".

نوێنەرانی كەركوك داوایان لە هاوڵاتیان كرد پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن بۆ كۆتاییهێنان بەو پەتایە.

ساڵحی وتی "بڕیارەكانی پارێزگای كەركوك خێرا و باش بون. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە قەیرانەكە كۆتایی هاتووە، ئەگەر بەوردی چاودێری رێكارەكان نەكرێت لە پاككردنەوە و چاودێری زۆر زیاتر دەبێت".

Rebwar.taha
كەركوك/16ی ئاداری 2020/ كۆنگرەی هاوبەشی رۆژنامەوانی نێوان ژمارەیەك پەرلەمانتاران و شانەی قەیران بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا فۆتۆ: سۆران محەمەد

لە كۆتایی مانگی شوباتی رابردوەوە حەوت حاڵەتی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەركوك تۆماركرا و لە ئێستادا تەنیا یەك حاڵەت لە نەخۆشخانەكان ماوەتەوە و شەشەكەی تر تەندروستییان باشە و گەڕێنرانەوە ناو كەسوكارییان.

کەریم وەلی، بەڕێوبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک كە لەو كۆنگرەیە بەشداربوو، وتی "لەئێستادا 16 کەس لە کەرەنتیەدان لە بنکەی تەندروستی کەی وەن، بەڵام یەك حاڵەتێکی هەڵگری فایرۆسی کۆرۆنا لە کەرکوک بوونی هەیە ئەوەش تەندروستی زۆر باشە و چاوەڕێی کۆتا پشکنینی دەکەین تا ئەوەی لە نەخۆشخانە دەربکرێت".

لەئێستادا 16 کەس لە کەرەنتیەدان لە بنکەی تەندروستی کەی وەن، بەڵام یەك حاڵەتێکی هەڵگری فایرۆسی کۆرۆنا لە کەرکوک بوونی هەیە

وتیشی "سێ حاڵەتی گوماناوی هەیە کە ئێستا لە نەخۆشخانەکانی کەرکوکن، ئێمە بەهاوبەشی شانەی قەیران لە کەرکوک بەوردی چاودێری دۆخەکە دەکەین و لە بازگەکەکان پشکنین بە بەردەوامی دەکرێت، بەڵام هێزە ئەمنییەکان پێویستیان بە هاوکاری تەندروستی هەیە، ئێمە شارەکە بێبەری ناکەین لەو ڤایرۆسە بەڵام ئەوەش دەڵێن دۆخەکە لێرە زۆر باشە و لەژێر کۆنترۆڵدایە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT