عه‌دنان زورفی، به پشتگیری زۆرینه‌ی لایه‌نه شیعییه‌كان و به واژۆی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق راسپێردرا وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیران بۆ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 17ی ئادار له كۆشكی سه‌لام له به‌غدا، به‌رهه‌م ساڵح له رێوره‌سمێكدا عه‌دنان زورفی راسپارد، له ماوه‌ی 30 رۆژدا كابینه‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق پێكبهێنێت.
سه‌رۆك كۆمار له مه‌راسیمه‌كه‌دا هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ زورفی خواست، داوایكرد كاربكات بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته و جێبه‌جێكردنی داواكاری هاوڵاتیان و خۆپیشانده‌ران، له‌رێی چاكسازییه‌كانه‌وه، به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی به‌رهه‌م ساڵح.
زورفی دوای گفتوگۆیه‌كی چه‌ند هه‌فته‌یی لایه‌نه شیعییه‌كانی عیراق وه‌ك كاندیدی سه‌رۆكوه‌زیران ده‌ستنیشانكرا، دوای شكستهێنانی عه‌لاوی.
محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، سه‌ره‌تای شوباتی ئه‌مساڵ راسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت له 30 رۆژدا و یه‌كشه‌ممه 1ی ئادار وه‌ك دوای واده‌ی ده‌ستوری نه‌یتوانی متمانه بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی وه‌ربگرێت له‌رێی په‌رله‌مانه‌وه.
عه‌دنان زورفی، ساڵی 1966 له شاری كوفه له‌دایكبووه، له ساڵی 2003دا گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ عیراق، له 2004-2005 پارێزگاری نه‌جه‌ف بووه، ساڵانێكی زۆر له حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی كاریكردووه و دواتر وازیهێناوه.
له هه‌ڵبژاردنی 2009ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا به كوتله‌ی ئیئتلافی وه‌فا به‌شداربووه و جارێكی‌تر بۆته‌وه پارێزگاری نه‌جه‌ف، تا 2014دا له‌و پۆسته‌دا ماوه‌ته‌وه و پاشان له 2018دا بووه به ئه‌ندامی په‌رله‌مان، تا راسپاردنی بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران.
چاوه‌ڕوانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ له كاتێكدایه، چه‌ند مانگێكه عیراق له بۆشایی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندایه و عادل عه‌بدولمه‌هدی، ره‌تیكرده‌وه له‌و پۆسته‌دا به‌رده‌وامبێت.
حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری ئێستای عیراق، كۆتایی 2019 ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی راگه‌یاند، دوای پێداگری زۆری خۆپیشانده‌رانی ناڕازی له به‌غدا و چه‌ند شارێكی تر.
خۆپیشاندانه‌كانی عیراق له مانگی 10ی 2019وه به‌رده‌وامی هه‌یه، كه سه‌ره‌تا بۆ داواكاری خزمه‌تگوزاری ده‌ستپێكرد و گۆڕا بۆ هه‌وڵی گۆڕینی حكومه‌ت و سیته‌می حوكمڕانی، له‌و ماوه‌یه‌شدا زیاتر له 600 خۆپیشانده‌ر به‌هۆی بارگرژییهكانهوه كوژراون و هه‌زارانی دیكه‌ش له خه‌ڵك و هێزه ئه‌منییه‌كان برینداربون.